Smiley face
Smiley face
Smiley face

زیندان نەیتوانیوە چۆك بە ئۆجالان دابدا‌ و شۆڕشەكەی ڕوو لە سەركەوتنە

2017-10-13 10:05:48



ڕۆژنیوز - جیهاد هەورامی

 

بەشێك لەچالاكوانانی هەڵەبجە باس لە گەلەكۆمەی سەر عەبدوڵا ئۆجالان دەكەن و یەكێك لەو چالاكوانە پێیوایە: ئەو گەلەكۆمەیە ئامانجەكانی خۆی نەپێكا و نەیتوانی چۆك بە ئۆجالان دابدات، چالاكوانێكی تریش دەڵێت: پێچەوانەی ئامانجەكانی گەلەكۆمەی سەر ئۆجالان، شۆڕشەكەی لەناو نەچووە و بەردەوام لە گەشەكردندایە.

 

نۆزدە ساڵ تێپە‌ڕدەبێت به‌سه‌ر ده‌ستپێکردنی گه‌له‌کۆمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دژی عه‌بدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبه‌ری پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە)، که‌ به‌هۆی گه‌له‌کۆمه‌که‌وه‌ ئۆجالان ناچارکرا خاکی سوریا به‌جێبهێڵێت و ڕوو له‌ ئه‌وروپا بکات، دواتر له ١٥/شوبات/١٩٩٩‌ فڕۆکەخانه‌ی کینیا، به‌ره‌و تورکیا ڕفێندرا.

 

چالاكوانێكی كۆمەڵگەی مەدەنی بەناوی ئالان ڕەئوف، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"بوونی عەبدوڵا ئۆجالان لەناو ئەندامان و دۆست و لایەنگرانی، ئێستا كاریگەی تایبەتی خۆی دەبوو، بەڵام بەئەنجامدانی ئەو گەلەكۆمە نێودەوڵەتییە و زیندانی كردنیشی، دواجار ئامانجەكانی خۆی نەپێكا و بەپێچەوانەوە، ئەوە ئۆجالان و شۆڕشەكەی بوون سەركەوتنیان بەدەستهێنا، دوای تێپەڕبوونی نزیكەی 19 ساڵیش بەسەر ئەو گەلەكۆمەیە خەبات و شۆڕشەكەی بەردەوامە".

 

 

ئالان وتیشی:"زیندان چۆكی بە ئۆجالان دانەداوە و هەمیشە سەرقاڵی نووسین و چاپكردنی كتێبە و پەیامی خۆشی بۆ ئەندامان و دۆست و لایەنگرانی حزبەكەی ناردوە و بەردەوام بووە لەو خەباتەی كە بەرپای كردوە بۆ ئازادی گەلەكەمان و تەواوی گەلانی جیهان".

 

ئەو چالاكوانە ئاماژەی بەوەش دا:"نمونەی ئەو سەركەوتنانەش پێشكەوتنی شەڕڤان و گەریلایە لە ڕۆژئاوای كوردستان و بەخشینی ئازادی و پێدانی ڕۆڵ و ئەرك بە ژنان بەتایبەت لەڕووی چەكدارییەوە كە ژنان خاوەنی هێزی خۆیانن و سەركردایەتی زۆربەی ئەو ڕووبەڕووبونەوانە دەكەن دژی چەتەكانی داعشن، بۆیە پێویستە چیتر گەلی كورد بە ژێردەستە و كۆیلە سەیر نەكرێت و پێكەوە بە یەك دەنگ داوای ئازادی ئۆجالان بكەین و حزبەكان بەیەكگرتوویی فشار لەسەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەوڵەتی تورك دروست بكەن بۆ ئازاد كردن".

 

چالاكوانێكی تری كۆمەڵگەی مەدەنی بەناوی هەورامان سەجادی، بۆ ڕۆژنیوز وتی:"دۆزی كورد هەر لە دێزەمانەوە تووشی هەوراز و نشێو بووە و زۆربەی جارەكان سەركردە و شۆڕشەكانی گەلەكەمان لەلایەن دوژمنانمانەوە لەناو براون، بەدەركەوتنی شۆڕشی پارتی كرێكارانی كوردستان بەڕێبەرایەتی عەبدوڵا ئۆجالان بینیمان دواجار ئەو سەركردەیەش لە گەلەكۆمەی نێودەوڵەتی زیندانی كرا، بەڵام بەپێچەوانەوە شۆڕشەكەی لەناو نەچوو و ڕۆژ دوای ڕۆژ پەرەی زیاتری سەندووە".

 

 

هەورامان، وتیشی:"كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان و پێكهێنانی یەكێتی نەتەوەیی تەنها چارەسەرە بۆ ئەوەی بتوانین وەك فشار بۆ ئازادی عەبدوڵڵا ئۆجالان بەكاری بهێنین و وڵاتانی زلهێز ناچار بكەین بەوەی كە چیتر نابێت ئەو سەركردەیە لەناو زیندانی دەوڵەتی توركی فاشیست بێت، بەڵام بەداخەوە ناكۆكی هەندێ‌ لایەنی سیاسی لەباشوری كوردستان ئەم كارتی فشارەمان لاواز دەكات بەوەی كە بوونەتە خزمەتكاری ئەجێنداكانی دەوڵەتی تورك".

 

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا:"پێویستە لەسەر تەواوی حزبەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستان بۆ ئازادی ئۆجالان تێبكۆشن و ناكۆكی و دووبەرەكییەكانیان وەلا بنێن، لەبەر پرسێكی نەتەوەیی، ئەویش ئازادی ڕێبەری پارتی كرێكارانی كوردستانە".

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin