Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئاوارەكانی كەركوك لە ژیانێکی نالەباردان و داوای هاوکاری دەکەن

2017-10-22 08:08:37



ڕۆژنیوز- ئاشتی ئەحمەد

 

بەشێك لە ئاوارەکانی سنووری کەرکوک کە لە شارۆچكەی چەمچەماڵ نیشتەجێبوون، لە ڕەوشێكی خراپدا ژیان بە سەردەبەن و داوای هاوكاری بەپەلە لە حكومەتی هەرێم دەكەن و دەشڵین، وەرزی بارانبارینەو ناتوانین ئاوا بژین.

 

لە دەمەوبەیانی ١٦ی ئەم مانگەدا، هێزێکی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی چوونە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەو هۆیەوە هاوڵاتییەکی زۆری ئەو شوێنانە ئاوارەی شاروشارۆچکەکانی سنووری هەرێمی کوردستان بوون، بەشێکی زۆری ئاوارەکانیش ڕوویان لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەربە پارێزگای سلێمانی کردووە.

 

عومەر شەریف، لە ئێستادا خۆی و خێزانەكەی لەشاری كەركوكەوە ئاوارەی سنووری شارۆچكەی چەمچەماڵ بوون، بە ڕۆژنیوزی وت:"بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە وەزعی خەڵكیان بەم ڕەوشە گەیاند، بۆ ئێستاش لەسەریانە ئاوڕمان لێ بدەنەوە، چەند ڕۆژێكی دیكە باران و سەرما دەستیپێكرد، لەناو ئەم قوڕەو بارودۆخە ئیدارە ناكەین، لەبەرئەوەی ڕەوشمان زۆر خراپەو پێویستە حكومەتی هەرێم لەهەموو ڕووەیەكەوە هاوكارمان بێت".

 

(عومەر شەریف)

هەروەها سەعدییە محەمەد، وەك ژنێكی كەركوكی كە لەئێستادا ئاوارەی هەمان سنوورە، بۆ ڕۆژنیوز قسەیکرد ووتی:"داواكاریمان ئەوەیە كاربكرێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە شوێنی خۆمان، لەبەرئەوەی بەمنداڵانەوە لەناو ئەم خۆڵەدا و چەند رۆژێكی دیكە وەرزی سەرماو بارانە، ڕەوشمان زۆرخراپتر دەبێت، بۆیە گرنگە كار بۆگەراندنەوەمان بكرێت، ئەگەر هەرێمیش حكومەتداری بۆ ناكرێت دەستلەكاربكێشێتەوە، تاكەی لەسەر ئەم گەندەڵییە بەردەوام دەبن!".

 

(سەعدییە محەمەد)

وتیشی:"ئەمە چەندینجارە دەربەدەربین، بە قورئان بەمنداڵی وردەوە لە ناو ئەم خۆڵەدا خنكاین، منداڵەكانمان هەموویان تووشی نەخۆشی هاتوون، ئاو، كارەباشمان نییەو خێرەومەند لەڕای خودا كارەبای بۆ ڕاكێشاوین".

 

یەكێكی دیكە لەو ئاوارانەی كەركوك بەناوی مەریوان جەمال، لەڕێگەی ڕۆژنیوزەوە هیوای خواست ئەوانەی خۆیان بەبەرپرس دەزانن ئاوڕ لەم خەڵكە بدەنەوە، چونكە ماڵی واهەیە نزیكەی ١٠ بۆ ١٢کەس دەبێت لەناو یەك خانووی كەرەڤانەی بچوكدایە، سەرەڕای نەبوونی ئاوو كارەباو خراپی ڕەوشەكە".

 

(مەریوان جەمال)

ئەوەشی خستەڕوو، كە ئەگەر بارودۆخ ئاوابێت و نەتوانن بگەڕێنەوە، چەند رۆژێكی دیكە سەرماو باران بێت ناتوانن لەناو ئەو كەرەڤانانەو خۆڵ و قوڕە ژیان بەسەر ببەن.

 

 

ب.ل

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin