Smiley face
Smiley face
Smiley face

شێركۆ جەودەت: هەرێم زیاتر لە ٥٥٪ ی هەناردەی نەوتی لەدەست داوە

2017-10-22 14:36:24



ڕۆژنیوز- دانا عومەر

 

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، كە لە دوای کۆنترۆڵکردنی شاری كەركوك-ەوە، هەرێمی كوردستان ٪٥٥ ی هەناردەی نەوتی لەدەستداوە، دەشڵێت:" قۆناغی داهاتوو قۆناغی ڕاکردنە بەدوای دەستووری عێراق".

 

ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، چەكدارانی حەشدی شەعبی هێزە عێراقییەکان، هێرشییان كردە سەر ناوچە دابڕێنراوەکان دەستیان بەسەر كێڵگە نەوتییەکانی بای حەسەن، هاڤانا و كێڵگەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور-دا گرت، لە ڕۆژئاوای شاری کەرکوک.

 

شێركۆ جەودەت، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە، لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"هەرێمی كوردستان لەدوای لەدەستدانی شاری كەركوك-ەوە، زیاتر ٥٥% ی هەناردەی نەوتی لەدەست داوە، كە بریتیین لە نەوتی كێڵگەكانی هاڤانا، بای حەسەن و نەوتی گێڵگەكانی نەوتی باكور".

 

 

لەبارەی ئایندەی ئەو گرێبەسانەی كە حكومەتی هەرێم كردوویەتی لەگەڵ كۆمپانیاكانی نەوت و وڵاتاندا، شێركۆ جەودەت وتی:"بەبڕوای من قۆناغی داهاتوو قۆناغی ڕاكردنە بەدوای دەستووری عێراق-دا، دەستوری عێراق لە ماددەی ١١١ و ١١٢ دا باسی ئەوە دەكات ئەو كێڵگە نەوتییانەی كە پێش ساڵی ٢٠٠٣ هەبوون، مافی حكومەتی ناوەندییە كە وەبەرهێنانیان تێدا بكات، بەڵام ئەو كێڵگە نەوتییانەی كە دوای ساڵی ٢٠٠٣ لێدراون، حكومەتی هەرێم دەتوانێت وەبەرهێنانیان تێدا بكات، بەڵام بە ڕێككەوتن لەگەڵ حكومەتی ناوەندیدا".

 

وتیشی:"لەبەر ئەوەی کێڵگە نەوتییەکانی هاڤانا، بای حەسەن، تەقتەق و شیواشۆك، پێش ساڵی ٢٠٠٣ هەبوون، حكومەتی عێراق دەیەوێت دەسەڵاتی خۆی تێدا بچەسپێنێت، ئەو گرێبەستانەی كە كراون لەو كێڵگانەی كە پێش ساڵی ٢٠٠٣ هەبوون، ئەوە دەبێت لەمەودوا لەگەڵ بەغدا-دا مامەڵە بكات، بەڵام ئەو گرێبەستانەی لە كێڵگەكانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ دا كراون، هەرێم دەتوانێت بەردەوام بێت لەسەر وەبەرهێنان تێیدا".

 

جێی باسە، پێش کۆنترۆڵکردنی شاری كەركوك، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندبوو، كە ڕۆژانە نزیكەی ٦٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكات، لەگەڵ ئەوەشدا نەیدەتوانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەکاتی خۆیدا دابین بکات و دۆخی ئابووری هەرێم باش بکات.

 

ب.ل



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin