Smiley face
Smiley face
Smiley face

ئاسایشی کەلار: ڕێگە بە هیچ هێزێک نادەین تێپەڕی کەلار ببێت

2017-10-17 17:25:01



ڕۆژنیوز – بۆتان گەرمیانی

 

بەڕێوەبەری ئاسایشی کەلار، ڕایدەگەیەنێت: دڵنیایی بە خەڵکی کەلار دەدەین، کە هیچ هێزێک نەپەڕیوەتەوە بۆ کەلار، و هیچ ڕێکەوتنێکیش نییە بۆ هاتنی هیچ هێزێک بۆ ناوچەکە.

 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ گروپێک لە هێزی حەشدی شەعبی و سواتی عێراقی، بەهەڵە هاتنە سەر پردی گردەگۆزینە، کە پردی پەڕینەوەیە بۆ شارۆچکەی کەلار لە ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، دواتر پاشەکشەیان کرد، بەڵام دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان دروستکردووە، لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری ئاسایشی کەلار بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

 

موقەدەم سەردار مەحمود، بەڕێوبەری ئاسایشی کەلار، وتی:"دوای ئەو ڕێکەوتنەی دوێنێ کرابوو لە نیوان میحوەری گەرمەسێر لە گەڵ هێزەکانی عێراقدا، ئەمڕۆش هێزێکی حەشدی شەعبی و سواتی عێراقی، هاتبوو بۆ سەر پردی ساڵەح ئاغا- گردەگۆزینە، کە پردی پەڕینەوەیە بۆ کەلار، دیارە واهاتبوون کە لەو شوێنانە زاڵگەی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم لەگەڵ هێزی عێراقی فیدراڵی، دەستنیشان بکرێت و دابنرێت بۆ داهاتوو، بەڵام بەهەڵە هاتبوون، چونکە پردەکە زاڵگەی ئاسایشی کەلار و  گەرمیانە".

 

 

وتیشی:"دوای ئەوەی کە ئێمە ڕۆشتینە لایان و گفتوگۆمان لەگەڵ بەرپرسەکانیان کرد، پێمان ڕاگەیاندن، کە بە هەڵە هاتوون و ئەمە ئەو ناوچەیە نییە، کە پێش ساڵی ٢٠١٤، بە هاوبەشی زاڵگەی پۆلیسی عێراقی فیدراڵ و هەرێم بووە، دواتر دوای مانەوەیان بۆ ماوەی یەک بۆ دوو کاتژمێر پاشەکشەیان کرد".

 

ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئێستاشدا ئێمە وەک ئاسایشی کەلار لە جێگەی خۆمانین، و ڕێگە بە هیچ هێزێکیش نادەین کە بێتە ناو شارۆچکەکەوە ئیجرائات بکات.

 

لە کۆتایشدا بەڕێوەبەری ئاسایشی کەلار ئەوەشی وت:"دڵنیایی بە خەڵکی کەلار دەدەین، کە هیچ هێزێک نەپەڕیوەتەوە، بۆ شارۆچکەی کەلارو هیچ ڕێکەوتنێکیش نییە بۆ هاتنی هیچ هێزێک بۆ ناوچەکە".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin