ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان
ڕژێمی سوریا کە نایەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزۆر پێشڕەوی بکەن، ڕێخۆشکەری کردووە بۆ چەتەکانی داعش هێرش بکەنە سەر سەنگەری شەڕڤانان، بەڵام شەڕڤانان ئەو هێرشەیان تێکشکاندووە.
دوو رۆژ پێش ئێستا، دەستەیەکی چەتەکانی داعش لە گوندی ساڵحییەوە هێرشێکیان ڕێکخست بۆ سەر سەنگەرەکانی شەڕڤانان، گوندی ساڵحییە لە کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوپای ڕژێمی ئەسەد دایە، لەوبارەیەوە ئەمڕۆ فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
فەرماندەیی گشتیی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرە، ڕایگەیاند: ڕژێم لە بەر بەرژەوەندییەکانی نایەوێت هێزەکانمان لە دێرەزۆر پپێشڕەوی بکەن و داعش لەناوببەن، بەڵام قەسەدە بەڵێنی داوەتە گەلانی سوریا و تا لە ناوبردنی بەتەواوەتی چەتەکانی داعش تێدەکۆشێت.
لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕۆژی ١٨ی مانگ کاروانێکی چەتەکانی داعش بە ڕێگاپێدانی هێزەکانی ڕژێمی ئەسەدەوە لە گوندی ساڵحییەوە هێڕشیان کردە سەر سەنگەری شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەو مەبەستەی پاشەکشە بە شەڕڤانان بکەن، بەڵام هێزەکانمان وەڵامی ئەو هێرشەیان دایەوەو تێکیان شکاند، چەتەکانی داعش گورزی قورسیان بەرکەوت و هەموو چەک و تەقەمەنییەکانیشیان کەوتە دەستی شەڕڤانانەوە.
س.ح