Smiley face
Smiley face
Smiley face

کاروانی یەکەمی نەوتی سپی لەلایەن عێراقەوە گەیەندرایە هەرێم

2017-11-14 11:59:24



ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد

 

کاروانی یەکەمی نەوتی سپی لەلایەن عێراقەوە هێنرایە هەرێمی کوردستان و سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لەو ماڵانەوە دەست بە دابەشکردنی دەکەین کە ساڵی ڕابردوو وەریان نەگرتووە.

 

شەوی ڕابردوو، حکومەتی عێراقی یەکەم کاروانی نەوتی سپی گەیاندە هەرێمی کوردستان، غالب محەمەد، سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕی ئەو نەوتە و چۆنیەتی دابەشکردنەکەی دەخاتەڕوو.

 

غالب محەمەد، بە ڕۆژنیوزی وت:"٣٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە هێنراوەتە هەرێمی کوردستان، پێدەچێت کە ١٥ ملیۆن لیتری بۆ سلێمانی بێت، ئەمەش ڕۆژانە بەردەوام دەبێت، وە کۆیان دەکەینەوە، ئەگەر نەوتەکە لە ملیۆنێک لیتر کەمتر بێت، ئەوا ناتوانین دابەشی بکەین و دەوستین تا وەجبەی داهاتوو لە ٣٠ ملیۆن لیترەکە دەگات".

 

 

غالب، وتیشی:"ساڵی ڕابردوو ٢٥ ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکرا و ڕێژەیەک لە هاوڵاتیان نەوتیان وەرگرت، بەڵام دواتر نەوتمان نەما کە دابەشی بکەین، بۆیە ئەم جارە نەوتەکە لەو ماڵانەوە دەستپێدەکەینەوە کە نەوتمان پێیان نەدابوو، چونکە پار نەوتمان کەم بوو کە نەمانتوانی بەسەر هەموو پارێزگای سلێمانیدا دابەشی بکەین".

 

ئاماژەی بەوەشدا:"بە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان ٤٨٢ هەزار ماڵە، بۆیە هەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی پێبدەین پێویستمان بە ١٠٦ ملیۆن لیتر هەیە، ئەم ڕێژەیەش کە نێردراوە بەش ناکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەر باشە چونکە دەتوانێ نرخی نەوت لە بازاڕدا دابەزێنێت".

 

سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕاشیگەیاند:"لە هەوڵ و گفتوگۆشدا دەبین لەگەڵ عێراق تاوەکو جاریتر نەوت بنێرێتەوە، چاوەڕێش دەکرێت کە وەجبەی دیکە نەوت بێتەوە".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin