Smiley face
Smiley face
Smiley face

فەرماندەکانی پێشمەرگە دەنگۆی هێرشی سوپای عێراق بۆسەر هەرێم ڕەتدەکەنەوە

2017-10-12 10:55:40



ڕۆژنیوز- سۆران محەمەد 

 

فەرماندەیەکی باڵای هێزەکانی پێشمەرگە، ڕادەگەیەنێت: هیچ شەڕێک لە نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری پارێزگای کەرکوک ڕووی نەداوە و عێراق هیچ هێرشێکی نەکردووە، فەرماندەیەکی دیکەش دەڵێت: من لە بەرەکانی جەنگم هیچ شتێک لە ئارادانییە.

 

شەوی ڕابردووی، لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندنی باشوری کوردستان، هەواڵی ڕوبەڕونەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە میحوەری کەرکوک بڵاوکرایەوە.

 

عەقید سەرتیپ حەساری، ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنی میحوەری باشوری کەرکوک، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"سەرجەم ئەو هەواڵانەی باس لە هێرش کردنە سەر پێشمەرگە و ڕوبەڕوبوونەوە لەنێوان سوپای عیراق و حەشدی شەعبی دەکەن، لە سنووری شارۆچکەی داقوق، دوورن لە ڕاستییەوە".

 

 

ڕاشیگەیاند:"درەنگانی شەوی ڕابردوو، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە نزیک گوندی تەپەی دووسەر، تەقەیەکی زۆریان بە ئاساماندا کردووە، ئەو تەقانە بە ئامانجی ترساندنی داعش بووە، نەک تەقە کردن لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە".

 

ئەو فەرماندەی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەش کرد:"ئێمە وەک هێزی پێشمەگە، یەک دوژمنی دیاری کراومان هەیە، ئەویش چەتەکانی داعش-ن، ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ حەشدی شەعبی و سوپای عێراقدا نییە، ئەگەری شەڕ و ڕوبەڕوبوونەوە ئەگەرێکی لاوازە و کاری وا ڕوونادات".

 

دەربارەی دەنگۆی هاتنی سوپای عێراقی و جێگیربوونی لە گوندی بەشیری سەر بە شاری کەرکوک، عەقید سەرتیپ حەساری، ئەندامی ژووری ئۆپەراسیۆنی میحوەری باشوری کەرکوک وتی:"هیچ هێزێک نەهاتووەتە ناو گوندی بەشیرەوە، تەنها هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو گوندەن، داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەم، هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانە بڵاونەکەنەوە".

 

لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بە راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، کە تیایدا رایگەیاند"سوپای عێراق و حەشدی شەعبی سەرقاڵی ئامادەکاریین بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان" وەستا رەسوڵ، فەرماندەی میحوەری چوار هێزەکانی پێشمەرگە لە باشوری کەرکوک، بە رۆژنیوزی وت:"من لە بەرەکانی جەنگم هیچ شتێکی وا لە ئارادا نییە".

 

 

وەستا رەسوڵ، زیاتر لەسەر بابەتەکە نەدوا و وتی:"کێ ئەو هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە لەو بپرسن چی لە ئارادایە".

 

 

ش.ف
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin