Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانی باشوری کوردستان وەک پێویست گرنگیی بە ڕۆژەکانیان نادەن

2017-11-14 12:26:08



ڕۆژنیوز - مارى به‌کر

 

بەشێکی زۆری ژنانى باشوری کوردستان زانیارییان نییه‌ له‌ باره‌ى ئه‌و ڕۆژانه‌ى تایبه‌تن به‌ خۆیان و ژنێک-یش ده‌ڵێت:"له ‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌ژین زۆربه‌ى شته‌کان له‌ ژنان قۆرغکراون، هه‌میشه‌ ڕێگریى هه‌یه‌ بۆیه‌ ناتوانین گرنگى بده‌ین به‌ ڕۆژه‌ تایبه‌ته‌کانى خۆمان".

 

له‌ جیهاندا چه‌ند ڕۆژێک به‌ فه‌رمى تایبه‌تکراون بۆ ژنان و تیایدا چالاکى جۆربه‌جۆر به‌ڕێوه‌ده‌چێت له‌لایه‌ن ژنانى ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى، به‌ڵام ژنانى باشوری کوردستان وه‌ک پێویست هۆشیارییان نییه‌ له‌ باره‌ى ئه‌م ڕۆژانه‌وه‌  و له‌ میانى لێدوانیان بۆ ڕۆژنیوز، چه‌ند ژنێک ئه‌مه‌یان پشتڕاستکرده‌وه‌.

 

ئیڤان زیاد، ژنێکی دانیشتووی شاری سلێمانییە و وتى:"ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم چه‌ند ڕۆژێک دیاریکراوه‌ بۆژنان، چونکه‌ ژیانى ئێمه‌ ئاڵۆزه‌ وڵاتێکى پڕکێشه‌مان هه‌یه‌ و له‌کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ده‌ژین به‌رده‌وام توندوتیژیى له‌سه‌ر  ژنان هه‌یه‌، سه‌رکوتکراوین زۆربه‌ى شته‌کان له‌ ژنان قۆرغکراون و هه‌میشه‌ ڕێگریى هه‌یه‌ بۆیه‌ ناتوانین گرنگى بده‌ین به‌ ڕۆژه‌ تایبه‌ته‌کانى خۆمان".

 

ئیڤان زیاد

 

ئیڤان وتیشى: ئه‌گه‌رچى خۆم هه‌نگاوم نه‌ناوه‌، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌موو ژنان هه‌وڵبده‌ین کۆمەڵگەیەکی نوێ  و نمونه‌یى دروستبکه‌ین، بڵین به‌سه‌ دژایه‌تیکردنى ژن، پێشێلکردنى ماف و ئازادییه‌کانمان.

 

خێڵان خه‌لیل، ده‌رچوییه‌کى زانکۆیه‌ و پێى وایه‌ زۆرینه‌ى ژنان ئاگادارى ڕۆژه‌تایبه‌ته‌کانى خۆیان نین و هیچ زانیارییه‌کیان له‌باره‌یه‌وه‌نییه‌، وتیشی: من تاڕاده‌یه‌ک ئاگادارم، به‌ڵام به‌هۆى که‌مته‌رخه‌میان ژنان به‌گشتى زانیارییان نییه‌، که‌ ئه‌مه‌ پێویستییه‌که‌ بۆ هه‌موو ژنێک له‌ باره‌ى شته‌ تایبه‌ته‌کانى خۆمانه‌وه‌ زانیاریمان هه‌بێت و به‌ هه‌وڵدان و خۆماندوکردن ده‌توانین به‌ده‌ستى بێنین.

 

خێڵان خه‌لیل

 

هانا غه‌ریب،  ژنێکی دیکەی شاری سلێمانی-یە و وتى:" ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم چه‌ند ڕۆژێک هه‌ن وه‌ک 25 ى نۆڤه‌مبه‌ر و 8 ى مارس، که‌ بۆ ژن تایبه‌تکراون،  هه‌ندێک که‌س  یادى ده‌که‌ن و هه‌ندێکیش گوێى پێناده‌ن و هیچی تر نازانم".

 

هانا غه‌ریب

 

سەبارەت بە هۆکاری نەبوونی زانیاریی لەسەر ئەو ڕۆژانە، هانا، وتی:" ڕاسته‌ خۆم که‌مته‌رخه‌مبووم، به‌ڵام  هۆکارى سه‌ره‌کى کۆمه‌ڵگه‌یه‌، که‌ ڕێگه‌ى به‌ ژن نه‌داوه‌ وه‌ک پێویست هه‌وڵ بۆخۆى بدات، ژیان و گوزه‌رانیش یه‌کێکى تره‌ له‌ هۆکارەکان".

 

له‌باره‌ى ڕۆڵى ڕێکخراوه‌کان بۆ هۆشیارکردنه‌وه‌ى ژنان له‌ باره‌ى پرس و مافه‌تایبه‌تییه‌کانى خۆیان، داستان مه‌عروف، ئه‌ندامى ڕێکخراوى ژنانى کوردستان به‌ ڕۆژنیوزى وت: ناتوانین بڵێن کاریان نه‌کردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى بوونه‌ته‌ هۆى که‌رتبوون و په‌رته‌وازه‌کردنیان هێنده‌ ژنیان هۆشیارنه‌کردووەته‌وه‌ و ڕێکیان نه‌خستون.

 

داستان مه‌عروف

 

داستان، وتیشی: ڕێکخراوەکان زۆرکات ئه‌جنداى پیاویان جێبه‌جێکردووه،‌ به‌وپێیه‌ى زۆربه‌ى ڕێکخراوه‌کانى ژنان پاشکۆى حزبه‌کانن و ژنیان به‌سه‌رحزبه‌کاندا که‌رتکردووه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ ژن به‌ڕێکخستن بکه‌ن و هۆشیاریان بده‌نێ‌ له‌باره‌ى مافه‌کانیان.

 

داستان مەعروف، وتیشی: هه‌ندێک جار که‌مته‌رخه‌مى له‌لایه‌ن ژنانیشه‌وه‌ هه‌یه،‌ که‌ به‌هۆى بارى سه‌ختى ژیان و ئه‌و توندوتیژییانه‌ى له‌به‌رامبه‌ریان ده‌کرێت، بیر له‌وه‌ناکه‌نه‌وه‌ شته ‌تایبه‌ته‌کانى خۆیان بزانن.

 

 

ش.ف

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin