ڕۆژنیوز ـ هاوڕێ کرێکار
باوک و کوڕێک لەلایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە کوژران، کە هەردووکیان کارمەندی ئاسایشی گەرمیان بوون.
کاتژمێر ١٢ی شەوی ڕابردوو، لە گوندی گڵەی سەر بە شارۆچکەی خانەقینی پارێزگای دیالە، کە دەکەوێتە نێوان شارۆچکەی خانەقین و شارەدێی گوڵاڵە، کوڕ و باوکێک کوژران.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە شارۆچکەی خانەقین، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: کوڕ و باوکەکە لە ماڵەکەی خۆیاندا و لەلایەن چەکداری نەناسراوەوە کوژراون و هیچ گروپێکیش نەیخستووەتە ئەستۆی خۆی.
وتیشی: کوڕەکە ناوی ئینمارە و باوکەکەش ناوی سابیر غەربی-یە، هەردووکیان کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیانن.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشدا: لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکوڵینەوە کردووە بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە، بەڵام تا ئێستا وتەی خانەوادەی کوژراوەکان-یش وەرنەگیراوە.
ڕۆژنیوز، بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر، پەیوەندیی کرد بە هەریەکە لە قاییمقامی شارۆچکەی خانەقین و ئاسایشی گەرمیانەوە، بەڵام ئامادەنەبوون لەوبارەیەوە لێدوان بدەن.
وێنەی کوڕ و باوکە کوژراوەکە
ب.ل