Smiley face
Smiley face
Smiley face

"پێویستە سەرکردایەتی باشور دەستپێشخەرییەکەی ڕۆژئاوا بەهەند وەربگرێت"

2017-10-13 12:33:21



ڕۆژنیوز - هاوڕێ کرێکار

 

بەشێک لە چاودێرانی سیاسی ڕایدەگەیەنن، پێویستە سەرکردایەتی کورد لە باشوری کوردستان دەستپێشخەرییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەهەند وەربگرێت، چاودێرێکی سیاسیش دەڵێت:"ئەم هەڵویستەی ڕۆژئاوا، ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی یەکێتی کوردان دروست ببێت".

 

باشوری کوردستان لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، ڕووبەڕووی چەندین هەڕەشەی جۆراوجۆر بووەوە، لەلایەن بەشێک لە وڵاتانی دراوسێ، بەڵام ڕۆژئاوای کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی، بۆ هاوکاریکردنی باشور.

 

لەم بارەیەوە، عەبدولڕەحمان بامەڕنی چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان، عێراق بە هەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات فشار لەسەر هەرێم دروست بكات، بۆ ئەوەی لە ئەنجامی ئەم ڕیفراندۆمە پاشگەز ببێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا توركیا و ئێران بەردەوام هەڕەشەی گرتنی دەروازە سنورییەکان لە باشور دەکەن، ئەگەر توركیا و ئێران فشار لەسەر هەرێم دروست بكەن، ڕەنگە مانگێك یان دوو مانگ هیچ كاریگەری لەسەر ئەوان نەبێت، بەڵام بۆ هەرێمی كوردستان داخستنی دەروازەكان بۆ یەك مانگیش زۆرە.

 

 

بامەڕنی، وتیشی:دەستپێشخەرییەکەی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوای كوردستان، کە کردنەوەی دەروازە سنورییەکانە بەڕووی باشور-دا، هەنگاوێكی زۆر گرنگە بۆ ئێستای  باشور، پێویستە سەركردایەتی كورد بیر لەم پرسە بكاتەوە و بەگرنگییەوە لێی بڕوانێت، پێویستیشە باشور بۆ ئەم هەنگاوەی ڕۆژئاوا بیر لە ڕابردوو نەکاتەوە، چونکە ئێستا دوژمنانی گەلەکەمان چاویان لەسەر باشورە، هەموومان پێویستمان بە یەکترە، دەبێت ناکۆکییەکان بەلاوە بنێین و یەکپارچەیی کورد لەبەرچاو بگرین.

 

بورهان ڕەئوفیش، چاودێری سیاسییە، سەبارەت بە هەمان پرس بۆ ڕۆژنیوز وتی: هاوکارییەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و کۆبانی لە دژی چەتەکانی داعش، کردنەوەی سنوورەکانی ڕۆژئاوا بەڕووی باشور لە ئەنجامی فشاری وڵاتانی دوژمنی دۆزی نەتەوەکەمانە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە داگیرکەران ناتوانن بۆ جار جاریش کۆسپ و تەگەرە دروست بکەن، لەبەردەم یەکگرتنی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان.

 

 

بورهان ڕەوف، وتیشی:ئەم هەڵویستەی ڕۆژئاوا هاندەر و ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی یەکێتییەکی کوردان دروست ببێت، چونکە ئێستا داگیرکەران و دوژمنانی  کورد بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانەوە یەکیان گرتووە، بۆ لە ناوبردنی خەونەکانی کورد، بۆیە کردنەوەی دەروازە سنورییەکان لە لایەن ڕۆژئاواوە، پێویستە بکرێتە هەنگاوێک بۆ کۆتایی هاتنی هەموو ناکۆکییەکان.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin