Smiley face
Smiley face
Smiley face

بافڵ: داواكارم گفتوگۆی بێ مەرج لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا دەست پێبكات

2017-10-12 19:50:28



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

بافێل تاڵەبانی لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای دەستپێکردنی گفتوگۆی بێ مەرج و لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا دەکات، بە وتەی خۆی كە لەژێر چاودێری مام جەلال سەرۆک کۆماری پێشووی عێراقدا نووسراوەتەوە، پێشیوایە کە تەنها لەو ڕێگەیەوە دەتوانن هەموو مافەكانی گەل زامن بكرێت.

 

ئێوارەی ئەمڕۆ، بافل تاڵەبانی، کوڕی بچوکی جەلال تاڵەبانی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە کەناڵەکانی سەر بە یەکێتی بڵاو کریەوە، ئاماژەی بە چەند خاڵێک کرد کە لە بەشێکیدا هاتووە: گەلەكەمان لە ژێر گوشارێكی گەورەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدایە، كە ئەمەش بەهیچ شێوەیەك ڕێبازەكەی مام جەلال نییە.

 

لە بەشێکی پەیامەکەدا چەند داواكارییەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق و یەکێتی نیشتیمانی کرد، کە یەکێکیان بریتیبوو لە: گفتوگۆی بێ مەرج و لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا كە لەژێر چاودێری جەنابی سەرۆك مام جەلال نووسراوەتەوە دەست پێ بكات، چونكە تەنها لەو ڕێگەیەوە دەتوانین هەموو مافەكانی گەلەكەمان زامن بكەین و بەرگری لە مافەڕەوەكانی گەلەكەمان بكەین بە هاوكاریی و یارمەتی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی.

 

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو: لە سەردەمی سەرۆك مام جەلال كوردستان خاوەنی پێشكەوتنكی بەرچاوو لێهاتووییەكی زۆر و پەیوەندییەكی بەهێزی نێودەوڵەتی بوو، بە هەمان شێوەش گوزەرانی هاووڵاتیانی كوردستان زۆر لە چاوی پێشوودا زۆر باشتر بوو، لە گەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە قارەمانەكانمان شانبەشانی سوپای عێراق لە بەرەكانی جەنگدا رووبەڕووی دوژمن دەبوونەوە و پێشمەرگە قارەمانەكانمان بوونە پاڵەوان و ئەستێرەیەكی دیاری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە جەنگی رووبەڕوونەوەی تیرۆردا.

 

هەروەها ئەوەشی باس کرد کە: لە ئێستاشدا ڕووبەڕووی قەیرانێكی دارایی سەخت بووینەتەوە و لەبەردەم شەڕێكی نەخوازراوداین، جەنگێك كە هەرگیز ویستی ئێمە نییە، وەك دەبینین ئەمڕۆ ێێشمەرگە و هێزەكانی عێراق رووبەڕووی شەڕێكی نەخوازراو دەبنەوە و لە مەیدانی جەنگدا رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە، ئەمڕۆش لە دوای چەندین گۆڕانكاری گەلەكەمان لە ژێر گوشارێكی گەورەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدایە، كە ئەمەش بەهیچ شێوەیەك ڕێبازەكەی مام جەلال نییە.

 

سەبارەت بە یەکێتی نیشتیمانیش وتی: داوا لە هەموو هەڤاڵانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكان و هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم كە دەست لە نێودەست هاوكارمان بن بەهەمان لە ژێر رۆشنایی مام جەلال، كە پێویست دەكات یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببێتە هۆكاری رزگاركردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و عێراق لەم تاریكییەی كە تێیكەوتوون.

 

هاوکات بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش وتی: داواكارین كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەموو سەركردە سیاسییەكانی عێراق ئەم رەوشە نالەبارە ئەمنیە هێور بكرێتەوە‌، بەدەر لەوەی كە گوایە ریفراندۆم یاساییە یان نا و چ بڕیارێك ئاراستەی گەل كراوە و رای كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان وەرگیراوە، هەر چەندە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی كۆك نەبوون لەسەری، ئە‌م قۆناغە تێپەڕی.

 

لە داواکارییەکەیدا بۆ حکومەتی ناوەندی عێراق وتی: لە ئێستاشدا داواكارم كە گفتوگۆی بێ مەرج و لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا كە لەژێر چاودێری جەنابی سەرۆك مام جەلال نووسراوەتەوە دەست پێ بكات، چونكە تەنها لەو رێگەیەوە دەتوانین هەموو مافەكانی گەلەكەمان زامن بكەین و بەرگری لە مافەڕەوەكانی گەلەكەمان بكەین بە هاوكاریی و یارمەتی كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی، بەمشێوەیە دیپلۆماتیی و یاساییانە دەتوانین بجەنگین لە پێناو مافی پێشمەرگە و خانەوادە و مامۆستایان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستان.

 

سەبارەت بە پەرلەمانتارانی یەکێتی لە بەغدا وتی: دەبێت ئەندام پەرلەمانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بگەڕێنەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە هەمان شێوەش دەبێت پەرلەمان بگەڕێتەوە سەر بنەما و مەبدەئی تەوافوق، كەركوك پێویستی بە ئیدارەیەكی هاوبەش هەیە بەپێی دوایین دەرئەنجامی هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەنجومەنێكی نوێی بۆ دەستنیشان بكرێت، ئەگەر پێویستیش بكات بەهەمان شێوە پارێزگارێكی نوێی بۆ دەستنیشان بكرێت، لەبەرئەوەی شاری كەركوك لە هەموو كەسایەتی و حزبێكی سیاسی گەورەترە، ناوچە جێناكۆكەكانیش بریتین لەو ناوچانەی كە هۆكاری ئاگر و كێشەكەن و پێویستی بە ئیدارەیەكی هاوبەش هەیە لە پێناو كوژاندنەوەی چەخماخەی ئاگرەكە.

 

سەبارەت بە پەیوەندنییەکانی نێ,ان حکومەتی هەرێم و عێراقیش وتی: حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەند دەبێت كێشەكانی نێوانیان سەبارەت بە "نەوت و گاز" و داهاتەكەی بە شێوەیەكی شەفاف چارەسەر بكەن بە جۆرێك لە بەرژەوەندی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و گەلی عێراقدا بێت، فڕۆكەخانە و خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت لەلایەن كوردەوە كۆنتڕۆڵ و چاودێری بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەین كە هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد بكەین لەسەر وردەكارییەكانی، بەڵام دەبێت ئەو كەسانەی كە فڕۆكەخانە و دەروازە سنورییەكان بەڕێوەدەبەن كوردن و ماف و مووچەكانیان دەبێت زامن بكرێت.

 

لە کۆتاییدا دیسان داواکارییەکی پێشکەشی کادیران و لایەنگران یەکێتی کرد و وتی: داواكارم لە هەموو هەڤاڵانی یەكێتی كە پێكەوە دەست لە نێودەست كار بكەین بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان هەروەكو چۆن لە رابردوودا كارمان كردووە بۆ تێپەڕاندنی كێشەكان، داواكارم هەموو هەڤاڵانی یەكێتی كار بكەن لە پێناو پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت هەمیشە بەپێی پەیڕەو و رێبازەكەی مام جەلال كار بكات، ئەگەر نا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بریتی نییە لە یەكێتیەكەی مام جەلال، نابێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێگە بەمە بدات، چونكە ئێمە بە هیچ شێوەیەك رێگە بەمە نادەین.

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin