Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئاسۆ مامەند: هاوارمان زۆرکرد کەرکوک لەدەست نەدەین و گوێمان لێ نەگیرا

2017-10-21 17:32:28



رۆژنیوز - سۆران محەمەد

 

ئاسۆ مامەند، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی، زۆر هاوارمانكرد كە كەركوك لەدەست نەدەین، بەڵام گوێیان لێ نەگرتین، وتیشی: لە هەوڵداین پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک دابنێی کە لە پشکی کوردبووەو ئێستاش کوردێک دابنێینەوە.

 

لەسەر دواین رەوشی ناوخۆی شاری کەرکوک، ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە شاری کەرکوک، ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێكی لە كەركوك، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد.

 

ئاسۆ مامەند، وتی:"من و پەرلەمانتارانی كورد لە شارەكەین بۆ ئەوەی هەماهەنگی بكەین، بۆ ئەوەی خەڵكی شارەكە ئاوارە نەبن، پەرلەمانتاران تەنسیق و هەماهەنگی باشیان دروستكرد، لە هەر شوێنك پشێوی و پێشلكاری هەبوبێت، هەوڵی چارەسەركردنیان داوە، بەڵام بەداخەوە هەندێک لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن، لە ڕۆژی یەكەمەوە ڕۆڵێكی خراپیان بینووە، هەوڵیاندا پشێوی و ئاژاوە لە شارەكە بنێنەوە، ڕووداوەكان بەو شێوەیە نین، لە ئێستا شارەكە بە دەستی پۆلیسەوەیە، دۆخی شارەكە ئاساییە".

 

وتیشی:"دوای ئەوەی كە لە هەندێ شوێن تەقە كرا، بارگرژی دروستبوو، وایكرد هێزەكانی دژە تیرۆری عێراقی و پۆلیس بە هەماهەنگی ئەركی پاراستی كەركوك لە ئەستۆ بگرن".

 

ڕاشیگەیاند:"دوای ئەوەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پاریزگا كۆدەبنەوە ئەمڕۆ، داوا لە حزبە كوردستانییەكان دەكەن بە پارتییەوەو، ئەو حزبانەی مۆڵەتی فەرمیان هەیە، بگەڕێنەوە ناو شارو بچنەوە بارەگاكانی خۆیان، هەروەها داوامان كردووە، بەشی پەیوەندی حزبە كوردستانییەكان سبەی كۆبوونەوە ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی دۆخی كەركوك ئاسی بێتەوە دەبێت سەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن، ڕۆڵی ئاسایی كردنەوەی دۆخەكە ببینن".

 

دەربارەی پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئاسۆ مامەند، دەڵێت:"ئێمە لە هەوڵداین لە گەڵ عەرەب و توركمان بۆ دانانی پارێزگای كەركوك، پۆستی پارێزگار بەشی كوردە، هەموو كەس دەیزانێت كە پارێزگاری پێشوو لای حكومەتی عێراقی كۆتایی هاتووە، دەبوو پێش ئەو ڕەوەشە بەسەر شارەكە هات دانانی پارێزگار یەكلای بكرایەتەوە، بەڵام بە داخەوە نەكرا، لە ئێستاشدا لە هەوڵداین بۆ چارەسەركردنی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، چونكە لە ڕابردوودا ئەو پۆستە بە وەكالەت بەڕێوە دەبرا".

 

ئەوەشی وت:"باشترین كار لە ئێستادا دانوستانە لەگەڵ حكومەتی ناوەند بۆ چارەسەركردنی دۆخی ناوچە كێشە لەسەرەكان، بۆ ئەوەی لەوە زیاتر خەڵكەكەمان ئازار نەكێشێت، بۆیە باشترین چارەسەر یەكڕیزی نێو ماڵی خۆمان و دانیشتنە لەگەڵ حكومەتی ناوەند، دەبێت دەستووری عێراقی بكرێت بناغە بۆ داكۆكی كردن لە داوكانمان".

 

ئاسۆ مامەند، زیاتر دواو وتی:"هەر هاوڵاتییەك شارەكەی خۆش دەوێت با سبەی بگەڕێتەوە سەر كارەكای خۆی، ڕەنگە لە هەندێ شوێن پێشلكاری و هەڵكوتانە سەر ماڵان هەبوبێت، بەڵام بەڵێنیان پێ داوین، پەرلەمانتاران و لیژنەی ئەمنی لەگەڵیان تەنسق دەكەن و تەنانەت ئەگەر یەك بارەگای حەشدی شەعبی لە شارەكە مابێت، ئەوا پێمان بڵین بۆ ئەوەی قسەیان لەگەڵ بكرێت".

 

وتیشی:"لە هەرێم و كەركوك، كۆمەڵێك هەڵەی سیاسی هەبووە، با بێن دان بەوەدا بنێین، كە بڵێن هەڵەی سیاسیمان كردووە، فەرموون چۆن چاكی بكەینەوە، ئەوە چارەسەرە، ئەگەر ئێستا دادگای كوردستان هەبێ دەبێت بڵێ وەرن بزانین ئەم كارەساتەی بەسەر كەركوكدا هاتووە چیە، ئەوانەی لە كۆبونەوە داخراوەكان بوون، تكامان لێكردن كە بەو شێوازە كەركوك لە دەست دەدەین، من بە پارێزگاری كەركوك نەجمەدین كەریمم وت، ئامادەم دەستت ماچ بكەم با ئەمە لە كەركوك نەكرێت، چونكە لە بەرژەوەندی كەركوك نییە، لە بەرژەوەندی میلەت نییە، وڵاتانی دراوسێ، هەڕەشەكان، هەموو وڵاتان و ئەمریكا پێمان دەڵێن ئەم كارە مەكەن، بەڵام كەس گوێی نەگرت، ئەمە ئەنجامەی بوو كە بینمان".

 

ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەكێتی لە کۆتاییدا وتی:"ماوەی چەند ڕۆژە كەركوك بەو شێوەیەیە، لە هەوڵداین بۆ ئەوەی پارێزگارێک بۆ كەركوك لە هەفتەی داهاتوودا یەكلابێتەوە، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا ڕێبوار تاڵەبانی دەڵێت، من ئامادەنیم بگەڕێمەوە ئەنجوومەن، بۆ ئەمە دەبێت پارێزگار ئەنجوومەن كۆبكاتەوە، هەم عەرەب و هەمیش توركمان كوردیش ئامادەن كە بەزوترین كات ئەنجوومەنی پارێزگا كۆبێتەوە، بیر لەوە دەكرێتەوە كە بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجوومەن، سەرپەرشتی كۆبونەوەی ئەنجوومەن بكات، تا سەرۆكی ئەنجوومەن هەڵدەبژێردرێت".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin