Smiley face
Smiley face
Smiley face

عوسمان بایدەمیر: مام جەلال ژیانێکی نوێی لە دڵی ٤٠ ملیۆن کورد-دا دەستپێکرد

2017-10-07 10:58:24



ڕۆژنیوز – شۆڕش بەنەک

 

عوسمان بایدەمیر، پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، لەکاتی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گڵکۆی مام جەلال، ڕایگەیاند: مام جەلال ژیانێکی نوێی لە دڵی ٤٠ ملیۆن کورد-دا دەستپێکرد، دوێنێ-ش خه‌باتێکى ترى ده‌ستپێکرد و هه‌موو چوار پارچه‌ى کوردستانى هێنایه‌  لاى یه‌ک.

 

ئه‌مڕۆ عوسمان بایده‌میر و شاندێکى هاوبه‌ش له‌ به‌رپرسانى پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په‌)، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (ده‌به‌په)‌ و کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی (که‌جه‌ده)‌، سه‌ردانى گڵکۆى مام جه‌لال یان کرد له‌ گردى ده‌باشان له‌ شارى سلێمانى و تاجه‌ گوڵینه‌یان له‌سه‌ر گڵکۆکه‌ى دانا.

 

 

عوسمان بایده‌میر، وته‌بێژى هه‌ده‌په‌، له‌ لێدوانێکى ڕۆژنامه‌نووسیدا وتى:" مام جه‌لال، سه‌رۆکى هه‌موو کورد بوو، له که‌سایه‌تى ئەودا سه‌رکه‌وتنى گه‌لێک هه‌یه‌، بۆیە جێگه‌ى هه‌رگیز پڕ نابێته‌وه‌".

 

وتیشى:" مام جەلال ژیانێکی نوێی لە دڵی ٤٠ ملیۆن کورد-دا دەستپێکرد، دوێنێ-ش مام جه‌لال خه‌باتێکى ترى ده‌ستپێکرد، هه‌موو چوار پارچه‌ى کوردستانى هێنایه‌  لاى یه‌ک ئه‌وه‌ پێویسته‌ به‌رده‌وام بێت، په‌یامه‌کانى مام جه‌لال بۆ یه‌کڕیزیى بکه‌ینه‌ کردار".

 

عوسمان بایده‌میر، ئاماژه‌ى به‌وه‌شکرد، که‌ به‌ دوژمنایه‌تى کردنى گه‌لى کورد که‌س سه‌ر نه‌که‌وتووه‌، ئێستاش سه‌ر ناکه‌وێت، پێویسته‌ هه‌موو که‌س ده‌ست له‌ دوژمنایه‌تى گه‌لى کورد به‌رده‌ن، چونکه‌ کورد بانگى ئاشتى ده‌کات".

 

پاشان شاندەکە سەردانی ماڵی مام جەلال-یان کرد و لەلایەن هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد هاوسەری مام جەلال و قوباد تاڵەبانی کوڕی-یەوە پیشوازییان لێکرا و وێڕای گەیاندنی سەرەخۆشی، هەردوولا باسیان لە ڕۆڵی گرنگی مام جەلال کرد لە ئاستی کوردستان، ناوچەکە و جیهان.

 

 

جەلال تاڵەبانی ناسراو بە مام جەلال، سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق بوو لە ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی (که‌لکان)ی قه‌تپاڵی چیای کۆسره‌ت له‌دایکبووه‌، دوێنێ لە تەمەنی ٨٤ ساڵیدا و لەدوای پێنج ساڵ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ نەخۆشیدا، لە شاری بەرلین-ی پایتەختی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد و دوێنێدوای گەڕانەوەی تەرمەکەی بۆ شاری سلێمانی، لە مەراسیمێکی بەشکۆ و بە ئامادەبوونی میلۆنان کەسی چوار پارچەی کردستان و جیهان، لە گردی دەباشان بە خاک سپێردرا.

 

 

ش.ف
 

 


 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin