Smiley face
Smiley face
Smiley face

بۆچی كورد له‌ باشووردا به‌م دۆخه‌ گه‌یشت؟ چاره‌ چیه‌؟ ... شرۆڤە

2017-10-20 15:28:23



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

دەربارەی دۆخی ئەمڕۆی باشوری کوردستان و ئەو هێرش و تەنگەژانەی ڕوودەدەن و ڕوییان داوە، نووسەرو ڕۆشنبیر هەردی عومەر، لە بابەتێکدا شرۆڤەی دۆخەکە دەکات و تیشک دەخاتە سەر هۆکارەکانی ئەم دۆخەو چۆنییەتی چارەسەرییەکان.

 

دەقی شرۆڤەکەی هەردی عومەر بەم شێوەیەیە:

 

پێش ٢٥ ڕۆژ پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق، و ئه‌و پارت و لایه‌ن و كه‌سێتیانه‌ی كه‌ له‌ فه‌له‌كی پارتیدا سیاسه‌ت ده‌كه‌ن ڕێفراندۆمێكیان ئه‌نجامداو بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ ئیتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ له‌ عێراق جیا ببینه‌وه‌، به‌و بانگه‌شانه‌ به‌شێكی گه‌له‌كه‌شمانیان په‌لكێشی ناو ئه‌و گه‌مه‌یه‌ كرد، هه‌رچه‌نده‌ دڵسۆزانی ئه‌م گه‌له‌ له‌ ناوخۆی باشوور و ده‌ره‌وه‌ی باشووریش هه‌وڵیاندا كه‌ پارتی و دۆسته‌كانی په‌شیمان بكه‌نه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان پێداگریان ده‌كردو پێیان وابوو، ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن كاتی ڕیفراندۆم نییه‌، یان سه‌ربه‌خۆیی له‌ ڕێگه‌ی ڕیفراندۆمه‌وه‌ به‌ده‌ست نایه‌ت ناپاكن و دژی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی گه‌لی كوردن و ته‌خوینیان ده‌كردن.
 

زۆر كه‌س و لایه‌ن ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ ئه‌و هه‌نگاوه‌ زۆر كاریگه‌ریی نه‌رێنی له‌سه‌ر چاره‌نووسی كوردو ناوچه‌كه‌ ده‌بێت و كاردانه‌وه‌ی خراپی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام مه‌سعود بارزانی و لایه‌نگرانی ئه‌و ده‌نگانه‌یان نه‌ده‌بیست، ته‌نیا ئه‌و ده‌نگانه‌یان ده‌بیست كه‌ هانیان ده‌دان و چه‌پڵه‌یان بۆ لێده‌دان، جارێك بیریان له‌وه‌ نه‌كرده‌وه‌ كه‌ پێشینان ده‌ڵێن "دۆستت ئه‌وه‌یه‌ ده‌تگرێنێ، دوژمنت ئه‌وه‌یه‌ ده‌تكه‌نێنێ"، ئێستا ئه‌و دۆستانه‌ له‌ كوێن كه‌ پاڵیان پێوه‌ ده‌نان بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم؟، ئایا ئه‌وانه‌ دۆست بوون یان ئه‌وانه‌ی ده‌یانگوت ڕیفراندۆم ئه‌نجام مه‌ده‌ن؟.

 

به‌ هه‌رحاڵ، مه‌سعود بارزانی و پارتی و به‌ تایبه‌تی، یه‌كگرتووی ئیسلامی و به‌شێكی زۆری سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی و ئه‌و پارتانه‌ی كه به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان كردو بڕیاریاندا كه‌ ڕیفراندۆم بكرێت به‌رپرسیارن له‌ ده‌رئه‌نجامه‌كانی و، پێویسته‌ خۆیان له‌و به‌رپرسیاریه‌ لا نه‌ده‌ن و به‌رپرسیارانه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن، مه‌سعود بارزانی چه‌ندین جار له‌ كۆبوونه‌وه جه‌ماوه‌ریانه‌ی بۆ ڕیفراندۆم ئه‌نجامیدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد، كه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی ڕیفراندۆم باش بێت، ئه‌وا بۆ هه‌موو خه‌ڵكه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی خراپ بوو ئه‌وا ئه‌و به‌رپرسیارێتی هه‌ڵده‌گرێت!، زۆر كه‌س ده‌یانوت مه‌سعود بارزانی هه‌ڵوێسته‌كه‌ی جددیه‌، زۆر كه‌سیش هه‌بوو ده‌یانوت كه‌ ئه‌وه‌ بانگه‌شه‌ی ڕیفراندۆمه‌، چونكه‌ كورد وته‌نی سه‌ركه‌وتن باوكی زۆره‌! به‌ڵام دۆڕاندن هه‌تیوه‌و بێ باوك و بێ خاوه‌نه‌!، ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێستا دیاره‌ نه‌ مه‌سعود بارزانی خاوه‌ن له‌ قسه‌و به‌ڵێنه‌كانی خۆی ده‌ركه‌وتووه‌، نه‌ به‌رپرسی حزبه‌كانی تر و ئه‌وانه‌ی هاوبه‌شی ئه‌و بڕیاره‌ بوون!.

 

ئه‌وه‌ی له‌م چوار پێنج ڕۆژه‌ی ڕابردوودا ڕوویاندا بۆ خه‌ڵكی كورد به‌ گشتی و بۆ باشووری كوردستان به‌ تایبه‌تی شۆكێكی گه‌وره‌ بوو، هه‌تا ئێستاش زۆر كه‌س نازانن چۆن شرۆڤه‌ی بكه‌ن و چی بڵێن، له‌وه‌ش زیاتر له‌ ئێستادا به‌شی زۆری گه‌لی كورد له‌ باشووردا كه‌وتوونه‌ته‌ خه‌می ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا ئایینده‌یان به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟، یان ڕاستر بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌ نیو سه‌ده‌ زیاتره‌ سه‌ركردایه‌تی گه‌ل ده‌كه‌ن بۆ گه‌یشتن به‌ خه‌ونه‌كانیان و خۆیان كردووه‌ به‌ فریادڕه‌سی گه‌ل به‌ره‌و كام ئاقاریان ده‌به‌ن؟، ئایا ئه‌مه‌ ئاشبه‌تاڵێكی تره‌؟ یان نسكۆیه‌كی تره‌؟ ئه‌مه‌ شه‌ستوشه‌شێكی تره‌؟ یان سیو یه‌كی ئابێكی تره‌؟، له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌و ڕووداوو كاره‌ساتانه‌ی تردا بكه‌ره‌كان دیاربوون و خه‌ڵك ده‌یزانی كێ لۆمه‌ بكات! به‌ڵام له‌مه‌یاندا بكه‌ره‌كان و به‌رپرسه‌كان خۆیان ده‌شارنه‌وه‌و به‌رپرسیاری ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی یه‌كتر!.

 

هه‌ر لایه‌نه‌، بگره‌ هه‌ر به‌رپرسه‌و به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان ده‌خوازن خۆیان له‌ گوناح دابماڵن و به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانی تر! ئه‌مه‌ش دووره‌ له‌ هه‌موو پێوه‌رێكی ئه‌خلاقییه‌وه‌، چونكه‌ سه‌ركرده‌و به‌رپرس ده‌بێت ڕاستگۆبن، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی ڕیفراندۆم باش بوایه‌و هه‌ندێك ده‌سكه‌وتی هه‌بوایه‌، ئه‌وا هه‌ر كه‌سه‌و سنگی ده‌رده‌په‌ڕاندو خۆی ده‌كرده‌ خاوه‌نی و ئه‌وانه‌شی كه‌ ڕه‌خنه‌یان له‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم گرتبوو ڕه‌نگه‌ وڵات به‌ده‌ر بكرانایه‌!، دیاره‌ مه‌سعود بارزانی به‌رپرسی یه‌كه‌مه‌ له‌م كاره‌، به‌ڵام گومانی تێدا نییه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێتی، یه‌كگرتوو، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست پشتیوانی مه‌سعود بارزانی و پارتیان نه‌كردایه‌، ئه‌وا ڕیفراندۆم نه‌ده‌بوو و، ڕووبه‌ڕووی ئه‌م بارودۆخه‌ش نه‌ده‌بوینه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و حزبانه‌و سه‌ركرده‌كانی ئه‌وانیش به‌رپرسیار ببینرێن و ڕووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه‌ بكرێنەوە، بێگومان ئه‌خلاقی ترین هه‌ڵوێست له‌م كاته‌دا بۆ مه‌سعود بارزانی و ئه‌و كه‌سێتیانه‌ی بڕیاریاندا ڕیفراندۆم ئه‌نجام بدرێت ئه‌وه‌یه‌، به‌ڕاشكاوی دان به‌ به‌رپرسیاری و شكستی خۆیاندا بنێن و ده‌ست له‌ به‌رپرسیاری به‌ربده‌ن و ڕێگه‌ بده‌ن كه‌ نه‌وه‌یه‌كی نوێ بێنه‌ پێشه‌وه‌و به‌رپرسیاری ئه‌م قۆناخه‌ هه‌ڵبگرن.

 

بابه‌تێكی تر كه‌ زۆر گرنگه‌ له‌م كاته‌دا ئاماژه‌ی پێ بكرێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك قسه‌ له‌سه‌ر ده‌رئه‌نجامه‌كان ده‌كه‌ن، كه‌س ناخوازێت قسه‌ له‌سه‌ر هۆكاره‌كان بكات، ئه‌وانه‌شی قسه‌ له‌سه‌ر هۆكار ده‌كه‌ن به‌شێكی زۆریان زۆر كورت بینن و ته‌نیا باسی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم هه‌ڵه‌بووه‌، چونكه‌ كاته‌كه‌ی باش نه‌بووه‌، بێگومان ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ ڕاسته‌، به‌ڵام كێشه‌كه‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌، بڕیاری ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمیش ده‌رئه‌نجامی كۆمه‌ڵێك چه‌مكه‌‌، كه‌ عه‌قڵیه‌تی سیاسی له‌ باشووردا سیاسه‌تی پێوه‌ ده‌كات و گه‌لیشی تێوه‌ گلاندووه‌و له‌ناو بازنه‌یه‌كدا گه‌ل ده‌خولێنێته‌وه‌و ئه‌م گه‌له‌ قاره‌مانه‌ی وڕ، كاس، گێژ و سه‌رگه‌ردان كردووه‌.

 

له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بخوازین شیكردنه‌وه‌یه‌كی ڕاست بۆ ڕووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ بكه‌ین و جارێكی تر ڕووبه‌ڕووی چاره‌نووسی به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بینه‌وه‌، ئه‌وا ده‌بێت عه‌قڵیه‌تی سیاسی كوردی له‌ باشووردا فۆرمات بكه‌ین و به‌ عه‌قڵیه‌تێكی نوێ سیاسه‌ت بكه‌ین، بێگومان ئه‌مه‌ش ئه‌ركی هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌ دڵسۆزانه‌ن كه‌ خه‌مخۆری گه‌لن، نه‌ك ئه‌وانه‌ی خه‌مخۆری خۆیانن و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان له‌سه‌ر بنه‌مای كۆنه‌ قینی نێوان مه‌لایی ــ جه‌لالی، پارتی ــ یه‌كێتی له‌لایه‌ك و له‌ ڕێگه‌ی ڕتوشكردن و هه‌ندێك ده‌موچاوی نوێی ناو ئه‌و دوو پارته‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌مان تاس و هه‌مان حه‌ماممان بكه‌نه‌وه‌و دیزه‌ به‌ ده‌رخۆنه‌مان پێ بكه‌ن.

 

دیاره‌ گه‌لی باشوور له‌و ئاسته‌دایه‌ كه‌ كۆتایی به‌و یارییه‌ بهێنێت و ئیتر ڕێگه‌ نه‌دات كه‌ هیچ كه‌س و لایه‌نێك ئه‌وه‌نده‌ یاری به‌ هه‌ست و سۆزو هه‌ڵوێسته‌كانیان بكات، ده‌بێت لێره‌دا ئه‌وه‌ش بڵێم، كه‌ ده‌بێت ئێمه‌ وانه‌ له‌ مێژوو وه‌ربگرین، ڕێگه‌ نه‌ده‌ین هیچ كه‌س و لایه‌نێك له‌ڕێگه‌ی دێواندنی حكومه‌تی ئێراق و حه‌شدی شه‌عبیه‌وه‌ خۆیان بكه‌نه‌وه‌ به‌ قاره‌مانی گۆڕه‌پانی كوردایه‌تی، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ كوردایه‌تی دژایه‌تیكردنی عه‌ره‌ب، توركمان، ئاشووری، ئه‌رمه‌ن، كلدانی و نه‌ته‌وه‌كانی تر نیه‌!، كوردایه‌تی داكۆكیكردن نییه‌ له‌و ناشیرینیانه‌ی كه‌ زۆرێك له‌ سه‌ركرده‌كان به‌ناوی كوردایه‌تییه‌وه‌ ده‌یكه‌ن و كورد ناشیرین ده‌كه‌ن! كوردایه‌تی ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ هه‌موو شتێك بۆ خۆت به‌ حه‌ڵاڵ بزانیت و بۆ خه‌ڵكی تر به‌ حه‌رام!، ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كه‌ كێشه‌ی كورد له‌ عێراقدا دابڕاو نییه‌ له‌ كیێشه‌ی كورد له‌ به‌شه‌كانی تری كوردستان و ئه‌وانه‌ی هه‌تا ئێستا ئه‌وه‌یان ده‌كرد خۆیان و خه‌ڵكیان فریو ده‌دا، لێره‌ به‌دواوه‌ ده‌بێت فریو نه‌خۆین! ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین كوردایه‌تی ئه‌وه‌ نییه‌ هه‌موو كوردستان بكه‌یته‌ قوربانی پارچه‌یه‌كی كوردستان و ئه‌ویش بكه‌یته‌ قوربانی پارتێك و ئه‌ویش بكه‌یته‌ قوربانی بنه‌ماڵه‌یه‌ك یان چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك!.

 

كوردایه‌تی و سه‌ربه‌خۆیی وابه‌سته‌ی ده‌وڵه‌ت نییه‌، چۆن ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت له‌سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌سه‌رچوو، ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌و به‌ستنه‌وه‌ی ماف و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی میلـله‌تان به‌ ده‌وڵه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ده‌ی بیسته‌مدا به‌سه‌رچوو، كوردایه‌تی وابه‌سته‌ی ئه‌وه‌یه‌ چه‌نده‌ ده‌كرێت كورد بكرێته‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كی زیندوو و چالاك و بتوانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌وروبه‌ری خۆی و جیهان بكات و پێشكه‌وتنه‌كانی ئه‌مڕۆی جیهانیش زه‌مینه‌ی ئه‌وه‌ی خۆشكردووه‌، ئێمه‌ش ده‌بێت هه‌وڵبده‌ین له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌ما له‌ عێراق و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا كوردایه‌تی بكه‌ین و كار بكه‌ینه‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تریش بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وانیش له‌و چوارچێوه‌یه‌دا عه‌ره‌بایه‌تی یان نه‌ته‌وه‌په‌روه‌ری خۆیان بكه‌ن.

 

واته‌ ده‌بێت سه‌رله‌نوێ پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه‌ت و كوردایه‌تی بكه‌ین و به‌و شێوه‌یه‌ هه‌نگاو بۆ پێشه‌وه‌ بنێین، ئه‌گه‌ر نا ناتوانین له‌ناو ئه‌و بازنه‌یه‌ ده‌رچین كه‌ نیو سه‌ده‌ زیاتره‌ تێیدا ده‌سوڕێینه‌وه‌و هاوشێوه‌ی سیزیف هه‌ر به‌رده‌كه‌ ده‌به‌ینه‌ سه‌ره‌وه‌و پێش ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ دوا مه‌نزڵ به‌رده‌كه‌مان گلۆر ده‌بێته‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌، پێشینانمان ده‌ڵێن مرۆڤی عاقڵ دووجار له‌كونێكه‌وه‌ مار پێوه‌ی نادات!، یان ئه‌گه‌ر جارێك خه‌ڵه‌تاندمیان خوا بیانگرێت، ئه‌گه‌ر بوو به‌ دووجار ئه‌وا خودا خۆم بگرێت!، ئێمه‌ش ئه‌وه‌ چه‌ندجاره‌ ئه‌م سه‌ركرده‌و حزبانه‌ ده‌مانخه‌ڵه‌تێنن، ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ بده‌ین جارێكی تر بمانخه‌ڵه‌تێنن، ئه‌وا خۆمان به‌رپرسیارین، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌شی كه‌ ڕووبه‌ڕووی ئه‌م بارودۆخه ‌بوینه‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زوو مێژوومان له‌بیر ده‌چێته‌وه‌و زوو به‌ بانگه‌شه‌كانی ئه‌و حزبانه‌ باوه‌ڕ ده‌كه‌ین.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin