ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر
فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنی ئەمڕۆی پەڕلەمانیان دا.
کاژتژمێر ١:٣٠ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان لە بینای پەڕلەمان ئەنجامدا، تیایدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و بڕیاری بایکۆتکردنی دانیشتنی ئەمڕۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیان دا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ئەبو بەکر هەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان وتی:"بە رێككەوتنی ژێر بەژێر و گوماناوی خاكی كوردستان هەرزان فرۆشكراوە، ناپاكی و خیانەت لە خوێنی 2 هەزار شەهید و خەباتی نەتەوەیەك كراوە، شكۆی گەلێك شكێنراوە، هەزاران پێشمەرگەی گیان فیدا دڵشكاون و سەنگەرەكانی بەرگریان پێ چۆڵكراوە، دەبوو پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لێپرسینەوە بكات لە كەمتەرخەم و سەبەبكارانی ئەم دۆخە پڕ ناسۆر و شلەژاوە و تاساوە، كە بووەتە هۆی ئەوەی كە هەموو ماڵێكی كوردستان لە هەر چوارپارچە ئازیزەكە و هەموو شوێنێكی تری دونیا خەفەت بار و تازییە بار بن".
ئەوەش هاتووە:"لە جیاتی فریاكەوتنی ئاوارەو لێقەوماوانی كەركوك، دووزخورماتوو و ناوچە كوردستانیەكانی تر، كە سەرەڕای دەیان شەهید و بریندار لە پێشمەرگە و هاوڵاتیان و خۆبەخشەكان، سوتاندنی سەدان ماڵی كورد و ژێر پێ خستنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان، لە لایەن ناحەزانی گەلەكەمانەوە نەك پەرلەمان و پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان گفتوگۆ لەم دۆخە مەترسیدارە ناكەن، بەڵكو سەرقاڵدەكرێن بە بابەتی دواخستنی هەڵبژاردنەكان، لەكاتێكدا كە كۆمسیۆن ڕایگەیاندوە ئاستەنگی یاسایی و ماددی و لۆجستی لە بەردەم پرۆسەكەدا هەیە".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو، ڕاشیگەیاند:"ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بایكۆتی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان دەكەین، كە پێمان وابوو بابەتی زیندوو و گرنگی ئەمڕۆی پەرلەمان دەبوایە گفتوگۆكردن بوایە لەسەر دۆخی شلەژاو و نادیاری هەرێم".
لەکۆتاییدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، کە یەكڕیزی نیشتیمانی بە تاكە زامنی پارستنی دەستكەوتەكانمان دەزانین وە ئەوەی لەدەستمان داوە دەبێت لەسەری ڕاوەستین و پەند و وانەی لێوەرگرین، ئەوەی كە ماوە رزگاری بكەین .
ئەمە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتیی پەڕلەمانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی بۆ کاتێکی نادیار دواخست.
ب.ل