Smiley face
Smiley face
Smiley face

چالاكوانێک: گەل دەتوانێت ئەم شکستە بقۆزێتەوە بۆ سزادانی دەسەڵاتداران

2017-10-24 11:36:35



ڕۆژنیوز – جیهاد هەورامی

 

چالاكوانێكی شاری هەڵەبجە دەڵێت، دەبوو مەسعود بارزانی شكستی لەدەستدانی ناوچە دابڕێنراوەکانی بخستایەتە ئەستۆی خۆی، چالاکوانیکی دیکەش پێیوایە:"گەل دەتوانێت ئەم شکستە بقۆزێتەوە بۆ سزادانی دەسەڵاتداران".

 

لە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگەوە، چەکدارانی حەشدی شەعبی هێزە عیراقییەکان هێرشیان کردە سەر شاری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان، بەهۆی کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگەش، لەماوەی دوو ڕۆژدا، سەرجەم ناوچە دابڕنراوەکان کەوتە دەست هێزە عێراقییەکان.

 

سەربەست محەمەد، چالاکوانێک لە شاری هەڵەبجە، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"ئەوەی لە ١٦ی ئۆكتۆبەر ڕوویدا، شكستی سەركردایەتی سیاسیی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە بوو، بەهۆی نەبوونی عەقڵییەتێكی ستراتیژی، سیاسیی و نەتەوەیی، هەبوونی بیری تەسكی حزبی و خۆدەوڵەمەند كردن لەسەر داهات و سامانی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەم پارچەیەی كوردستان، بەتایبەت گەورەكردنی حزب و بچوك كردنەوەی نەتەوە، بەرگەی ئەو هێرش و پەلامارەی دەوڵەتانی ئیقلیمی و داگیركەری كوردستان ناگیرا".

 

 

سەربەست، وتیشی:"پێشتر بە گردبوونەوە و بڵاوكردنەوەی بەیاننامەكانمان، زۆر هۆشداریمان دایە سەركردایەتی سیاسی كورد و ئەو حزبە باڵادەستانەی كە جڵەوی دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، تاوەكو لەخەمی نەتەوە و نیشتیمانەكەیان بن، ئەویش تەنها لە ڕێگەی بەدامەزراوەیی كردنی سەرجەم دامودەزگاكان و دوورخستنەوەی دەستی حزب لێوەیان و پێدانی دەسەڵاتی ڕەها بەو دامەزراوانە بەتایبەت پەرلەمان".

 

سەربەست محەمەد، جەختی لەوەشکردەوە، کە دەبوو خودی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق، ئەم شكستە بخستایەتە ئەستۆی خۆی، هەڵوێستێكی ڕوون و جددی هەبوایە بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەك بۆ چارەسەری ئەم گرفتە.

 

چالاكوانێكی تری هەڵەبجە بەناوی كاروان حەسەن، بە ڕۆژنیوزی وت:"هەر لەسەرەتاوە هزری سیاسی لە باشوری كوردستان ئامادەیی نەبووە، هیچ كاتێك خاوەنی بەرپرسیاریەتی نەبووە، بۆیە هەمیشە چاوەڕوانی هەر ڕووداوێكی نەخوازراومان كردووەم، بەتایبە لەماوەی ئەم چارەكە سەدەیە، بە بەردەوامی لەناو ئاژاوەی سیاسی بێ‌ سیستەمیی داین، ئەوەی هەبووە تەنها بازرگانی كردن بووە بەناوی سیاسەتەوە، سەرجەم پەیوەندی سەركردایەتی سیاسی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دیكەش، لەسەر بنەمای بازرگانی كردن بووە".

 

 

كاروان، وتیشی:"لەدوای ڕاپەڕینەكەی بەهاری ساڵی ١٩٩١، یەكێتی و پارتی هەمیشە گەلەكەیان لەشكستێكەوە داوەتە دەست شكستێكی تر، ئێستاش كە ڕووبەڕووی ئەم شكستە گەورەیە بوونەتەوە، كە خودی ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ هاتنی عێراق بۆ ناوچە دابڕێنراوەکان كردووە، بۆ لێپرسینەوە لەو بێ‌ سەرووبەرییەی كە چارەكە سەدەیەكە ئەم دوو باندە بازرگانییە خولقاندوویانە".

 

ئەو چالاکوانە، دەشڵیت:"ئەم شكستە گەوەرەیەی كە ڕوویداوە، گەل دەتوانێت بیقۆزێتەوە بۆ سزادانی ئەو دوو باندە بازرگانییە و لە دەسەڵات وەلایان بنێن، خەڵكانێكی بە ئەزموون و خاوەن فكر و نیشتمان پەروەر بێننە سەر دەسەڵات،  حكومەتێكی ڕزگاری نیشتیمانیی ڕابگەیەنن و بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ بۆ تەواوی هاوڵاتیان بچەسپێنن، بەڵام هەتاوەكو ئەم دەمووچاوانە لەسەر حوكم بن و ئیدارەی ئەم هەرێمە بكەن، ئەوا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ، توشی شكستی زیاتر و گەورەتر دەبین".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin