Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنان هەمواری یاساى بارى که‌سێتى عێراق ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌

2017-11-13 13:24:43



ڕۆژنیوز- مارى به‌کر

 

چالاکوانانى بوارى مافه‌کانى ژنان هەمواری یاساى نوێى بارى که‌ستێتى ڕه‌تده‌که‌نه‌وه‌ و ئه‌ندامى ڕێکخراوێک-یش ده‌ڵێت:"هاوسه‌رگیریى له‌ته‌مه‌نى که‌مدا له‌ ڕوى فیزیکییه‌وه‌ ڕێگه‌ى پێنه‌دراوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و کۆمه‌ڵگایه‌ى که‌ عه‌قلییه‌تى پیاو و ئاین تیایدا زاڵه‌ هه‌وڵى ده‌رکردنى ئه‌م یاسا نابه‌جێیانه‌ ده‌ده‌ن".

 

هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساى بارى که‌سێتى عێراقى کاردانه‌وه‌ى جۆراوجۆرى له‌لایه‌ن ژنان و ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى دروستکردووه‌ و ژمارەیەک لە ژنانی چالاکوان و ئەندامی ڕێکخراوەکان-یش لەم ڕاپۆرتەی ڕۆژنیوز-دا بۆچوونی خۆیان لەوبارەیەوە دەخەنەڕوو.

 

شنۆ عه‌بدوڵا، ئه‌ندامى سکرتارییه‌تى خوشکانى کۆمەڵی ئیسلامى، وتى: ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ دووباره‌ ژنان ده‌کاته‌وه‌ قوربانىی، ڕێگه‌ به‌ شوکردنى کچێک له ‌ته‌مه‌نى نۆ ساڵیدا ده‌دات، که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک تواناى به‌ڕێوه‌بردنى ماڵى نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ى ڕێژه‌ى نه‌خوێنده‌وارى زیاتر ده‌بێت، بۆیە ناڕه‌زایه‌تى لەبەرامبەر به‌ ئەو پرۆژەیەدا دەردەبڕین.

 

شنۆ عه‌بدوڵا

 

دایکى په‌رچه‌م، پێى وایه‌ ده‌رکردنى جۆره‌ یاسایه‌ک، که‌ ڕێگه‌ به‌ هاوسه‌رگیریى کچان بدات له‌ته‌مه‌نێکى که‌مه‌وه‌ دەبێتەهۆی به‌رهه‌مهێنانى خێزانێکى نوێى ناته‌ندروست، بۆیە ده‌بێت هه‌موولایه‌ک هه‌مه‌هانه‌گى بکه‌ن بۆ ڕێگرییکردن له‌م یاسایه‌.

 

دایکى په‌رچه‌م

 

هەروەها، ژینۆ ڕه‌شید، ئه‌ندامى ڕێکخراوى ژنانى ئازادی کوردستان(ڕژاک)، وتى:"ده‌رکردنى جۆره‌ پرۆژه‌یاسایه‌کى وه‌ها به‌ته‌واوى دژى مافه‌ بنه‌ره‌تییه‌کانى مرۆڤه‌، چونکه‌ هاوسه‌رگیریى له‌ته‌مه‌نى که‌مدا له‌ ڕووى فیزیکییه‌وه‌ رێگه‌ى پێنه‌دراوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و کۆمه‌ڵگایه‌ى که‌ عه‌قلییه‌تى پیاو و ئاین تیایدا زاڵه‌ هه‌وڵى ده‌رکردنى ئه‌م یاسا نابه‌جێیانه‌ ده‌ده‌ن".

 

ژینۆ ڕه‌شید

 

کوێستان محه‌مه‌د، چالاکوانێکی دیکەیە و وتى: ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ دژى سه‌رجه‌م مافه‌کانى مرۆڤ و پێچه‌وانه‌ى یاساى ژماره‌ 8ى ساڵى 2011 توندوتیژیى خێزانى هه‌رێمى کوردستانه‌، که‌ تیایدا به‌شودانى منداڵ-ی به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌کردووه‌، بۆیە پێویسته‌ سه‌رجه‌م ژنان و ڕێکخراوه‌کان به‌ده‌نگ بێین بۆئه‌وه‌ى ڕێگه‌ له‌ تێپه‌راندنى ئه‌م یاسایه‌ بده‌ین له‌ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

 

کوێستان محه‌مه‌د

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئەنجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق به‌ هه‌وڵى چه‌ند هێزێکى ئیسلامى بڕیارى هه‌موارکردنه‌وه‌ى یاساکانى بارى که‌سێتى دا و  خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسا هەموارکراوەکە کرا، هەندیک لە بڕگەکانی بەشیکی زۆری پەرلەمانتارانی توڕە کرد و کۆبونەوەکەیان جێھێشت.

 

بەپێی هەموارەکە، تەمەنی بەشودانی کچان لە ١٨ ساڵییەوە کەمکراوەتەوە بۆ ٩ ساڵ و ژنان لە میراتی هاوسەرەکانیان بێبەشکراون.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin