Smiley face
Smiley face
Smiley face

بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

2017-10-17 17:49:00



ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان

 

لەسەر دۆخی ئەمڕۆ و ڕووداوەکانی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکانیتر، مەسعود بارزانی، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: ئەوەی لە شاری كەركووك ڕووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو

 

دەربارەی هاتنی هیزەکانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ ناوچە دابڕاوەکانی هەرێمی کوردستان، کەمێک لەمەوبەر مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، پەیامێکی لە سایتی سەرۆکایەتی هەرێمەوە بڵاوکردەوە.

 

لە پەیامەکەدا کە ئاراستەی ڕای گشتیی كوردستان و عێراق و جیهانی کردووە، هاتووە:"بە درێژایی مێژوو گەلی كوردستان لەژێر هەڕەشە و زوڵمدا بووە و مافەكانی پێشێل كراوە، لەو مێژووەدا گەلی كوردستان بەرگریی لە ناسنامەی خۆی كردووە و تووشی جینۆساید و كۆمەڵكوژی هاتووە، كە دوایینیان پەلاماری دڕندانەی تیرۆریستانی داعش بووە بۆ سەر كوردستان و جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی، لەگەڵ ئەوەیشدا گەلی كوردستان هەمیشە لە ڕوانگەی چارەسەری ئاشتیانەدا هەنگاوی ناوە و هیچ كاتێك شەڕمان نەویستووە، بەڵكو شەڕمان بەسەردا سەپێندراوەو هەموو هەوڵێكمان بۆ چارەسەری ئاشتیانە داوە بۆ مانەوەمان و گەیشتنمان بە ئامانجەكانمان، ئامانجی سەرەكیشمان هەمیشە ئاساییش و مافەكانی گەلی كوردستان بووە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە:"ئەوەی لە شاری كەركووك ڕووی داوە، دەرئەنجامی بڕیاری تاكلایەنەی چەند كەسێك لەنێو لایەنێكی سیاسیی ناوخۆی كوردستان بوو، كە دواجار بووە هۆی ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بەو شێوەیەی كە دیترا پاشەكشە بكەن و لە دەرئەنجامی ئەم پاشەكشەیە، هێڵی تەماسی پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ لە 17ـی 10ـی 2016 لەنێوان بەغدا و هەولێر بووە، بە بنەمای لەیەكگەییشتن لە چۆنییەتیی بڵاوەپێكردنی هێزەكانی عێراقی و هەرێمی كوردستان".

 

بارزانی ڕایگەیاندووە:"جەماوەری كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ئەوەی پێویستە و دەكرێ، لەپێناو پاراستنی دەستكەوتنەكانمان و ئارامی و ئاساییشی خەڵكدا ئەنجامی دەدەین، ئێستایش داكۆكی لەسەر پاراستنی یەكڕیزی و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و هێزە سیاسییەكان دەكەینەوەو، داوایش لە دەزگەكانی ڕاگەیاندن دەكەم بە گشتی لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتیی نەتەوەیی و نیشتیمانی مامەڵە لەگەڵ بارودۆخی هەستیاری كوردستان و عێراقدا بكەن".

 

لەکۆتاییدا بارزانی دەڵێت:"گەلی خۆڕاگری كوردستان، جەماوەری دڵسۆز و خۆبەخشەكان، پێشمەرگە قارەمانەكان، كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانمان، ئەو خوێنەی ڕۆڵەكانتان لەڕێگەی ئازادیی كوردستان بەخشیویانە و ئیمڕۆش هەر دەبەخشرێ، ئەو دەنگە زوڵاڵە بەرزەی كە بۆ سەربەخۆیی كوردستان خستانەڕوو، و گەیاندتانە گشت گەلان و وڵاتانی جیهان، ڕۆژێك لە ڕۆژان بە فیڕۆ ناچێت و بەفیڕۆیش نایدەین، بە هیمەتی هێز و ڕۆڵە قارەمانەكانی زوو یان درەنگ هەر دەگاتە ئامانجە ڕەوا و پیرۆزەكانی".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin