Smiley face
Smiley face
Smiley face

نەرمین عوسمان: بناغه‌ى پەکەکە به‌جۆرێک داڕێژراوە‌‌ ‌بێ‌ ئۆجالانیش له‌ گه‌شه‌دایه‌

2017-10-11 15:19:58



ڕۆژنیوز - ماریا به‌کر 

 

نه‌رمین عوسمان، ئه‌ندامى سەرکردایەتی یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان، گۆشەگیرکردنی ئۆجالان بە گەورەترین هەڵەی تورکیا ناودەبات و دەشڵێت: بناغه‌ى خه‌باتى پەکەکە به‌جۆرێک داڕێژراوە‌‌ به‌بێ‌ ئۆجالانیش له‌ گه‌شه‌دایه.

 

له‌ میانى چاوپێکه‌وتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ڕۆژنیوزدا، نه‌رمین عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەڵامی چەندین پرسی وەکو سەرەتاکانی ناسینی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕیبەری پەکەکە و کاتی دەستگیرکردن و کاریگەرییەکانی گۆشەگیرکردنی و لابردنی سەر گۆشەگیرییەکەی و پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ ئۆجالاندا و چەند پرسیکی دیکەی گرنگ دەداتەوە.

 

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

 

-سه‌ره‌تاى ناسینى ئێوه‌ لەگەڵ ئۆجالان چۆن بوو؟

 

"که‌ ئاپۆ هاته‌ ماڵى ئێمه‌ من نه‌م ده‌زانى کێیه"

 

نه‌رمین عوسمان: سه‌ره‌تاى ناسینم لەگەڵ ئۆجالان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایى هه‌شتاکان، هه‌ر ئه‌وکاته‌ى ده‌سه‌ڵاتدارانى تورکیا که‌وتبوونه‌ گیانى ئۆپۆزسیۆنه‌کانى دژ به‌ ڕژێم و به‌شێکى زۆرى ڕێکخستنه‌کانى ئه‌و هێزانه‌ش به‌ تایبه‌ت سه‌رکرده‌کانیان بڕیاریان دا بچنه ‌ده‌ره‌وه‌ى تورکیا بۆ درێژه‌دان به‌ خه‌باتى سیاسى و به‌ده‌ستهێنانى پشتگیریى نێوده‌وڵه‌تى، ئێمه‌ له‌ سوریا وه‌ک په‌یوه‌ندییه‌کانى یه‌کێتى و به‌ هه‌وڵى مام جه‌لال له‌ ڕێگه‌ى حزبى به‌عسى سورى کارئاسانیمان بۆ مانه‌وه‌ى ئه‌وکه‌سه‌ سیاسیانه‌ ده‌کرد، که‌ ده‌هاتنه‌ سوریا و سه‌ره‌تا له‌ماڵه‌وه‌ پێشوازیمان لێده‌کردن، که‌ ئاپۆ هاته‌ ماڵى ئێمه‌ من نه‌م ده‌زانى کێیه،‌ هه‌روه‌ک ئه‌وکه‌سانه‌ى بە‌ ئاڵاى ڕزگارییه‌وه‌ ده‌هاتن و دواتر شوێنى مانه‌وه‌مان بۆ دابینده‌کردن، دیاربوو که‌ پێش هاتنى له‌ تورکیا شۆڕشى چه‌کداریان ده‌ستپێکرد بوو، ئیدى ورده ‌ورده‌ لێک نزیک بووین و تێگه‌شتیم و بۆیان باس ده‌کردم کە کێیه‌.

 

-چۆن نرخاندن بۆ ئەو گەلەکۆمەیە دەکەن، کە لەسەر ئۆجالان کرا؟

 

"دەستگیرکردنی ئۆجالان کاره‌ساتێکى نه‌ته‌وه‌یى بوو"

 

نه‌رمین عوسمان: پاش ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌ک له‌ سوریا مایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ دواتر له‌وێ ده‌رچوو نه‌مانده‌زانى چووه‌ته‌ چ وڵاتێ‌ تا ئه‌وکاته‌ى هه‌واڵى ده‌ستگیرکردنه‌که‌ى هات، که‌ زه‌برێکى گه‌وره‌بوو له‌ بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازى گه‌لى کورد و کاره‌ساتێکى نه‌ته‌وه‌یى بوو، نه‌ک ته‌نها بۆ لایه‌نێکى سیاسى، چونکه‌ من ئه‌وکات و ئێستاش له‌ نزیکه‌وه‌ له‌ به‌رنامه‌ى په‌که‌که‌ ئاگادارم، که‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیى کوردستان هه‌وڵده‌دات ، مام جه‌لال-یش هه‌مووکات پێى ده‌وتین ئۆجالان سه‌رکرده‌یه‌، به‌رده‌وام به‌ ئاشکرا یه‌کێتى له‌ په‌یوه‌ندییه‌کى باشدابووە له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌که‌ى ئۆجالاندا.


-بۆ گۆشه‌گیریکردنی ئۆجه‌لان چى ده‌ڵێى؟ 

 

" بناغه‌ى کار و خه‌باتى بزوتنه‌وه‌که‌ى به‌جۆرێک داڕێژراوە‌ که‌ به‌بێ‌ خۆیشى تا دێت له‌ پێشکه‌وتن"

 

نه‌رمین عوسمان: ئۆجالان زیندانیکراوه‌، به‌ڵام من پێموایه‌ بناغه‌ى کار و خه‌باتى بزوتنه‌وه‌که‌ى به‌جۆرێک داڕێژراوە‌ که‌ به‌بێ‌ خۆیشى تا دێت له‌ پێشکه‌وتن و گه‌شه‌دایه‌، ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ى له‌سه‌ر ئۆجالان هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ى دژى هه‌موو بنه‌ماکانى مافى مرۆڤه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتى تورکیایه‌ که‌ پێیان وایه‌ بزوتنه‌وه‌که‌ بچوک ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌، چونکه‌ به‌ زیادکردنى سزاى سه‌ر ڕێبه‌ره‌که‌یان لایه‌نگران و ئه‌ندامانى بزوتنه‌وه‌که‌ توندتر و چالاکتر ده‌بن له‌ دژى ڕژێمى تورکیا.

 

-هه‌وڵه‌کانى یه‌کێتى بۆ ئازادکردنى ئۆجالان و پشتگیریى شۆڕشى تورکیا چى بووه‌؟

 

"یه‌کێتى به‌ نوسراوى فه‌رمى داواى له‌ تورکیا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان کردوه‌ بۆ ئازادکردنى ئۆجالان"

 

نه‌رمین عوسمان: ئه‌وه‌نده‌ى له‌ نزیکه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مام جه‌لال بووم ئه‌وکاته‌ش له‌ به‌غداد بوو هه‌رکه‌سێکى بدیایه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان یه‌کێک له‌و شتانه‌ى به‌ گرنگییه‌وه‌ پێى ده‌وت ئازادکردنى ئۆجالان بوو له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م باڵیۆزەکان ئه‌و داواکارییه‌ى کردووه‌، جگه‌ له‌وه‌ یه‌کێتى به‌ نووسراوى فه‌رمىی داواى له‌ لایه‌نه‌کانى تورکیا و له‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان کردووه‌ بۆ ئازادکردنى ئۆجالان، به‌ڵام ئێستا ئێمه‌ خۆمان په‌یوه‌ندیمان باش نییه‌ له‌گه‌ڵ تورکیا.

 

-نەمان و نائامادەیی سه‌رکرده‌ چ کاریگه‌رییه‌ک لەسەر حزب و گەل به‌جێده‌هێڵت؟

 

"به‌ نه‌مانى سه‌رکرده‌ بۆشاییه‌کى گه‌وره‌ دروست ده‌بێت"

 

نه‌رمین عوسمان: نه‌مانى هه‌ر سه‌رکرده‌یه‌ک سه‌ره‌تا کاریگه‌رى نه‌رێنى ده‌بێت بۆ ئه‌و لایه‌نه‌ خۆى، چونکه‌ پێشتر هه‌موو متمانه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئه‌و بووه‌ بۆ به‌رێوه‌بردنى حزبه‌که‌ و به‌ نه‌مانى بۆشاییه‌کى گه‌وره‌ دروست ده‌بێت، به‌ڵام له‌لایه‌کى تر کاریگه‌ریى ئه‌رێنى هه‌یه‌ به‌وه‌ى که‌ بینرا له‌ کاتى کۆچی دوایی مام جه‌لال، هه‌موو سه‌رکرده‌ و لایه‌نه‌کان وێڕاى ناکۆکیان به‌ هه‌مان ڕۆحیه‌ته‌وه‌ نیشانیاندا ده‌توانن یه‌کبن و هاودید و هاوخه‌م بن له‌سه‌ر پرسێک که‌ بڕواى گشتى له‌سه‌ره‌ و ده‌کرێت ئه‌و هه‌لانه‌ش بقۆزرێته‌وه‌ بۆ لێک نزیک بوونه‌وه‌ و له‌باربردنى کێشه‌کان، چونکه‌ سیاسه‌ت و ئیداره‌ى ناوچه‌که‌ ده‌بێت هه‌ر به‌ڕێوه‌بچێت، ئیدى دواجار نه‌ته‌وه‌ خۆى قاعیدى نوێ‌ ده‌دۆزێته‌وه‌.

 

-ئایا هاوخه‌مى و کۆبوونى هه‌ موو لایه‌نه‌کان له‌ پرسه‌ى مام جه‌لال عاتیفه‌ى کاتییه‌ و تێده‌په‌رێت یان وه‌ک ژیریى سیاسى ده‌بینرێت و ده‌کرێت به‌رده‌وام بێت؟

 

"ده‌توانین هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ى تیدا بخوێنینه‌وه‌"

 

نه‌رمین عوسمان: ده‌توانین هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ى تیا بخوێنینه‌وه‌، یه‌که‌م مێژووى پڕ خه‌بات و هه‌مه‌ لایه‌نه‌ى مام جه‌لال دۆستایه‌تى و شکۆى ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ وایکردوه‌ هه‌موان به‌داخ بن و بێنه‌ پرسه‌ و هاوخه‌م بن، له‌ لایه‌کى تر ده‌توانین وه‌ک په‌یامێکى سیاسى ژیرانه‌ى سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ کورده‌کانى دابنێین که‌وا نیشانى دنیا و نه‌یارانیان دا کورد له‌هه‌ر جێیه‌ک و له‌هه‌ر دۆخێکدا بێت هه‌ر یه‌که‌ و ده‌توانێت سازشى ناوخۆیى بکات و لێک نزیک ببێته‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى بوونى ناکۆکیش.

 

-لەم قۆناغەدا ئەرکی لایەنە شیاسییەکان چییە؟


 
"پێویستمان به‌یه‌که‌ و بیری تەسکی حزبایەتی بەلاوە بنێنین"

 


نەرمین عوسمان، ئێمه‌ له‌ قۆناغێکداین پێویستمان به‌یه‌که‌، گرنگه‌ ئه‌م لێک نزیکبوونه‌وه‌ به‌رده‌وامى هه‌بێت ناکۆکى و بیرته‌سکى حزبى وه‌لابنرێت، ته‌نازولاتى سیاسى له‌نێوخۆمان بکه‌ین باشتره،‌ ئه‌مه‌ش به‌ته‌نها لایه‌نێک ناکرێت، ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌وه‌ ڕوویدا ئه‌وه‌ ده‌توانین پێکه‌وه‌ ئامانجى گه‌وره‌ به‌ده‌ست بێنین و هه‌مووان به‌شدارده‌بین له‌ ئه‌رک و مافدا و که‌س خۆى ناکاته‌ حزبى قائید و ده‌نگ و ڕه‌نگى لایه‌نه‌کان به‌ پێى بوونى خۆیان کاریگه‌رى ده‌بێت وه‌ هه‌ر لایه‌نێکیش نه‌یتوانى ئه‌م لێبورده‌ییه‌ى هه‌بێت، ئه‌وا‌ ڕووى خه‌باته‌که‌ى ڕه‌ش ده‌بێت له‌به‌رده‌م گه‌ل.

 

-له‌باره‌ى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى چ بۆچوونێکت هەیە؟

 

"ده‌بێت لایەنەکان لەپێناو نەتەوە بەشداربن نەک حزب"

 

نه‌رمین عوسمان: ده‌بێت زه‌مینه‌سازیى بۆ کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى بکرێت، هه‌موو لایه‌نه‌کان ئاماده‌بن له‌پێناو نه‌ته‌وه‌ به‌شداربن نه‌ک له‌ پێناو حزب، که‌ ئه‌مه‌ خاڵێکى گرنگه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه‌ى به‌شدارى کۆنگره‌ ده‌بن و توانا و تێگه‌شتنیان وه‌ک پێویست بۆ پرسى نه‌ته‌وه‌یى نه‌بێت و گرێدراوى حزب بن دواجار سه‌رکه‌وتوو نابێت که‌ به‌ بڕواى من نه‌به‌ستنى کۆنگره‌یه‌ک باشتره‌ له‌ سه‌رنه‌که‌وتنى.

 

خه‌باتى ژنان له‌ ناو بزوتنه‌وه‌ى ئۆجالاندا چۆن ده‌بینیت؟

 

"نکۆڵی له‌سه‌ر بۆچونى جوانى په‌که‌که‌ و هاوبیره‌کانیان ناکرێت لەسەر پرسى ژنان"

 

نه‌رمین عوسمان: ناتوانى له‌سه‌ر بۆچونى جوانى په‌که‌که‌ و هاوبیره‌کانیان نکۆڵى بکه‌ین بۆ پرسى ژنان، به‌ تایبه‌ت له‌ کاتى شۆڕشى ڕۆژئاوادا به‌رهه‌مى سه‌رکه‌وتنى ئه‌و خه‌بات و تێکۆشانه‌مان بینى، که‌ من بۆ خۆم له‌ واشنتۆن شاهیدى ئه‌وه‌بووم چۆن به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ئازایه‌تى و هێزى ژنانى کورد باس ده‌کرا له‌به‌رامبه‌ر مه‌ترسیدارترین هێزى تیرۆریستی داعش، به‌ڵام ڕاستییه‌کى تریش هه‌یه‌ له‌ باشورى کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتیش له‌ نێو حزبه‌کانى تر ژنان خه‌بات و ڕۆڵى به‌رچاویان هه‌بووه‌ و قۆناغى باشیان بڕیوە.

 

ش.ف


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin