ڕۆژنیوز - عەلی قادر
هاوشێوەی بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، لەشارۆچکەی قەڵادزێ-ش، کۆمەک بۆ ئاوارەکانی شاری کەرکوک و شارۆچکەی خورماتوو کۆدەکرێتەوە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە باخی گشتیی شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، بەشێک لە چالاکوانانی شارۆچکەکە کەمپەینێکیان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ئاوارەکانی شاری کەرکوک و شارۆچکەی دوزخورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین ڕاگەیاند.
عەلی قادر، چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی کەمپەینەکە، بە ڕۆژنیوزی وت:"لەسۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی، هەستاوین بە ڕاگەیاندنی کەمپینێک، بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و کۆمەک بۆ برا ئاوارەکانمان".
وتیشی:"جگە لەوەی کە لەناو باخی گشتیی کەمپەینمان ڕاگەیاندووە، لەڕێگەی ئۆتۆمبێلییشەوە بە گەڕەک و کۆڵانەکاندا دەگەڕێن و هاوکاری کۆدەکەینەوە".
ئەو ئەندامەی کەمپینەکە، باسی لەوەشکرد:"هاوڵاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەدەنگ داواکارییەکانمانەوە هاتووە، هاوکاری باشیان گەیاندووەتە کەمپەینەکانمان، کە لە خواردەمەنی، جل و بەرگ، بەتانی، دۆشەک و فەڕش پێکهاتووە".
عەلی قادر، ئەوەشی خستەڕوو، کە کەمپەینەکە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، بەهۆی هێرشی چەکدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بۆ سەر شاری کەرکوک و شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، زیاتر لە ٨٠٠ خێزانی کوردی شارۆچکەکە، ئاوارەی گوندی زینانە و و ناوچەی داودە و گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەی کفری و ئیدارەی گەرمیان بوون و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی شاری کەرکوک-یش بە ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بوون.
ب.ل