ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
لەدوایی دروستبوونی ئاڵۆزییەکانی ناو بینای پەرلەمان، و دەست لەکارکێشانەوەی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی داوا له گۆڕان دهکات گهڕانهوهی یوسف محهمهد بۆ ههولێر دوا بخات.
بە پێی بڵاوکراوەیەکی هەفتەنامەی ئاژانس، کە ئەمڕۆ بڵاوی کردووەتەوە باس لەوەکراوە: نێچیرڤان بارزانی داوای لە ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کردووە کە تاوەکو ئاڵۆزییەکان ئەمێنێت سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم د. یوسف محەمەد نەگەڕێتەوە هەولێر.
باسی لەوەشکردووە: داواشی کردووە، عومەری سەید عەلی هاوکار بێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و نیگەرانیی خۆی لەسەر ڕووداوەکان دەربڕیوە، گفتوگۆشیان لە بارەی دۆخی پەرلەمان کردووە و بەڵێنی داوە کێشەکان چارەسەر بکات و، داوای کردووە جارێ تا دۆخەکە هێور دەبێتەوە یوسف محەمەد نەگەڕێتەوە بۆ هەولێر.
ئەوەش خراوەتەڕوو:هۆکاری ئەو پەیوەندییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەوە دەگهڕێتەوە، کە دوای دەستلەکارکێشانەوەی مەسعود بارزانی دۆخێکی ئاڵۆز لە هەولێر درووست بووە و ناکۆکیی لەناو خودی پارتیدا درووست کردووە، بۆیە پێی باش نەبووە لە ئێستادا یوسف محەمەد بگەڕێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، کە جڤاتی نیشتیمانیی گۆڕان سەرۆکی پەرلەمانی سەرپشککردووە بۆ گەڕانەوە، بەڵام ئەو داوای گرەنتی کردووە کە لە باری گەڕانەوەی و کارکردنیدا پشێوی و کێشەی هاوشێوەی شەوی ٢٩/١٠ پەرلهمان ڕوو نەداتەوە.
س.ح