Smiley face
Smiley face
Smiley face

سلێمانی بۆ دۆخی ژیانی ئۆجالان و ئاڵۆزییەکانی کەرکوک خۆپیشاندانی ئەنجامدا

2017-10-16 18:19:49



ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد

 

سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ژیانی عەبدوڵا ئۆجالان و ئاڵۆزییەکانی کەرکوک،  بە دەستپێشخەری تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-رژاک، و بە بەشداری هاوڵاتییانی شارەکە، لە شاری سلێمانی خۆپیشاندانێک ئەنجامدرا.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی، خۆپیشاندانێک لە بەردەم باخی گشتییەوە دەستی پێکرد، خۆپیشاندانەکە تا بەردەرکی سەرا بەردەوامی هەبوو، پاشان وتاری لایەنی خوێندرانەوە.

 

ڕوناک مەجید، بەیاننامەی تەڤگەری ئازادی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: ئێمه‌ وه‌کو ته‌ڤگه‌ری ئازادی مەترسی لەسەر ژیانی رێبەر ئاپۆ وەک مەترسی لەسەر تەواوی گەلانی ئازادیخواز، بەتایبەت گەلی کورد دەبینین، دۆخی ئاڵۆز و قەیراناوی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش گرێدراوی بەرخوادان و تێکۆشان و ژیانی ڕێبەر ئاپۆیە، پێشمانوایە ئازادی رێبەر ئاپۆ چارەسەری قەیرانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەت کورستان دەبین.

 

 

ئەوەش هاتبوو: هەروەها ئەم دۆخەی ئێستاش لە کەرکوک ڕوودەدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م دۆخه‌ به‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تی شکستخواردووی 26 ساڵی ڕابردووی ده‌سه‌ڵات، به‌تایبه‌تی خستنه‌ ڕۆژه‌ڤی پرسی ڕیفراندۆم و پێشخستنی هزری نه‌ته‌وه‌ په‌ره‌ستی کلاسیک و شه‌ڕخوازانه‌ ده‌زانین، له‌ هه‌مان کاتدا به‌ تێوه‌گلانی به‌شێک له‌ هێزه‌ کوردیه‌کانی ده‌بینین له‌گه‌ڵ پیلانی ترسناکی داگیرکاران، که‌ به‌داخه‌وه‌ شه‌نگالێکی تر له‌ که‌رکوکدا دوباره‌ ده‌بێته‌وه‌ .

 

هەروەها شەھێن محەمەد، ئەندامی ڕژاک، بەیاننامەکەیەی ڕێکخراوەکەیانی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو:"پیلانگێڕی نێوده‌وڵه‌تی که‌ له‌ که‌سایه‌تی ڕێبه‌ری گه‌لی کورد عه‌بدوڵا ئۆجا‌لان په‌ره‌ی سه‌ندووهو ئه‌مڕۆ گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستی هه‌موو کوردستان، هێرشه‌کانی ئه‌م دوایانه‌ی داگیرکاران له‌ که‌رکوک ئاستی قووڵی ئه‌م پیلانگێڕیه‌ ده‌ستنیشان ده‌کات و دۆخه‌که‌ له‌ هه‌ر لایه‌که‌وه‌ به‌ره‌ و مه‌ترسی ده‌بات و خراپبوونی ڕه‌وشی ڕێبه‌ر ئاپۆ و نه‌بوونی هه‌واڵێکی تازه‌‌ گومانی ئێمه‌ی گه‌لی کورد و به‌ تایبه‌تی ژنان زیاتر ده‌کات".

 

 

له‌ کۆتایی به‌یاننامه‌که‌دا ڕژاک بانگ له‌ هه‌موو ژنانی باشوری کوردستان ده‌که‌ن، که‌ له‌ پێناو پووچه‌ڵکردنی گۆشه‌گیری سه‌ر ئۆجالان  ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی ده‌رببڕن و ئاماژە بەوەشکرابوو:"ئه‌و ژنانانه‌ی که‌ توانای پاراستنیان هه‌یه،‌ به‌ تایبه‌ت ژنانی که‌رکوک به‌ هه‌موو پێکهاته‌کانیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌و شه‌ڕه‌ که‌ هیچ پێوه‌ندی به‌ خواستی گه‌لی کورد و گه‌لانی که‌رکوکه‌وه‌ نییه‌، هوشیارانه‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست بن و له‌ پێناو پاراستنی گه‌لانی که‌رکوک ده‌ست به‌ خۆپاراستن بکه‌ن و ڕیزه‌کان یه‌ک بخه‌ن.

 

ژینۆ کەریم، ئەندامی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان، لە خۆپیشاندانەکەدا وتی: ئێمەی گەنجان ئامادەین کە بەرگری لە خاکەکەمان بکەین، داواش لە گەنجانی دیکە دەکەین کە بێن و پێکەوە ھەموومان لە ھەوڵدا بین بۆ ئازادکردنی کوردستان و بۆ بەرگری لە کوردستان.

 

هەروەها ھاوڕێ پەنا، پێشمەرگەی دێرین، وتارێکی پێشکەشکردو، وتی:ھێشتا کفنی مام جەلال، سکرتێری گشتی یەکێتی زەرد نەبووە دەستیان کردووە بە دەرمانخواردنی سەرۆک ئۆجالان، داگیرکەران دەستیان ناوەتە دەستی یەک بۆ پیلانگێڕی لە دژی کوردو بۆ داگیرکردنی کوردستان، بۆیە پێویستە ھێزە نیشتیمانیەکانیش دەست بخەنە دەستی یەک، ئێستا ھەموو پێشمەرگە و گەریلا دەستیان ناوەتە دەستی یەک و خوێنیان تێکەڵ بەیەک بووە لە بەرامبەر بەرگری کردن لە خاکی کوردستان.

 

مەلا نادر عەلی، مامۆستای ئاینی-یش لە خۆپیشاندانەکەدا وتی: ھیچ ھێزێکی داگیرکەر ناتوانێت شەو لە کوردستان ڕۆژ بکاتەوە، ھەر کەسێ کە دەیەوێت خیانەت لەم خاکە بکات، دەیکەین بە قوربانی خوێنی شەھیدێکی پشمەرگە و گەریلا دەکەین.

 

تارا حسێن، جێگری ھاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی لە خۆپیشاندانەکەدا، وتی: ئەم پیلانگێڕیەی کە لە کەرکوک پەیڕەو دەکرێت ھەمان ئەو پیلانگێڕییەیە کە بەسەر ئۆجالان بەڕێوەدەچێت، کاتێک وتمان کاتی ڕیفراندۆم نییە، ئێمەیان بە خیانەتکار لە قەڵەم دەدا، ئێمە دڵسۆز بوین ئەم ڕۆژەمان بیربوو، دەبێت یەک بە یەکی بەرپرسە سیاسییەکان دەست لە کار بکێشنەوە لەبەرامبەر ئەو ھێرشانەی کە لە کەرکوک ڕوویدا.

 

 

تارا، وتیشی: پێویستە کەرکوک ببێتە شوێنی پێکەوە ژیانی ھەموو گەلان، پێویستە کەرکوک ئیتر خۆی خۆی بەڕێوە ببات، وە پێویستە گەلی کورد ئیتر چاوەڕێی ھێزێک نەبن کە لە کاتی تەنگانەدا جێیان دەھێڵێت.

 

باسی لەوەشکرد: ھێزی پاراستنی مەدەنی تەڤگەر ڕایگەیاندووە، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و گەل، بۆ ئەوەی ئەگەر ھێزێکی ڕەشی وەکو داعش و وەکو حەشدی شەعبی ھێرش دەکەنە سەر خاکەکەمان ئەوا کوڕان و کچانی خۆمەن بەرگری لە خۆیان بکەن.

 

ئەوەشی ڕاگەیاند: سبەینێ کاتژمێر ١٠ی بەیانی لەبەردەم باخی گشتی خێمە ھەڵدەدەین بۆ پشتگیریی خەڵکی کەرکوک و داواکاریی بۆ ئازادیی ئۆجالان و  ھاوڵاتیانیش دەتوانن بێن لەگەڵمان بەشداربن.

 

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin