Smiley face
Smiley face
Smiley face

"هەمواری یاسای باری کەسێتی پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانە"

2017-11-15 08:54:05



ڕۆژنیوز - ئاشتى ئه‌حمه‌د

 

ژمارەیەک لە ژنانی  شارۆچکەی چه‌مچه‌ماڵ هەمواری یاسای بارى کەسێتی عێراق ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ و داوای ڕاگرتنی دەکەن، تویژەرێکی کۆمەڵایەتی-ش دەڵێت:"ئەم هەموارکردنەوەیە ئه‌مه‌ پێشێلکاریى مافه‌کانى منداڵانه‌".

 

هەوڵدان بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى بارى که‌سێتى عێراق کاردانه‌وه‌ى نێوخۆیى و نێوده‌وڵه‌تى لێکه‌وتووەته‌وه‌، که‌  هەموارەکە ڕێگه‌ به‌کچانى ته‌مه‌نى نۆ ساڵان ده‌دات، پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیریى ئه‌نجامبده‌ن.

 

چرۆ مه‌سعود، چالاکوانى بوارى ژنان بە رۆژنیوزی وت:"هه‌موارى ئه‌و یاسایه‌ دژی  بنه‌ما جیهانییه‌کانى مافى مرۆڤە و ڕێگه‌دان به‌جێبه‌جێکردنى ئه‌و یاسایه‌ ده‌بێتەهۆى دروستبوونى کۆمه‌ڵگه‌یه‌کى ناته‌ندروست و شێواو".

 

چرۆ مه‌سعود

 

چرۆ مەسعود، وتیشی:"داوا له‌ کۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى و ڕێکخراوه‌کان ده‌که‌م بێنەسەر هێڵ و دژى ئه‌و یاسایه‌ بوه‌ستنه‌وه‌".

 

ئاشتى شاسوار، ڕۆژنامه‌نوس بۆ ڕۆژنیوز وتى:"جێگه‌ى تێڕامانه‌ ده‌رکردنى یاسایه‌کى له‌و شێوه‌یه‌، چونکه‌ له‌گه‌ڵ عه‌قڵ یه‌ک ناگرێته‌وه‌".

 

ئاشتى شاسوار

 

هەروەها، بێستون ڕه‌حیم، توێژهر‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى بۆ ڕۆژنیوز وتى:"له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ زۆر ناعه‌قلانییه‌، چونکه‌ یاسایه‌که‌ توێژى منداڵ ده‌گرێته‌وه‌ و به‌گوێره‌ى جاڕنامه‌ى جیهانى بۆ مافه‌کانى مرۆڤ، له‌ خوار ته‌مه‌نى ١٨ ساڵ به‌منداڵ هه‌ژمارده‌کرێت، بۆیه‌ ئه‌مه‌ پێشێلکاریى مافه‌کانى منداڵانه‌".

 

بێستون ڕه‌حیم

 

بێستون، ئاماژه‌ى به‌ لایه‌نى ده‌رونى و کۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و توێژه‌ کرد و وتى:"له‌ڕووى جه‌سته‌ و ئه‌قڵییه‌وه‌ پێنه‌گه‌یشتووه‌، و له‌کاتى ئه‌م هاوسه‌رگیرییه‌ پێشوه‌خته‌، توشى ڕاڕایى و شڵه‌ژان ده‌بێت و به‌هۆى لێکتێنه‌گه‌شتن له‌ نێوانیان، گرفت دروست ده‌بێت و سه‌رئه‌نجام دەگەنە جیابوونه‌وه‌ و کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى".

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin