Smiley face
Smiley face
Smiley face

گۆڕان: ده‌بێت بارزانى ڕایبگه‌یه‌نێت که‌شکستى هێناوه‌

2017-10-19 14:52:03



ڕۆژنیوز - دانا عومه‌ر

 

ئه‌ندامێکى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، دەڵێت، کە ئەوەی ڕوویدا له‌ ناوچه‌ دابێندراوه‌کان و شارى که‌رکوک، به‌ ڕێککه‌وتنى یه‌کێتى و پارتى بووه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و تورکیا و ئێران، ده‌شڵێت:"ده‌بێت بارزانى دان به‌وه‌دا بنێت، که‌ شکستى هێناوه‌، ئه‌وه‌ ئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌که‌ى بوو".

 

ڕۆژى ١٦ى ئه‌م مانگه‌ سوپاى عێراق و حه‌شدى شه‌عبى هێرشیان کرده‌ سه‌ر شارى که‌رکوک و له‌پاش ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌کى که‌م پێشه‌مه‌رگه‌ شاره‌که‌ى چۆڵکرد و دواتر پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌کانى سنورى ماده‌ى ١٤٠ کشایه‌وه‌، یه‌کێتى و پارتی-ش ئه‌نجامى شکسته‌که‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى یه‌ک.

 

گوڵستان سه‌عید، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ ڕۆژنیوزى ڕاگه‌یاند:"یه‌کێتی و پارتی به‌یه‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و ئێران و تورکیا ڕێکه‌وتوون له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وشه‌ی، که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستاندا ڕوویدا، هیچ یه‌کێک له‌و حزبانه‌ به‌ بێ تاوان نازانم له‌و دۆخه‌ی که‌ به‌سه‌ر هەرێمی کوردستان و ناوچه‌ دابڕێندراوه‌کاندا هات".

 

گوڵستان سه‌عید

 

گوڵستان، وتیشى:"زیاتر یه‌کێتى به‌ تاوانبار ده‌زاندرێت له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌کێتی نه‌یتوانی له‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانی خۆیه‌وه‌ به‌ بوێریانه‌ ڕێککه‌وتنامه‌که‌ ئاشکرا بکات بۆ خه‌ڵک، لە ئێستاشدا یه‌کێتی و پارتی تۆمه‌ت بۆ یه‌کتر هه‌ڵدەبه‌ستن و هه‌ریه‌کێکیان ده‌یخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئه‌ویتریان".

 

گوڵستان سه‌عید، ئاماژه‌ى به‌ چۆڵکردنى ناوچه‌کانى ژێر ده‌ستى پارتى کرد به‌بێ شه‌ڕ و وتى:"ئه‌گه‌ر ناوچه‌کانی که‌رکوک و خورماتوو و ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی لێ بووبێت شه‌ڕی تێدا بوو، به‌ڵام ناوچه‌کانی زومار و شه‌نگال و مه‌خمور که‌ زێره‌ڤانی تێدابووه‌ به‌ بێ شه‌ڕ ڕاده‌ست به‌ حه‌شدی شه‌عبی کران".

 

له‌باره‌ى چۆنیه‌تى چاره‌سه‌رکردنى ئه‌و دۆخه‌ى که‌دروست بووه‌ ناوبراو، وتى:" ده‌بێت ئاینده‌ی هەرێمی کوردستان به‌ره‌و ئارام بوون بڕوات، ئه‌وه‌ی که‌ بۆ ئێمه‌ جێگه‌ی داخه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ لێره‌ و له‌وێ ده‌بیستین، که‌ له‌ هه‌وڵی دابه‌شکردنی خاکی کوردستاندان، که‌ ئه‌مه‌ خاڵێکی لاوازه‌ بۆ کورد، ده‌بێت خاکی هه‌رێم یه‌کگرتوو بێت".

 

گوڵستان سەعید، وتیشى:"ئه‌م حکومه‌ته‌ی که‌ شکستی هێناوه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌ت و ئیداره‌دانی هه‌رێمی کوردستاندا ده‌بێت هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، بارزانی، که‌ به‌ ناشه‌رعی وەک سەرۆکی هەرێم ماوه‌ته‌وه‌ ده‌بێت ڕایبگه‌یه‌نێت که‌ شکستی هێنا له‌ سیاسه‌ت کردن و له‌ ڕابه‌رایه‌تی کردنی بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان، هه‌ڵه‌یکرد له‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی ئه‌مه‌ بوو".

 


ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin