Smiley face
Smiley face
Smiley face

پاژک: نابێت سیاسەت بە ئاسایش و تەندروستیی ئۆجالانەوە بکرێت

2017-10-23 15:43:22



ڕۆژنیوز - ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان

 

پاژک، ڕایدەگەیەنێت:"ئاسایش و ته‌ندروستیى ڕێبه‌رى ئێمه‌ عه‌بدوڵا ئۆجالان بابه‌تێکى ستراتیژییه‌ و نابێت سیاسه‌تى پێوه‌ بکرێت".

 

ئه‌مڕۆ کوردیناسیۆنی پارتى ئازادیى ژنانى کورد (پاژک) ڕاگه‌یه‌ندراوێکى بڵاوکرده‌وه‌، سەبارەت بە ئەو هەواڵە مەترسیدارانەی، کە هەفتەی ڕابردوو لەسەر ڕه‌وشى ته‌ندروستى عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌رى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە)، لە میدیاکانی تورکیا بڵاوبوونەوە.

 

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا هاتووه‌:"له‌ ١٥ی نیسانی ٢٠١٥ه‌وه‌ چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌رى ئێمه‌ قه‌ده‌غه‌کراوه‌ له‌کاتێکدا بینینى مافێکى یاساییە، ئەوە ماوه‌یه‌کیشه‌ ڕه‌وشى ژیان و ته‌ندروستى نازاندرێت و داواده‌که‌ین له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌ شێوه‌یه‌کى فه‌رمى ته‌ڤگه‌رەکەمان ‌ له‌ باره‌ى دۆخى ئۆجه‌لان ئاگاداربکه‌نه‌وه‌".

 

پاژک، لە ڕاگەیەندراوەکەیدا دەشڵێت، کە ده‌وڵه‌تى تورک و سه‌رانى ئیمراڵى و کۆمه‌ڵگه‌ى نێودەوڵەتی و سی پی تی، به‌ به‌رپرسیار ده‌زانن له‌به‌رامبه‌ر دۆخى خراپى ئۆجالان و  ڕاشیدەگەیەنێت:"ئاسایش و ته‌ندروستى ڕێبه‌رى ئێمه‌ عه‌بدوڵا ئۆجالان بابه‌تێکى ستراتیژییه‌ و نابێت سیاسه‌تى پێوه‌ بکرێت".

 

له‌ به‌شێکى ترى ڕاگەیەندراوەکەیدا پاژک، وێڕاى شه‌رمه‌زارکردنى سیاسه‌تى سه‌رانى تورکیا و ئه‌مریکا له‌ به‌رامبه‌ر ئۆجالاندا داوا له‌ باڵیۆزی ئه‌مریکا له‌ تورکیا دەکات، کە به‌ فه‌رمى له‌سه‌ر لێدوانێکیان که‌ بێڕێزییکردن بووه‌ بۆ ئۆجا‌لان داواى لێبوردن له‌ گه‌لى کوردبکه‌ن.

 

له‌ ڕۆژی ٩ی ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ١٩٩٨، گه‌له‌کۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ ده‌ستگیرکردنی عه‌بدوڵا ئۆجالان، ڕێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان(په‌که‌که)‌ ده‌ستیپێکرد، دواتر له‌ ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩دا، ئۆجالان له‌ شاری نایرۆبی پایته‌ختی وڵاتی کینا ڕفێنرا و ڕادەستی دەوڵەتی تورک کرا و خرایە زیندانی ئیمراڵی-یەوە.

 

لە ٥/نیسان/ ٢٠١٥-شەوە دەوڵەتی تورک گۆشەگیریی خستووتە سەر ئۆجالان و لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار و لە ١١/٩/٢٠١٦ محەمەد ئۆجالان-ی برای سەردانی ئیمراڵی کردووە و چاوی پێیکەوتووە، لە دوای ئەو سەردانەشەوە هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر رەوشی عەبدوڵا ئۆجالان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نییە و هیچ پەیامێکی ئۆجالان نەگەشتووەتە دەرەوەی زیندان.

 

 

ش.ف

 

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin