Smiley face
Smiley face
Smiley face

هەڵەبجە، فشار دەخرێتە سەر حکومەت بۆ کردنەوەی بەڕێوبەرایەتییەک 

2017-10-15 15:37:17



ڕۆژنیوز – جیهاد هه‌ورامى


ژمارەیەک ڕێکخراوی شاری هەڵەبجە بە هاوکاریی نووسینگەی مافی مرۆڤ که‌مپەینێک ڕادەگەینن به‌مه‌به‌ستى فشارخستنه‌ سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ى له‌زووترین کاتدا بەڕێوبەرایەتی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە شارەکە بکاتەوە.

 

ئه‌مڕۆ له‌هۆڵى کازیوه‌-ی شاری هەڵەبجە ڕێکخراوى هاریکاریى یاسایى ژنان به‌هاوکاریى ڕێکخراوى نیدى ئه‌مریکى و به‌هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ نووسینگه‌ى مافى مرۆڤى هه‌ڵه‌بجه‌ کۆبوونه‌وه‌یەکیان ئەنجامدا و تیایدا گفتوگۆیان له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ و گیروگرفتەکانى به‌رده‌م جێبه‌جێ کردنى یاساى به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى خێزانىی کرد.

 


 
شۆخان حه‌مه‌ڕه‌شید، به‌ڕێوه‌به‌رى ڕێکخراوى هاریکارى یاسایى ژنان، به‌ ڕۆژنیوزى ڕاگه‌یاند: دیارترین ئه‌و کێشه‌ وگیروگرفتانه‌ به‌تایبه‌ت له‌دواى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه‌ بوونیان هه‌یه،‌ بریتین له‌ نه‌بوونى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کى تایبه‌ت به‌نه‌هێشتنى توندوتیژیه‌ خێزانییه‌کان و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژى دژى ژنان و نه‌بوونى لیژنه‌ى ئاشته‌وایى و گرفتى لێکۆڵینه‌وه‌ و نه‌بوونى بیناى پێویست و گرفتى نه‌بوونى زانیاریى و چه‌ند کێشه‌یه‌کى تر".

 

شۆخان حه‌مه‌ڕه‌شید

 

ئاماژەی بەوەشدا: به‌پێى یاساى ژماره‌ ٨ى ساڵى ٢٠١١ى په‌رله‌مانى هه‌رێمی کوردستان تایبه‌ت به‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ى توندوتیژیى خێزانى پێویسته‌ له‌ هه‌موو پارێزگایه‌ک به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کى تایبه‌ت به‌ نه‌هێشتنى توندوتیژى دژى ژنان هه‌بێت، بەڵام به‌داخه‌وه‌ ماوه‌ى دوو ساڵه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌ به‌پارێزگا و حکومه‌تیش به‌بیانووى قه‌یرانى دارایى و نه‌بوونى میلاک ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ى نه‌کردوه‌ته‌وه‌.


 
ناوبراو، وتیشی: له‌کۆبونه‌وه‌که‌دا گه‌یشتینه‌ ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى، که‌ به‌هاوکاریى نووسینگه‌ى مافى مرۆڤى هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێکخراوه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌سه‌ره‌تاى مانگى داهاتوو که‌مپینێک ڕابگه‌یه‌نین به‌مه‌به‌ستى فشارخستنه‌ سه‌ر حکومه‌تى هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ى له‌زووترین کاتدا ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ له‌پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بکاته‌وه‌ و ئه‌و کێشه‌ و گیروگرفتانه‌ى که‌ ڕووبه‌ڕووى ژنان ده‌بنه‌وه‌ له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بکرێن.


 
ڕێکخراوى هاریکارى یاسایى ژنان ڕێکخراوێکى مەدەنییە و له‌ساڵى ٢٠٠٨ له‌سلێمانى دامه‌زراوه‌ به‌ئامانجى چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌ و ئه‌و توندوتیژیانه‌ى به‌رامبه‌ر به‌ژنان ده‌کرێت له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ و له‌ شاره‌کانى هه‌رێمى کوردستان ستافى تایبه‌تى خۆیان هه‌یه‌.

 

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin