Smiley face
Smiley face
Smiley face

هاوسەرۆکی کۆدار: بە ئەرکی خۆمانی دەزانین پشتیوانی باشوری کوردستان بکەین

2017-10-18 21:44:40



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

هاوسەرۆکی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – کۆدار، ڕایدەگەینێن کە بە ئەرکی خۆیانی دەزانن کە پشتیوانی باشوری کوردستان بکەن.

 

فوئاد بێریتان، هاوسەرۆکی کۆدار، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (هێڵێ سێ)ی تەلەفزیۆنی ئاریا، دوایین گۆڕانکاری ناوچەکە و بەتایبەت ڕووداوەکانی باشوری کوردستان و ئێراقی تاوتوێ کرد.

 

لە بەشێکی دیمانەکەیدا فوئاد بێریتان باسی له‌ بوونی کورد و کوردستان بە فاکتۆری سەرەکی و ناوەندی گۆڕانکارییەکانی هەرێمەکە دا كردو وتی:"لە ئێستادا هێزە جیهانییەکان و هەرێمییەکان بەرەو سیاسەتێکی نوێ هان داوە کە ناوەندی سیاسەتەکە کوردە، ئیدی بە ڕوانگەی کلاسیکی هاوشێوەی ڕابردووە ناتوانرێ مامەڵە لەگەڵ کێشەی کورد بکرێت.

 

هەروەها وتیشی:"ئەوەی کە چ هێزێک دەتوانێ پێگەیەکی گرنگی لە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی دیموکراتیدا هەبێت، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕوانگەی ئەوانەوە هەیە بەرامبەر بە کێشەی کورد، كورد له‌ باشوری كوردستان دوای شه‌ڕی داعش ده‌رفه‌تێكی زێڕینیان بۆ ساز بوو كه‌ كوردستان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كی نۆی ببه‌ن و بیكه‌ن به‌ مۆدێلێکی پێكه‌وه‌ژیانی گه‌لانی‌ كورد و عەرب و توركمان له‌ ناوچه‌كه‌دا و له‌ جیاتی ڕیفراندۆم بۆ سازكردنی ده‌وله‌ت كه‌ بۆ خۆی سه‌رچاوه‌ی قه‌یرانه‌ به‌ره‌و یەكێتی نه‌ته‌وه‌یی هاتبان  و ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌یان خستبا گارانتی.

 

هەروەها ئەوەش هاتووە:"به‌ڵام بەڕێوه‌به‌رانی هه‌رێمی كوردستان به‌ شێوەیەکی ڕاست کەڵک لەو دەرفەتەی کە بۆیان هەڵکەوتبوو وەرنەگرت، بۆیه‌ دیسان ده‌ڵێینه‌وه‌ كه‌ ته‌نیا ڕێگای تێپەڕبوون له‌م ڕه‌وشه‌ ئالۆزه‌ ده‌سپێكردنی دیالۆگ و تاوتوێكردنی ئه‌‌م ڕه‌وشه‌ ئالۆزه‌‌ و هه‌روه‌ها ده‌رخستنی نه‌خشه‌ ڕێگایەكه‌ بۆ تاوتۆێكردنی ئه‌‌م ڕه‌وشه‌.

 

لە بەشێکی دیکەشدا دەڵێت:"ده‌بێت لە كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كۆ ببێته‌وه‌ و بۆ سازكردنی هێزێكی هاوبه‌ش و دیپلۆماسییه‌كی هاوبه‌ش و هه‌روه‌ها بۆ رێكخستنی سه‌رله‌نوێ مالی كورد كار بكرێت، بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌رپرسی سه‌ره‌كییە‌ له‌ سازبوونی ئه‌‌م ڕه‌وشه، ده‌بێت بارزانی وهه‌موو ئه‌‌م كه‌سانه‌ و لایه‌نانه‌ی كه‌ بوون به‌ هۆكاری سازبوونی ئه‌‌م ڕه‌وشه‌ ناله‌باره‌ بدرێنه‌‌ به‌ر دادگای گه‌ل و حیسابیان لێ بخوازرێت.

 

فوئاد بێریتان ڕوونیشی کردەوە کە قۆناخێکی نوێی شەڕ لە عێراق دەستپێدەکات کە حەشدی شەعبی دەستی بە هەڵگیرساندنی کردووە و ڕایگەیاند کە:"پێشتر ئێمە سەبارەت بە دەستپێکردنی شەڕ لە کەرکوک هۆشیاریمان دابوو بە گەلەکەمان لە باشوری کوردستان و ڕایەدارانی هەرێم کە پێویسته کێشە و ناکۆکییەکان بە دیالۆگ و ڕێبازی دیموکراتیک چارەسەر بکرێن".

 

هاوسەرۆکی کۆدار سەبارەت بە هەڕەشە و هێرشەکانی حەشدی شەعبی بۆ سەر باشوری کوردستان و بەتایبەت کەرکوک دەڵێت:"حەشدی شەعبی دەیەوێت بە نوێنەرایەتی ئێران دەست بە شەڕێک بکات بۆ ئەوەی شەڕ لە مەیدانی ناوخۆی ئێران دور بخاتەوە بە ئاڵۆزکردن و داگیرکردنی باشوری کوردستان هەندێک تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە".

 

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا فوئاد جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە: "پێویستە خەڵکی باشور بە هەموو شێوەیەک ئامادە بن و لە ئەگەری هەرجۆرە هێرشێکدا خۆیان بپارێزن و لە مەیدان بن و شارەکان چۆڵ نەکەن و هێزی گەریلا لە پشت گەلی خۆی لە باشوری کوردستانە."

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin