Smiley face
Smiley face
Smiley face

بەشداربوویەکی فیستیڤاڵی گەلاوێژ: هەموو چالاکییەکی هونەریی لە واتا بەتاڵ بووەتەوە

2017-10-23 10:21:47



ڕۆژنیوز - سلێمانی

 

حەمە قادر، وەرگێڕ و فیلمسازی کورد وتارێکی خۆی لە بەشی پێشبرکێی فیستیڤاڵی گەلاوێژ هێنایە دەرەوە، چونکە پێی وایە پاش فرۆشتنی کەرکوک و لایەکی باشوری کوردستان، هەموو جۆرە چالاکییەکی هونەری کە لە ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دا بەڕیوەدەچن لە واتا بەتاڵ بوونەتەوە.

 

حەمە قادر بە وتارێک بە ناوی "مۆنتاژی دیالێکتیکی لە سینەمای تەها کەریمیدا، گەڕان بۆ مانای سێیەم" بەشداری بەشی ڕەخنەی فیستیڤاڵی گەلاوێژ ببوو و وتارەکەی لە بەشی ڕەخنەدا هەڵبژێردرابوو لەلایەن لێژنەی فیستیڤاڵەکەوە، ناوبراو دوێنێ بە نووسینی ڕوونکردنەوەیەک وتارەکەی لە بەشی پێشبڕکێی فیستیڤاڵەکە کێشایەوە.

 

حەمە قادر بەم شێوەیە ڕوونکردنەوەکەی دەستپێکردووە:"ئەم دۆخەى کە ئێستا کوردستانى تێکەوتووە و دواى کارەساتى کەرکووک و پاشانیش شارەکانى تر، فیستیڤاڵ، بۆنە و ئاهەنگ و لە ڕاستیدا هەموو چالاکییەکى کلتووری کە دەسەڵاتى ئەم حیزبانە (ئاشکرا و نائاشکرا) بەڕێوەى دەبەن، نەک تەواو لە مانا و مەبەست خاڵی بووەتەوە، بەڵکو بوون و دەبن بە ماکیاژێکى ترسناک بۆ ''بە ئاسایی پیشاندانى ئەم دۆخە ترسناکە''، بەش بە حاڵى خۆم کارى هونەر، هەرگیز بە ئاساییکردنەوە نازانم، بەڵکو کاری پەردەلادان و درزتێخستن و بینینى ژێرپێستەکانە".

 

لە بەردەوامیدا ئاماژەیداوە:حزب و دەسەڵات هەمیشە قاچێقیان لە ناو کلتور و هونەردایە و هەر بەو کەرەستانەشەوە هەبوون و دەسەڵاتداریی خۆیان دەشەرعێنن، ئەو نووسەر و فیلمسازە هەروەها ڕەخنەی لە گوتاری ڕۆشنبیری سلێمانی گرتووە، کە بەردەوام هەوڵیداوە لە نێوان فاشیزمی خراپدا (پارتی) فاشیزمی باش یان فاشیزمی کەمتر دڵڕەق (یەکێتی) بشەرعێنێت.

 

حەمە قادر لە بەشێکی دیکەی ڕوونکردنەوکەیدا ڕادەگەیەنێت:"بەو پێیەى کە لێکۆڵینەوەکەى من لەبارەى تەها کەریمییەوەیە، بەو پێیەى پێموایە ئەگەر زیندوو بوایە بەر لە هەمووان، ئەم دۆخەى کوردستان ئەوى دەخستە گریان و ڕاچڵەکاندن، ئەم بەشداریکردنە ڕەت دەکەمەوە و بە هیچ شانازییەکی نازانم، لەبەر هیچ نا، تەنها لەبەرئەوەى (هیوادارم ڕاست نەبێت) بە داخەوە بە هۆى ئەم دۆخەوە دەنگۆی مەترسی لەسەر گیان و ژیانى ئەکتیڤیست و ڕەخنەگرە پەناهەندەکانى ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشوور دروست بووە (تەها کەریمییش فیلمسازێکى ڕۆژهەڵاتى بوو لە باشوور)، ئەم بەشدارییە نەک جاریک، دەبێ چەند جار ڕەت بکرێتەوە".

 

جێگای ئاماژەیە، کە ئەمە یەکەم جار نییە کە هونەرمەندانی ڕادیکاڵ بەم شێوەیە هەڵوێست دەگرن لە فیستیڤاڵەکاندا بەرامبەر بە دۆخی کۆمەڵگا، یەکەم جار لە فیستیڤاڵی فیلمی کانی ساڵی ١٩٦٨ دا گروپێک لە دەرهێنەرانی دیاری ئەو سەردەمە بە پێشەنگایەتیی ژان لوک گۆدار و فرانسوا ترۆفۆ، فیلمەکانیان لە فیستیڤاڵەکە هێنایە دەرەوە بە مەبەستی بپشتگیریکردنی بزووتنەوەی خوێندکاران و کرێکاران کە ئەو کاتە لە مانگرتندا بوون و لە ئەنجامدا بوونە هۆی داخستنی فیستیڤاڵەکە.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin