Smiley face
Smiley face
Smiley face

یەکێتی لە شیلادزێ: تورکیا بۆردوومانی شوێنی گەریلا ناکات تەنها مەدەنی نەبێت

2017-09-27 09:00:04



ڕۆژنیوز – سۆران و دانا

 

بەرپرسی یەکەمی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شارەدێی شیلادزی لە دەڤەری بادینان دەڵێت، تورکیا بۆردوومانی شوێنێک ناکات گەریلای تێدابێت و تەنها مەدەنی دەکاتە ئامانج، دەشڵێت: بۆردوومانەکان بوون بەهۆکاری ئەوەی خەڵکی ئەم دەڤەرە زیانێکی زۆر بکەن.

 

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی ڕۆژنیوزدا، فەرەج ڕێکانی، بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لە شیلادزێ، باس لە بۆردوومانەکانی سوپای تورکیا لە سنوورەکەیان دەکات و ئاماژە بە هەوڵەکانیان دەکات بۆ کۆتایی هێنانی بۆردوومانەکان، هەروەها باس لە هێزی لایەنەسیاسییەکانی لە سنوورەکەدا دەکات و بۆکۆتایی هێنانی بۆردوومانەکانیش یەکێتی نەتەوەیی کوردان لە هەمووشتێک بە گرنگتر دەزانێت.

 

دەقی چاوپێکەتنەکە:

 

لایەنەكان گلەیی ئەوەدەكەن كە لەدەڤەری بادینان ڕێگرییان لێدەكەن لە كاركردن، لەو بارەیەوە چی دەڵێن؟

 

"تەنها یەکێتی و پارتی هەیە لەم دەڤەرە"

 

فەرەج ڕێکانی: بەگشتی لەم دەڤەرە ڕێكخستنی لایەنەكان كەمن، گۆڕان لەوانەیە چەند كەسێكی كەمی هەبێت، كۆمەڵ نییە، بەگشتی لایەنەكان لێرە تەنها ڕێكخستنی یەكێتی و پارتی هەیە.

 

بەردەوام سنووری شیلادزێ‌ لەلایەن توركیاوە  بۆردوومان دەكرێت، هەڵوێستی ئێوە چییە لەسەری؟

 

"ئەو شوێنەی بۆردوومان دەکرێت سەربازیی نییە"

 

فەرەج ڕێکانی: لەڕاستیدا دەمێكە ئەم سنوورە بۆردوومان دەكرێت لەلایەن توركیاوە، چەندین جار هاوڵاتییان كردووەتە قوربانی، لەم چەند ڕۆژەیەدا بۆردومانی كردوو چەند هاوڵاتییەكی شەهید كرد، ئەو جێگەیەش كەبۆردوومانی تێدا كردووە، جێگەیەكی سەربازی نییەو شوێنی مەدەنییە.

 

بۆردوومانەكانی توركیا تاچەند كاریگەری لەسەر هاتنی گەشتیار بۆ ئەم ناوچەیە و ئارامی هاوڵاتیان هەبووە؟

 

"هاوڵاتیان بێبەشبوون لە ئاژەڵداری و کارەکانیان"

 

 

فەرەج ڕێکانی: لەڕاستیدا كاریگەری زۆری هەبووە، خەڵكی ئەم دەڤەرە بێبەش بووە لە هەموو كارێك، خەڵكی سەرقاڵی ئاژەڵداری و بەخێوكردنی هەنگن لەگەڵ كشتوكاڵ، ئێستا ناتوانن بچنە سەر كارەكانیان، بێبەش بوون لە هەموو شتێك.

 

چەندین بارەگای سەربازی توركیا هەیە لەم سنوورە، وەك حزب و حكومەت هەوڵتان نەداوە فشار بخەنە سەر ئەو بنكانە و دەوڵەتی توركیا بۆ ئەوەی زیان بە هاوڵاتیان نەگەیەنن؟

 

"تورکیا بۆردوومانی شوێنێک ناکات کە گەریلای تێدابێت و تەنها مەدەنی دەکاتە ئامانج"

 

فەرەج ڕێکانی: بەدڵنیاییەوە ئێمە چەندین جار هەوڵمانداوە لەڕێگەی حزب و حكومەتەوە، هەوڵمان داوە كە توركیا واز لەو بۆردومانانە بهێنێت و خەڵكی مەدەنی نەكاتە قوربانی، بۆردومانەكانی توركیا ئەوەنییە بڵێن كە لە شوێنێك دەدەن گەریلای تێدایە و پەكەكەی تێدایە، هەر خەڵكی مەدەنی دەكەنە ئامانج، چەندین جار داوامان كردووە بەس هەتا ئێستا ئەنجامی نەبووە.

 

لەگەڵ پارتی هاوپەیمانیتان هەیە، پارتیش لەگەڵ توركیا پەیوەندییەكی باشی هەیە، رێككەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوتیان هەیە، هیچ داوایەكتان لە پارتی نەكردووە كە فشار بخاتە سەر توركیا بۆ ئەوەی كە بۆردوومانی ئەم سنورانە نەكرێت؟

 

"چەندین جار بە پارتی-مان وتووە"

 

فەرەج ڕێکانی: لەڕاستیدا ڕێككەوتنی نەوتی لەگەڵ توركیادا پەیوەندی بە حكومەتی هەرێمەوە هەیە، بەڵام ئێمە چەندین جار داوامان كردووە لە برادەرانی پارتی كە فشار بخنە سەر توركیا بۆ ئەوەی سنورێك بۆ تۆپارانكردنی ئەم سنورانە دابنرێت، لەبەر ئەوەی ئەم ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی پارتیدایە.

 

ئەنجامی داواکەتان لەپارتی چی بووە؟

 

"تورکیا بەقسەمان ناکات"

 

فەرەج ڕێکانی: ئێمە و هاوڵاتیانیش داوایان كردووە لە پارتی، كە بەتوركیا بڵێت ئەو بۆردومانانە بوەستێنن، من خۆشم چەندین جار داوام لێكردوون كە ئەو بۆردوومانانە لە ڕێگەی پەیوەندیەوە ڕابگرن، ئەوان دەڵێن ئێمە پێیان دەڵێین، بەس خۆ ئەوەنییە كە توركیا بەقسەی ئێمە بكات.

 

چەند بنكە و بارەگای توركیا لە هەرێمی كوردستان و دەڤەری بادینان هەیە؟

 

"ڕەنگە لە هەولێریش هەبێت"

 

فەرەج ڕێکانی: ئەوەی دیارە لە سنووری ئامێدی – بەعشیقە - بامەڕنی - زاخۆ و باتووف بە ئاشكرا لەم شوێنانە هەن، وەكوتر هی شاراوە لەوانەیە لە هەولێریش هەبێت یان لەهەر شوێنیكی تر.

 

هەڵوێستی خەڵك چییە؟

 

"سوپاسی خۆپیشاندەرانی سلێمانی دەکەین کە پشتیوانیان کردین"

 

فەرەج ڕێکانی: خەڵك هەڵوێستی هەبووە و خۆپیشاندانی كردووە، خەڵك هەر ئەوەی پێدەكرێت، لە زۆر شوێنی تر خۆپیشاندان كراوە، لە سلێمانی هەڵوێست وەرگیراوە، ئێمە زۆر سوپاسی خەڵكی سلێمانی دەكەین كە پشتیوانی ئێمەیان كرد.

 

ئەرکی هاوڵاتیان و چالاکوانان چییە لەسەر ئەو بۆردوومانانە؟

 

"داواکارین هەمووان پشتیوانیمان بکەن بۆ ئەوەی کارەساتی وا ڕوونەداتەوە"

 

فەرەج ڕێکانی: ئێمە زۆر سوپاسی هەموو شارەكانی كوردستان و هەر چوارپارچەی كوردستان دەکەین، كە هەڵوێستیان هبێت بۆ ئەوەی ئەو كارەساتەی كە ڕوویدا و ئەو هاوڵاتیانەی كە شەهید بوون كۆتا جار بێت لەم سنورەدا ڕووبدات، پشتیوانی ئێمە بكەن بە خۆپیشان بێت یان دەربڕینی ناڕەزایی بێت بۆ ئەوەی ئەم كارەساتانە كۆتایی بێت.

 

ئەرکی دەسەڵات چییە لەبەرامبەر ئەو بۆردوومانانەدا؟

 

"بێدەنگ نەبن"

 

فەرەج ڕێکانی: داوا دەكەم لە دەسەلاتدارانی هەرێم كە بێدەنگ نەبن لەم كارانە، لەبەر ئەوەی ئەمە چەندین جارە هاوڵاتی مەدەنی لەم دەڤەرە شەهید دەكرێت، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەم بێتە دەنگ و لەگەڵ توركیا و نەتەوەیەكگرتووەكاندا هەوڵ بدات كە ئەم كارەساتە كۆتایی بێت.

 

لە ئێستادا هەوڵێك هەیە لەلایەن كەنەكە-وە بۆ نزیككردنەوەی لایەنەكان لەسەر بنەمای نەتەوەیی، یەكێتی نەتەوەیی تاچەند گرنگە بەلاتانەوە؟

 

"بۆ کورد زۆر گرنگە"

 

فەرەج ڕێکانی: زۆر گرنگە بۆ ئێمە وەك كورد، وەك یەكێتی ئێمە هەمیشە باوەڕمان وابووە كە هەر چوار پارچەكە دەبێت ڕۆڵی خۆیان ببینن و ئێمە حەز دەكەین كە یەكێتییەكی نەتەوەیی هەر چوارچارچەكە هەبێت.

 

ئەگەر یەكێتی نەتەوەیی هەبێت كاریگەری دەبێت بۆ ئەوەی فشار دروستبكرێت بۆ کۆتایی هێنانی بۆردومانكردنی ئەم سنورانە؟

 

"بێگومان کاریگەری باشی دەبێت"

 

فەرەج ڕێکانی: بەدڵنیاییەوە، فشار زیاتر دەبێت و ئەگەریش هەیە سنورێك بۆ توركیا دابنرێت، ئەگەر ئێمە وەك كوردی هەر چوار پارچە پێداگری لەسەر ئەوە بكەین كە ئەم سنورانە بۆردوومان نەكرێت، بێگوومان كاریگەری دەبێت..

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin