Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆڕان هۆکار و دەرهاویشتەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژانی ڕابردووی هەڵسەنگاند

2017-10-21 14:22:40



ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد

 

کۆبونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات، ئەندامێکی جڤاتی گشتی-یش: ڕایدەگەیەنێت لە کۆبونەوەکەدا هۆکار و دەرهاوێشتە و دەرەنجامی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژانی ڕابردوومان هەڵسەنگاندووە بە دوور و درێژی و گفتوگۆمان لەسەری کردووە.

 

ئەمڕۆ، کاتژمێر ١:٣٠ کۆبونەوەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان به‌ سه‌رپه‌رشتی عومه‌ری سه‌ید عه‌لی، رێکخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لە گردی زەرگەتە کۆتایی هات.

 

 

لەبارەی کۆبونەوەکەوە، کوێستان محەمەد، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بە ڕۆژنیوزی وت: کۆبوونەوەکە تایبه‌ت بووە‌ به‌ بارودۆخی دوای ڕیفراندۆم و ڕه‌وشی ئێستای ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کان ‌و هه‌موو ئه‌و ئاڵۆزییانه‌ی له‌م ڕۆژانه‌ی دواییدا ڕوویاندا، وە باسی ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستانمان کرد.

 

 

کوێستان وتیشی: تاوتوێی ئەو ناوچانەشمان کرد کە ئێستا بە زەبری هێز پێشمەرگە چۆڵی کردووە، باسی هۆکار و دەرهاوێشتە و دەرەنجامەکەیمان هەڵسەنگاندووە بە دوور و درێژی و گفتوگۆمان لەسەری کردووە و وەک ڕاسپاردە دەیدەینە جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان و لە کۆبونەوەی خۆیاندا بڕیاری لەسەر دەدەن.

 

ناوبراو باسی لەوەشکرد:"یەکێتی و پارتی بەپرسیاری یەکەمن لەو ڕوداوانە، لەبەر ئەوەی هیچ ئامادەسازییەک نەکرابوو بۆ ڕیفراندۆم، گفتوگۆی ئاشتیانە نەکرابوو لەگەڵ ناوەندا کە ئێمە بە ئاشتیانە ڕیفراندۆم بکەین و مافەکانی خۆمان بەدەست بهێنین، لە کاتێکدا کە هەموو دونیا و ناوەندیش دژمان بوو بەس لە پێناو مانەوەی کەسێک لەسەر کورسیەکەی ڕیفراندۆمیان ئەنجامدا، وە ئامادەسازییشیان نەکردبوو بۆ ئەو شوێنانەی کە بە خوێنی ٢ هەزار شەهید ڕزگار کرابوو بیپارێزن".

 

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، ئاماژەی بەوەشدا:"بەشێکیشی پێمان وایە کە هیچ تاوانێکی هێزی پێشمەرگەی تێدا نیە، پێشمەرگە قارەمانانە بەرگری دەکرد و خوێنی خۆی دەڕشت لەو سەنگەرانە، بەڵام ئەو دوو حزبە و بەرپرسەکانی ئەو هێزە نەیانتوانی بەرگری بکەن و پێشمەرگەکانیان جێهێشت و ئەو دۆخەیان بەو شێوەیە لێکرد کە ئێستا هەموومان باجەکەی دەکەین".

 

 

ڕ.م



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin