Smiley face
Smiley face
Smiley face

لە سەیدسادق و کەلار کۆمەک بۆ ئاوارەکانی کەرکوک و خورماتوو کۆدەکرێتەوە

2017-10-19 15:14:03



ڕۆژنیوز - هاوکار و بۆتان

 

لە هەردوو شارۆچکەی سەیدسادق و شارۆچکەی کەلار، کەمپەینێک بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ بۆ ئاوارەکانی شاری کەرکوک و شارۆچکەی خورماتوو ڕاگەیەندراوە.

 

لە ئەمڕۆوە، لە بارەگای مەڵبەندی ١٢ی شارەزووری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لە شارۆچکەی سەیدسادق-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی و لە دوێنێشەوە، لە بەردەم یانەی ڕۆشنبیریی، لە ناوبازاڕی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کەمپەین ڕاگەیەندراوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ ئاوارەکانی شاری کەرکوک و شارۆچکەی خورماتوو.


عەبدولجەبار  ڕۆستەم، سەرپەرشتیاری کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکارییەکەی سەیدسادق، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و نەتەوەیی، بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی کە بەرۆکی هاوڵاتیانی کوردی گرتووە، لە شاری کەرکوک و شارۆچکەی خورماتوو دەوروبەریان، بە پێویستمان زانی ئەوەی لە دەستمان دێت بیکەین بۆ هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کە ئاوارەبوون و ڕوویان لە شارەکانی تری هەرێمی کوردستان کردووە".

 

عەبدولجەبار  ڕۆستەم


عەبدولجەبار، وتیشی:"کەمپینەکەمان گشتگیرە و هاوڵاتیانی هەریەکە لە شارۆچکەکانی شارەزوور، دەربەندیخان و پێنجوێن دەتوانن هاوکارییەکانیان بگەیەننە کەمپینەکەمان،بۆ ئەوەی بتوانین بڕێکی زیاتر هاوکارییەکان کۆبکەینەوە، دواتر بیگەیەنین بەو خێزانانەی کە پێویستییان بە هاوکاریی کردنە".

 

سەرپەرشتیاری کەمپینەکە، ئەوەشی وت:"کارەکانی کەمپینەکەمان بۆ کۆکردنەوەی هاوکارییەکان، تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت، دواتر لیژنەیەکی تایبەت پێکدەهێنین بۆ چۆنییەتی دابەشکردن و گەیاندنی هاوکارییەکان بەو خێزانانەی کە پێویستییان بە هاوکاری کردنە لە هەر شێونێک بن".

 


هەروەها، دژوار ڕێبوار، یەکێک لەو گەنجە خۆبەخشانەی کە لە کەمپەینەکەی شارۆچکەی کەلار-دا بەشدارە، بە ڕۆژنیوزی وت:"ئامانجمان لە دەستپێکردنی ئەم کەمپینە، کەمکردنەوەی بەشێک لە گرفتەکانی ئەو خێزانانەیە کە ئاوارەبوون، هەندێک لە ئاوارەکانیش خۆیان دێن و پێداویستیەکانیان لێرە دەبەن".

 

 

دژوار، وتیشی:"دوو ئۆتۆمبێکی بارهەڵگر هاوکاریشمان ناردووە بۆ خێزانە ئاوارەکانی گوندی زینانەی سەر بە شارۆچکەی کفری".

 

 

دژوار ڕێبوار، وتیشی:"ئێمە دەمانەوێت هەتاکو دوو ڕۆژی تر لەم کەمپینە بەردەوامبین".

 

ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، بەهۆی هێرشی چەکدارانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، بۆ سەر شاری کەرکوک و شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین، زیاتر لە ٨٠٠ خێزانی کوردی شارۆچکەکە، ئاوارەی گوندی زینانە و و ناوچەی داودە و گوندەکانی دەوروبەری شارۆچکەی کفری و ئیدارەی گەرمیان بوون و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی شاری کەرکوک-یش بە ئاوارەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بوون.

 


ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin