Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانى ناو حزبه‌کان نیگه‌رانن له‌ ڕۆڵ و به‌شداریکردنیان لە بڕیارەکان

2017-10-14 11:22:18



ڕۆژنیوز- مارى به‌کر

 

ژنانى ناو حزبه‌ سیاسییه‌کانی باشوری کوردستان نیگه‌رانن له‌وه‌ى وه‌ک پێویست به‌شدارنین له‌ ناوه‌نده‌کانى بڕیارى حزبه‌کانیان و ئه‌ندامێکى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتیش ده‌ڵێت: ئەزمون کراوه‌ هه‌ر پرسێک ژن ئیداره‌ى کردووه‌ و بڕیارى بۆ داوه‌ ئه‌نجامه‌که‌ى باشتر و ته‌ندروستتر بووه‌.

 

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ڕیژه‌ى جیاوازى ژنان بوونیان هه‌یه‌ له‌ نێو لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانى باشورى کوردستان، به‌ڵام وه‌ک پێویست به‌شدارى سیاسى و بڕیارى سیاسیان نییه‌ ژنانى باڵاى ناو لایه‌نه‌کانیش به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ باسى ئه‌م بابه‌ته‌ده‌که‌ن. 

 

کوێستان محه‌مه‌د، ئه‌ندامى جڤاتى گشتى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، باسى له‌ چۆنیه‌تى بڕیاردان له‌ناو  بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان کرد و به‌ ڕۆژنیوزى وت: ‌ ئێمه‌ى ژنان گله‌ییمان هه‌یه‌ له‌ که‌مى ڕێژه‌مان، به‌ڵام شێوازى بڕیاردان له‌ناو گۆڕان جیاوازتره‌ له‌ حزبه‌کانى تر، له‌ ئۆرگانه‌کانى خواره‌وه‌ بڕیار به‌رزده‌کرێته‌وه‌ بۆ  سه‌ره‌وه‌ و په‌سه‌ند ده‌کرێت، له‌م جۆره‌ بڕیاردانه‌شدا نه‌ ژنان نه‌ پیاوان بێبه‌ش نابن، به‌ڵام به‌ پێى ڕێژەکە جیاوازە.

 

کوێستان محه‌مه‌د

 

کوێستان، ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، کە ژنانى گۆڕان پێکه‌وه‌ توانیویانه‌ له‌ ناو بزوتنه‌وه‌که‌یاندا هاوده‌نگ بن له‌پاڵ خه‌باتى سیاسى، خه‌باتى مه‌ده‌نى و ژنانه‌ى خۆیان فه‌رامۆش نه‌کردووه‌ و له‌ گۆڕاندا کارئاسانیى بۆ ژنان کراوه‌ زۆر هه‌وڵده‌درێت بێنه‌پێشه‌وه‌، به‌ڵام هێشتاش ڕێژه‌که‌ وه‌ک پێویست نییه‌.

 

کوێستان، داواى له‌ ژنانى ناو حزبه‌کان کرد، کە له‌ده‌ورى یه‌ک کۆببنەوە بۆ خه‌باتى ژنان و واز له‌به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سکى حزبى بێنن و ئامانجیان ته‌نها پێشخستن و ئازادیى ژنان بێت.

 

له‌باره‌ى هه‌مان پرسه‌وه‌ به‌یان نورى، وه‌زیرى پێشووى کاروبارى ژنان له‌ حکومه‌تى عێراق، له‌سه‌رپشکى یه‌کگرتووی ئیسلامی به‌ ڕۆژنیوزى وت:"زۆرینه‌ى سه‌رکردایه‌تى و ناوه‌ندى بڕیارى حزبه‌کان له‌ پیاوان پێکدێن بۆیه‌ وا ده‌رده‌چێت بڕیاره‌کان پیاوانه‌بن".


به‌یان نورى

 

به‌یان، وتیشی:"غیابى ژن  زۆره‌ له‌ ناو  شاندی دانوستانه‌کان، له‌ نێو په‌یوه‌ندییه‌کاندا ژن په‌راوێزخراوه‌ ئه‌مه‌ش باش نییه‌، پێویسته‌ هه‌م ژنان داوا بکه‌ن هه‌میش سه‌رکردایه‌تیکردنى هێزه‌ سیاسییه‌کان ئه‌وه‌ تێکبشکێنن و ده‌رفه‌تى زیاتر بده‌ن به‌ ژنان".

 

به‌یان نورى، په‌یامى بۆ ژنان ته‌نها ئه‌وه‌بوو که‌ ژنایه‌تى و خه‌بات بۆ مافه‌کانى خۆیان فه‌رامۆش نه‌که‌ن له‌هه‌ر پله‌ و له‌ناو هه‌رحزبێکدابن، گه‌شبینیش بوو به‌وه‌ى که‌ ورده‌ ورده‌ خه‌باتى ژنان ده‌توانێت پێگه‌ى ژن به‌هێزبکات.

 

له‌ کۆمه‌ڵى ئیسلامى قه‌ده‌م خێر عه‌بدوڵا، که‌ ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى به‌ڕێوه‌بردن و به‌رپرسى مه‌کته‌بى ڕێکخراوه‌ پیشه‌ییه‌کانە‌، بە هەمان شێوە پێیوایە، کە نه‌تواندراوه‌ ژن به‌ فعلى بێته‌خاوه‌ن بڕیار لەناو ‌حزبه‌کان-دا و بۆ ڕۆژنیوز ئاماژەی بە هۆکارەکانی ئەو کێشەیە کرد و وتی: ململانێى توندى  سیاسى که‌ له‌نێو پیاوان هه‌یه‌ و ترس و نەبوونی متمانەی پیاوان و کۆمەڵگە بە توانای سیاسیی ژنان و ئیدارەدانیان، رێگرن لە بەردەم ڕۆڵبینینی ژنان و بەشدارییکردنیان لە بڕیاردان.

 

قه‌ده‌م خێر عه‌بدوڵا

 

قه‌ده‌م خێر، پێشیوایە، کە ژنان توانیویانه‌ هه‌نگاوى باش بچنه‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام پێویستیان به‌ خۆ ڕێکخستنه‌وه‌ و به‌رده‌وامیى هه‌یه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنى زیاتر.

 

هەروەها، په‌روین بابه‌کر، ئه‌ندامى سه‌رکردایه‌تى یه‌کێتى نیشتیمانى کوردستان ، کێشه‌ى که‌مى ژن له‌ بڕیاردانى سیاسى گرێ‌ ده‌دات به‌و دۆخه‌ کۆمه‌ڵایەتییەی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست هه‌یه‌ بۆ پێگه‌ى ژن و به‌شداریکردنى له‌ نێو سیاسه‌ت و ئیداره‌داندا و بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: ڕاسته‌ له‌م ساڵانه‌ى دوایدا ژنان توانیمان قۆناغێک بچینه‌ پێشه‌وه‌، به‌ڵام هێشتاش وه‌ک پێویست نییه‌ و نه‌تواندراوه‌ له‌و نه‌ریته‌ ده‌ربازببین که‌ ده‌رفه‌ت بدرێت ژنان بڕیاربه‌ده‌ست بن و حزبه‌کانیش له‌ژێر ئه‌و کاریگه‌رییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دان.

 

په‌روین بابه‌کر

 

په‌روین، ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو له‌ناو یه‌کێتى وه‌ک حزبێکى سۆشیاڵ دیموکرات به‌رده‌وام کار له‌سه‌ر چه‌ندێتى و چۆنیه‌تى به‌شداریکردنى ژنان  کراوه‌ و وتیشى: چۆن رێژه‌مان ده‌وێت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر پرسێک، هه‌مان شێوه‌ کاریگه‌ریى و ڕۆڵى ژنیش پێویستیه‌کى گرنگه‌، ئەزمونیش کراوه‌ ژنان به‌تواناترن، هه‌ر پرسێک یان بابه‌تێک ژن ئیداره‌ى کردووه‌ و بڕیارى بۆداوه‌ ئه‌نجامه‌که‌ى باشتر و ته‌ندروست تربووه‌.

 

 

ش.ف



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin