Smiley face
Smiley face
Smiley face

یەپەژە: لە ئۆپەراسیۆنی ڕەقەدا ٤٥٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنیمان ڕزگارکرد

2017-10-19 12:52:38



ڕۆژنیوز - ڕەقە

 

یەپەژە ڕایگەیاند، کە لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقەدا شەڕڤانان ٤٥٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنییان ڕزگارکردووە، دەشڵێت: دامەزرانی یەپەژە هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ بوو لە مێژووی ژندا.

 

ئەمڕۆ یەکینەکانی پاراستنی ژن(یەپەژە)، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە ڕەقە ڕزگاربوونی ڕەقەیان لە چنگی چەتەکان ڕاگەیاند.

 

کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکە لە مەیدانی نەعیمی ڕەقە بەڕێوەچوو، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بە مەیدانی مەرگ ناونرابوو، لە دەوروبەری کۆنگرەکەدا وێنەی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە هەڵواسرا و ئاڵای یەپەژە، یەژەشە، یەپەگە، قەسەدە و یەبەشە هەڵکران.

 

نەسرین عەبدوڵا، فەرماندەی یەپەژە پێش ئەوەی ڕاگەیەندراوی ڕزگارکردنی ڕەقە لە چنگی چەتەکانی داعش بخوێنێتەوە، ئەو سەرکەوتنەی لە عەبدوڵا ئۆجالان و هەموو شەهیدان پیرۆزکرد.

 

ڕاگەیەندراوەکە بەم شێوەیە دەستیپێکرد: ڕژێمی پیاوسالار لە هەموو لایەکەوە هەوڵدەدات، کە ژیان کۆنتڕۆڵ بکات و مێژووی لەسەر درێژکردنەوەی شەڕ و ناکۆکی دامەزراوە، ئەو ڕژێمە لە هەموو دۆخ و هەلومەرجێکدا هەوڵیداوە بە ڕشتنی خوێن قەیرانەکان تێپەڕێنێت، لەم نێوانەدا ژنان زیاتر لە هەمووان باجی ئەو سیاسەتە شەڕخوازانەیان داوە.

 

لە بەردەوامی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: مێژووی ژن بەدرێژەی مێژوو ئێش و ئازارێکی زۆری بە سەر هاتووە لە ڕۆژی ٤ی نیسانی ساڵی ٢٠١٣ەوە بە دامەزراندنی یەپەژە پێی نایە ناو قۆناغێکی نوێوە، بەو هەنگاوە مێژووییەوە یەپەژە بەرپرسیارێتیی مێژووی بەرخۆدانی ژنی لە ئەستۆ گرت و دەستیکرد بە چالاکی کردن بۆ کۆتاییهێنان بە ئێش و ئازاری ژنان، ژن لەو بەدوا لە بوارەکانی سیاسی، کۆمەڵگایی، کلتوری و سەربازی خۆی لە ژێر دەسەڵاتی پیاوسالارانە ڕزگارکرد و بووە واڵاترین سەرچاوە بۆ ژیان و ئاستێکی بەرزی ئەخلاقی خولقاند.

 

ڕاگەیەندراوی یەپەژە بەم شێوەیە بەردەوامی پێدراوە: دامەزراندنی یەکینەکانمان وەڵامێک بوو بۆ ئەو جوڵانەوانەی لە سوریا پێکهاتبوون، دەستە تیرۆریستەکانی ئەحراری شام و نوسرە و داعش بۆ گەلانی سوریا هەڕەشەیەکی گەورە بوون، لە یەکەمین شەڕمان لەگەڵ گروپە تیرۆریستەکاندا هەڤاڵ وارشین لە سەر هێڵی ژیانی ئازاد بەرخۆدانێکی گەورەی پیشاندا، لەو ڕۆژەوە یەکینەکانمان بووە گەورەترین هیوا بۆ هەموو ژنانی سوریا.

 

یەپەژە ڕاشیگەیاند: یەکینەکانمان هەر لە سەرەتاوە بوونە هێزی پێشەنگ بۆ شەڕی دژی تیرۆر، ئارین میرکان بووە سیمبۆلی سەرکەوتن و گیان فیدایی، پاشان شەهیدان شەڤین، هەبوون، سیلاڤا، زۆزان و دەیان شەهیدی دیکە پەیامی قارەمانێتییان دایە گەل، ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە بۆ یەکینەکانمان هەنگاوێکی ستراتیژیی بوو، ئامادەبوونمان لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقەدا بووە هەوێنێک بۆ یەکگرتنی هەموو ژنانی سووری، ژنانی کورد، عەرەب و هەموو پێکهاتەکانی دیکە لەو ئۆپەراسیۆنەدا تێکۆشین.

 

هەروەها ڕاشگەیەندرا: لە پایتەخت و لە ناو دڵی تیرۆریستەکاندا، قورسترین گورزمان لێدان و دەیان کچ و منداڵی ئێزدیمان لە چنگی چەتەکان ڕزگارکرد، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا دوو فەوجی شەڕڤانانی عەرەب بەشداری ڕیزەکانمان بوون، هەروەها فەوجێکی شەڕڤانانی یەژەشەش لە ئۆپەراسیۆنەکەدا ئامادەبوون.

 

لە کۆتاییدا یەپەژە ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقەدا ٤٥٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە چنگی چەتەکانی داعش و زۆرداری و تیرۆری ئەوان ڕزگارکران و گوازرانەوە بۆ شوێنە پارێزراوەکان لە شەڕ، هەروەها لە لە ئەنجامی ئەو بەرخۆدانە گەورەیەدا ٣٠ شەڕڤانمان شەهیدبوون.

 


ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin