Smiley face
Smiley face
Smiley face

فواد مەعسوم: ڕیفراندۆم ناکۆکی ترسناکی لێکەوتەوە

2017-10-17 19:17:44



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

لە ڕاگەیەندراوێکیدا سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند: ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆبونی هه‌رێمی كوردستان له‌ عیراق، ناكۆكیی ترسناكی لێكه‌وته‌وه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵیی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ نێوان خودی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیشدا.

 

دەربارەی دۆخی ئاڵۆزی ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان، کەمێک لەمەوبەر د.فواد مەعسوم سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆک کۆماری عێراقدا هاتووە:"له‌ چه‌ند سه‌عاتی رابردودا پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان ڕووداوی سه‌ربازیی و سیاسییان به‌خۆوه‌ بینی، ئه‌وه‌ش له‌ دوای جموجۆڵه‌ كتوپڕو نائاساییه‌كه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی فیدراڵیی بۆ دووباره‌ كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی پێگه‌ ستراتیژییه‌ سه‌ربازیی و په‌ترۆڵه‌ جاڕه‌كان و دامه‌زراوه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پارێزگاكه‌، كه‌ پێشتر زۆربه‌یان به‌ درێژایی ئه‌م ساڵانه‌ی دوایی دوای به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ به‌رچاوه‌كه‌ی حوزه‌یرانی ساڵی 2014 به‌ڕووی چه‌ته‌ تاوانباره‌كانی داعش له‌ ژێر چاودێریی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا بون و ڕێگرییان کرد، لەوەی تیرۆرستان کەرکوک داگیربکەن".

 

فواد مەعسوم ڕاگەیاند:"ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆبونی هه‌رێمی كوردستان له‌ عیراق، ناكۆكیی ترسناكی لێكه‌وته‌وه‌ له‌ نێوان حكومه‌تی فیدراڵیی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ نێوان خودی هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستانیشدا، ئه‌مه‌ش وایكرد كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی فیدراڵیی راسته‌وخۆ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كۆنترۆڵكردنی كه‌ركوك، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ نییه،‌ كه‌ گۆڕانكارییه‌ك له‌ سروشتی ده‌ستوریی ئه‌ركه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ روبدات، به‌و پێیه‌ی به‌شێكن له‌ سیستمی به‌رگریی سه‌ربازیی نیشتمانیی عیراق".

 

سەرۆک کۆمار دەڵێت:"ڕۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ كه‌ركوك ئاگادار ده‌كه‌ین رێزی ده‌سه‌ڵاتی قانون و ده‌وڵه‌ت بگرن، داوایان لێ ده‌كه‌ین بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر كاروبار و ژیانی ئاسایی خۆیان، له‌م بارودۆخه‌دا دان به‌خۆدا بگرن، ته‌واوی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیشمان راده‌سپێرین به‌هیچ جۆرێك خۆ له‌قه‌ره‌ی ماف و شكۆیی و رێزی هیچ كام له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و كارمه‌ندان و دانیشتوانی كورد و هه‌ر هاوڵاتیه‌كی تر نه‌ده‌ن له‌ كه‌ركوك و كار بكه‌ن بۆ رێگرتن له‌ هه‌ر زیادڕه‌وییه‌ك و گرتن و ره‌وه‌دونانی به‌رپرسیارانی ئه‌و ره‌فتارانه‌ هه‌ر كه‌سێك بێت، په‌له‌ش بكه‌ن له‌ دابینكردنی سه‌لامه‌تیی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌رچی زوتری هاوڵاتییه‌ كه‌ركوكییه‌كان به‌ سه‌ربه‌رزیی و ئارامیی كه‌ ناچاربوون ماڵه‌كانیان جێ بهێڵن، به‌هۆی هه‌ڵمه‌ته‌ سه‌ربازییه‌كان و ئاسه‌واره‌كانی بارودۆخه‌كه".

 

لە بەشی کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی د. فواد مەعسوم-دا، هاتووە:"له‌ كاتێكدا به‌ پێزانینی زۆره‌وه‌ بانگه‌وازه‌كه‌ی سه‌ماحه‌تی ئایه‌توڵا عوزما سه‌ید عه‌لی سیستانی به‌رز ده‌نرخێنین بۆ پابه‌ند بوون به‌ ده‌ستوور وه‌ك خۆی و په‌نای بۆ ببرێت له‌ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌ ناوخۆییه‌كاندا، هیواداری و دڵنیاشین هه‌موان ره‌چاوی هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ن و پێكه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ن بۆ كاری جدیی و به‌رده‌وام به‌ ئامانجی دان به‌خۆدا گرتن، تا كه‌شوهه‌وای له‌باری دیالۆگ ئاشتی و دیموكراسیی و ده‌ستوریی بڕه‌خسێت، هه‌نگاو بۆ پێشه‌وه‌ بنرێت به‌ره‌و گه‌شه‌پێدانی ده‌ستكه‌وته‌كانی سیستمی دیموكراسیی كه‌ یه‌كێتیی عیراق و سه‌روه‌رییه‌كه‌ی بپارێزێت‪.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin