Smiley face
Smiley face
Smiley face

فەرماندە سەربازییەکانی میحوەری کەرکوک باسی دوایین گۆڕانکارییەکانی سنوورەکە دەکەن

2017-10-13 11:49:56



ڕۆژنیوز- سۆران محەمەد

 

فەرماندە سەربازییەکانی میحوەری کەرکوک، باس لە دوایین گۆڕانکارییەکانی سنوورەکە دەکەن، فەرماندەی چواری باشووری هێزەكانی پێشمەرگە، ڕایدەگەێنێت:حەشدی شەعبی هەلی بۆ بڕەخسێت كەركوك داگیر دەكات، فەرماندەیەكی حەشدی شەعبی دەڵێت"هێزەكانی عەسائیبی ئەهلی حەق نیازی هێرش كردنیان هەیە".

 

شەوی ڕابردوو، هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری گوندەكانی بەشیر و جدیدیە، پلانی هێرشكردنیان بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە داڕشتبوو، بۆ ئەو مەبەستەش لە چەندین لایەنەوە هەڕەشە وە گوشارەكانیان بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە چڕ كردبووە.

 

 

ئیدریس سابیر، فەرماندەیەكی كوردی حەشدی شەعبی لە سنووری گوندی جدیدیە، لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی، ڕاگەیاند:"جموجۆڵەكانی ناوچەكە لە لایەن عەسایبی ئەلی حەق-ەوەیە، هەروەها چەكی قورس كەلوپەلی سەربازی زۆریان لە نزیك گوندی جیدیەی سەر بە شارەدێی داقووق جێگر كردووە، نیازی خراپیان هەیە، ئەگەر هەماهەنگی نەكرێت شەڕێكی خوێناوی دروست دەبێت".

 

 

ڕاشیگەیاند:"عەسایب و چەند گروپێكی تری نێو حەشدی شەعبی، توندڕەون و گوێ بە فەرمانی سەرۆكی هێزە چەكدارەكان، حەیدەر عەبادی نادەن و لە لایەن كەسێكەوە لە ئێرانەوە ئاڕاستە دەكرێن، بارەگا و سەنگەركانی عەسائیبی ئەهلی حەق، لە ئێمە نزیكن، بەشێوەیەك توندڕەون، چاو لە ئێمە و هێزەكای حەشدی شەعبی سوور دەكەنەوە".

 

 

لە لایەكی ترەوە، وەستا  ڕەسووڵ، فەرماندەی میحوەری چواری باشووری كەركوكی، هێزەكانی پێشمەرگە، بۆ ڕۆژنیوز، دەڵێت:"حەشدی شەعبی هەلی بۆ بڕەخسێت، كەركوك داگیر دەكات، بەڵام ئێمە لە سەنگەرەكانەوە، ڕێگە بە پلانێكی لەوجۆرە نادەین، ئێستا ئێمە لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەین، سەرجەم میحوەركان ئارامن، هەروەها حەشدی شەعبی و هێزەكانی عێراق داوای كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە دەكەن، لە سەنگەرەكانی ئێستایان".

 

 

ناوبراو، ئاماژەی بەوەش كرد:"ئێمە نازانین چی لە دڵی هێزەكانی حەشدی شەعبیدا هەیە، بەڵام دڵنیاین لەوەی كە نیازی باشیان نییە بەرامبەر هێزەكانی پێشمەرگە".

 

 

ئەبو ئەیوب نەجار، وتەبێژی حەشدی شەعبی لە سنوری باشووری كەركوك، بە ڕۆژنیوزی، ڕاگەیاند:"دوای ئەوەی هێزەكانمان شارۆچكەی حەویجە شارەدێكانی دەوروبەریان كۆنتڕۆڵ كردەوە، لە ئێستا هێزەكانمان سەرقاڵی تۆكمە كردنن، بۆیە ئێمە هیچ جوڵەیەكی نائاساییمان نەكردووە، بەڵام ئەگەر فەرمانمان پێ بكرێت ئەوا، جوڵە دەكەین و ئاڕاستە دەكەین بەرەو ئەو شوێنەی كە بۆمان دیاریی دەكرێت".

 

ڕاشیگەیاند:"ئەم دۆخەی كە دروست بووە، بەهۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێكی نایاساییەوە بووە".

د.خ

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin