Smiley face
Smiley face
Smiley face

"دەبێت ژنان دووبارە كار بۆ زیندووكردنەوەی كلتوری كوردیی بكەن"

2017-10-23 11:05:25



ڕۆژنیوز – هاوكار مستەفا

 

بەشێك لە ژنانی هەڵەبجە پێیانوایە، ژنان لەم قۆناغەدا كەمتر پشت بە كاری دەستی خۆیان دەبەستن و کەرەستە فۆلكلۆرییەكانیان پشتگوێ‌ خستووە، ژنێكی بەتەمەنی شارەزووریش دەڵێت:"دەبێت ژنان دووبارە كار بۆ زیندووكردنەوەی كلتوری كوردی بكەن".

 

بەهۆی گۆڕانكارییەكان لە شێوازی ژیان، پێشكەوتنی تەكنەلۆژییا و كاریگەری وڵاتانی بیانی، تا ڕادەیەك هاوڵاتیان لە هەرێمی كوردستان بە گشتیی دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی كەرەستەی خۆماڵی.

 

ڕەنگین مارف، ژنانێکی دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە، بە ڕۆژنیوزی وت:"لە ڕابردوودا ژنان ڕۆڵێكی بەرچاویان هەبووە لە كارە دەستییە فۆلكلۆرییەكاندا، كاتێك ئێمە جاجم، مەوج، كۆڵوانە، كڵاوزەڕ و كۆمەڵێك كاڵای كەلەپووری تر دەبینین لە بۆنە و ئاهەنگە تایبەتییەكاندا بەكاردێن، ئەوە ئێمە نیین دروستمان كردبێت، بەڵكوو لە دێرزەمانەوە هەبوون هەر درێژەپێدەری ئەو كارەی ژنانی پێش ئێمەیە و گرنگیشە نەهێڵین لەناوبچن".

 

(ڕەنگین مارف)

نگین سدیق، ژنێکی دانیشتووی ناوچەی هەورامان، لەبارەی ڕۆڵی ژنان لە ئێستا و ڕابردوودا، لەبواری دروستكردنی بەرهەمە خۆماڵییەكاندا، بە ڕۆژنیوزی وت:  ژنان لەڕابردوودا ئەركێكی زۆریان لەسەر شان بووە، وەك بەخێوكردنی منداڵ و كاری كشتوكاڵكردن و ئاژەڵداری و كۆمەڵێك کاری دیکە، بەڵام توانیویشیانە جێگە دەستیان دیاربێت و كۆمەڵێك كاری جوان بكەن، دەبینین ئێستا ژنان ئاسانكاری زۆریشییان بۆكراوە، بەڵام وەك پێویست بەرهەمییان نییە".

 

(نگین سدیق)

نگین، بەپێویستیشی دەزانێت، کە ژنان بۆ خۆیان هەوڵبدەن و پەرە بە تواناكانی خۆیان بدەن، ئەوەش بە گەڕان بەدوای زانیارییدا و سوود وەرگرتن لە ئەزموونی ژنانی بەتەمەن و خاوەن بەهرە، كاتەكانیان بەفیڕۆ نەدەن بەو بابەتانەوە كە وەك پێویست سودییان پێناگەیەنێت.

 

كافییە حەمەڕەزا، ژنێكی بەتەمەنی دانیشتووی ناوچەی شارەزوورە، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"ژنانی سەردەمی ئێمە زیاتر جلوبەرگی كوردەواریمان بەكاردەهێنا، وەك  كۆڵەپشت، كۆڵەوانە، كەوا، سەڵتە، كڵاوزەڕ و كۆمەڵێكی تر لە جلوبەرگی كوردەواری، تا ئێستاش ئەو ژنانەی كە لە تەمەنی مندان، شێوازی جلوبەرگی خۆمان نەگۆڕیوە و بەردەوامین لە پۆشینی".

 

(كافییە حەمەڕەزا)

كافییە، باس لە ژیانی ڕابردوو و ئێستای خۆیان دەکات و دەڵێت:"ژیانمان لە ڕابردوودا زۆر ناڕەحەتی تیادا بوو، هەر لە ئاژەڵداری، بەخێوكردنی منداڵ، كشتوكاڵكردن و هاوكاریكردنی پیاوان لە ئیش و كارەكانی ڕۆژانەدا، هەروەها جلوبەرگ و خۆراكی ڕۆژانەشمان دابین دەكرد و پشتمان بە خۆمان دەبەست، بەڵام ئێستا ژنان لەگەڵ ئەوەی لە ژیانێكی خۆشتردان و بەرهەمی دەستییان كەمە و دووریش كەوتوونەتەوە لە پۆشینی جلی كوردی و دروستكردنی بەرهەمە خۆماڵییەكان، بۆیە دەبێت ژنان دووبارە كار بۆ زیندوو كردنەوەی كەلتوری كوردی بكەن".

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin