Smiley face
Smiley face
Smiley face

شوان قەڵادزەیی: نابێت سێ لایەنی سیاسی بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بدەن

2017-10-12 17:44:58



ڕۆژنیوز- قەرەچوغ ئەنوەر

 

سەرۆکی فراکسیۆنی  بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، نابێت سێ لایەنی سیاسی بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بدەن، دەشڵێت: لەبری ئەو ململانێ سیاسیەی ئێستای ھەرێم، پێویستە بەیاننامەی سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەندرێت.

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شوان قەڵادزەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی  بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی هەرێی کوردستان، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە هەولێر ڕێکخست، تێیدا تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی هەنوکەیی لە هەرێمی کوردستان.

 

سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی ڕایگەیاند: حکومەتی ھەرێمی کوردستان  لەسەر زاری بەرپرسانی باڵا بەڵێنی چاککردنی مووچەیان بە خەڵک دا، بەڵام تا ئەوساتە ئەو بابەتە زۆر بە سستی کاری لەسەر دەکرێت و بەڵێنەکە جێبەجێ نەکراوە، لە پەرلەمانیش باسی ئەو بابەتە کرا، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر لاواز کاری لەسەر کراوە، ئەوەش زولمێکی گەورەیە لە فەرمنبەرانی ھەرێم دەکرێت، ئەوەش لە کاتێکدایە سەرەڕای بوونی داھاتی جۆراوجۆر لە ھەرێمی کوردستان، ڕۆژ بە ڕۆژ داھات بەرز دەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەش کرد،  بەو سیاسەتی برسیکردنە، دەسەڵات کەوتۆتە دۆلێک و ھاوڵاتیانیش کەوتونە دۆلێکی دیکە، داھاتی نەوت و ناوخۆ چەندین قات زیاد کردووە، بەڵام بەھۆی ئەوەی حکومەت لە ڕابردوودا کاری باشی لەسەر گرێبەستە نەوتییەکان نەکردووە، داناوەی یەک ملیار دۆلاری قەرز بە کۆمپانیای داناغاز، ھەر ئەمە وایکرد حکومەت پاساوی بکەوێتە دەست و ڕەوشی دارایی خەڵک چاک نەکات.

 

لە بارەی ھەڵبژاردنەکانیشەوە باسی لەوە کرد، ناکرێت سێ لایەنی سیاسی بەتەنھا بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردنەکان بدەن، چونکە قسەکردن لەسەر دواخستنی ھەڵبژاردنەکان دروستکردنی قەیرانێکی دیکەیە لە ھەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا کۆمسیۆن ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن.

 

شوان قەڵادزەیی، ئەوەشی خستەڕوو، بەھەموو شێوەیەک دژی دواخستنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێمین، پێویستە پێشێلی ھیچ یاسا و بڕیارێک نەکرێت لەوبارەیەوە.

 

لە بارەی کۆدەنگی نیشتمانیشەوە ڕوونیکردەوە کە پاشەکشە کردن لە ئەنجامی ڕیفراندۆم، خیانەتێکی نیشتمانیی گەورەیە بەرامبەر خوێنی شەھیدان و خەڵکی کوردستان، بەڵام بەداخەوە کۆدەنگی نیشتیمانی لە ھەرێمی کوردستان نییە، پەرلەمانیش بە کۆدەنگی کارا نەکراوەتەوە، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەبەرامبەر بەغدا و ھەر ئەمەش وایکردووە ھەڵوێستمان لەبەرامبەر بەغدا لاواز بێت.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin