Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنان قوربانیی یەکەمی ڕووداوەکانن

2017-10-22 12:47:38



ڕۆژنیوز- مارى به‌کر

 

بەشێک لە ژنانى ئاواره‌ى که‌رکوک، هیشتا دڵنیانین لە پاراستنی ئاسایشیان و دەترسن لە ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان ببنە قوربانیی یەکەم و دەستدرێژییان بکرێتەسەر.  

 

ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ هاوڵاتیانى شاری که‌رکوک و شارۆچکەی خورماتوو-ی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین له‌ ئه‌نجامى هێرشەکانی حه‌شدى شه‌عبى و سوپای عێراق بۆ ناوچه‌کانیان ڕوویان له‌ شاره‌کانى ترى هه‌رێمى کوردستان کردوه‌ و بەشێک لەو ئاوانەی، کە لە شاری سلێمانی نیشتەجێبوون ڕۆژانە ڕوودەکەنە هۆڵی بابان لە شارەکە، بۆ وەرگرتنی ئەو هاوکارییانەی، کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بۆیان دابین دەکات.

 

 

ڕه‌حمه‌ سلێمان، ئه‌و ژنه‌ به‌ ته‌مه‌نه‌ى له‌ ڕیزى وه‌رگرتنى ته‌نها دوو به‌تانى و چه‌ند پاکەتێک خۆراکدا وه‌ستابوو بە دڵێکی پڕەوە باسی دۆخی خۆیانی کرد و بە رۆژنیوزی وت:"دایکى شه‌هیدم، منداڵى هه‌تیوم هه‌یه‌، کوڕێکم ئێسته‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ به‌ هیج جۆرێک ئومێدى گه‌ڕانه‌وه‌م نییه‌، ماڵ و حاڵمان تێکچووه‌".

 

ڕه‌حمه‌ سلێمان

 

ڕه‌حمه، کە ماڵیان لە گەڕەکی ڕەحیماوای کەرکوک بووە، وتیشی:"هیرشکەران به‌ ئاشکرا ته‌عدایان لێده‌کردین، سوکایه‌تیى به‌ منداڵ و ژن ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ى ته‌قه‌یان له‌ ده‌رگامان دا به‌ هیچ جۆرێک‌ سوپاى عێراقى نه‌بوون ته‌نها جلى ئه‌وانیان له‌به‌ردا بوو بە ئێرانیی قسەیان دەکرد".

 

ساکار به‌کر، ژنێکى گه‌نج  بوو منداڵێکى کۆرپه‌ى له‌ باوه‌ش بوو ماندووێتى هێزى له‌به‌ربڕیبوو له‌ نێو ئه‌و هۆڵه‌ ته‌نگه‌ دوو ڕۆژبوو چاوه‌ڕێى شوێنێک یان چه‌ند پارچه‌ که‌لوپه‌لێکى ده‌کرد به‌ ڕۆژنیوزى وت:"تکایه‌ ده‌نگمان بگه‌یه‌نن، من لە کەرکوکەوە هاتووم هاوسه‌ره‌که‌م پێشمه‌رگه‌یه‌، چوار منداڵم هەیە و لەماڵان-دا دەمێنمەوە، ژیان ئاوا نابێت".

 

ساکار به‌کر

 

هەرچەندە بەرپرسانی شارەکە دەڵێن، کە ڕەوشی کەرکوک ئارامە، بەڵام قسەکانی بەرپرسان دڵنیایی نەدەدا بە ژنانی ئاوارە و ناوبراو وتی:"ناتوانم بگه‌ڕێمه‌وه‌ خه‌ڵک چووه‌ته‌وه‌ شەوان چوونەتە سەر ماڵیان، سوکایەتییان پێکردوون، ته‌عدایان لە ژن کردووە".

 

ساکار، به‌ ده‌م هه‌ڵکێشانى هه‌ناسه‌ پڕ له‌ خه‌مه‌کانى به‌رده‌وام بوو و وتى: داواکارم شوێنمان بۆ دابین بکه‌ن کامپێک هه‌بێت بۆ ئه‌م خه‌ڵکه‌، چاره‌نووسمان دیار نییه‌ نازانین تاکه‌ى لێره‌ده‌بین، حکومه‌تى هه‌رێم وه‌ک پێویست هاوکارییمان ناکات، که‌ى ڕه‌وایه‌ ڕۆژ تا ئێواره‌ ئه‌م خه‌ڵکه‌ لێره‌ چاوه‌ڕێن بۆ وەرگرتنی هاوکاریی، هه‌ر ئه‌مڕۆ نا به‌یانیمان پێده‌که‌ن.

 

جێگاى ئاماژه‌یه، بەپێی ئامارێکی نافەرمیی، کە لە نووسینگەی سلێمانی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق-ەوە دەست ڕۆژنیوز کەوتووە، بەهۆی هێرشەکانی حەشدی شەعبی و سپاوی عێراق بۆ شاری کەرکوک و ناوچەدابرێندراوەکانی دیکە لە ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، نزیکەی هەست هەزار هاوڵاتی ئەو ناوچانە ئاوارەی سنووری پارێزگای سلێمانی بوون.

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin