Smiley face
Smiley face
Smiley face

حکومه‌ت ده‌رچوانی یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌می زانکۆکان دادەمەزرێنێت

2017-09-26 18:08:21



ڕۆژنیوز ـ ناوه‌ندى هه‌واڵه‌کان

 

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕایگه‌یاند، که‌ له‌سه‌ر پێشنیاری وه‌زارتی خوێندنی باڵا، حکومه‌تى هه‌رێم ڕه‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دامه‌زراندنی هه‌زار و ١٩٧ له‌ ده‌رچووانی یه‌که‌م و دووه‌م و سێیه‌می زانکۆکان نیشاندا.


ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ له‌ لێدوانێکى نوسراودا که‌ به‌ ڕۆژنیوز گه‌یشتوه‌، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا ڕایگه‌یاندوه‌: "به‌پێیی نوسراوی ژماره‌ ٤١٤٦ که‌ له‌ ڕێکه‌وتی ٢٠/٩/٢٠١٧ به‌ ئیمزای نێچرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌رچوه‌ و وێنه‌یه‌کی ئاڕاسته‌ی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی کراوه‌، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاردراوه‌ به‌ دامه‌زراندنی ده‌رچوانی (یه‌که‌م و دوه‌م و سێیه‌م) له‌سه‌ر ئاستی په‌یمانگه‌ حکومیه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌ ساڵی خوێندنی ٢٠١٤-٢٠١٥،‌ که‌ ژماره‌یان ١١٩٧ ده‌رچوه‌".


ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش کراوه‌ "وه‌ک له‌ فه‌رمانه‌که‌دا هاتوه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌سه‌ر میلاکی هه‌مان زانکۆ و په‌یمانگه‌کانی خۆیان به‌ موچه‌ و ناونیشانی شایسته‌ داراییان و به‌پێی بڕوانامه‌کانیان له‌ ڕێکه‌وتی ده‌سبه‌کاربونیان کاروباری دامه‌زراندنیان بۆ ڕایی ده‌کرێ".


ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: "له‌ بڕگه‌یه‌کی دیکه‌ی نوسراوه‌که‌دا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابوری ڕاسپێردراوه‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بکات بۆ دابینکردنی بودجه‌ی پێویست بۆ دامه‌زراندنیان".


هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو: "دوای گه‌یشتنی نوسراوه‌که‌ش به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی نوسراوه‌که‌ی ئاراسته‌ی فه‌رمانگه‌ی گشتی کارگێڕی و دارایی کرد بۆ ئه‌وه‌ی کاری پێویستیان بۆ ئه‌نجام بده‌ن".


له‌ کۆتایشدا ئه‌وه‌ خراوه‌ته‌ڕوو: "هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌، ڕێکه‌وتی ٢٦/٩/٢٠١٧ ژماره‌یه‌ک له‌و ده‌رچوانه‌ سه‌ردانی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیان کرد و، به‌ناوی ده‌رچوانه‌وه‌ سوپاسی و ستایشی هه‌وڵ و کۆششه‌ به‌رده‌وامه‌کانی وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستیان کرد که‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردودا داویه‌تی بۆ دامه‌زراندنیان".


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin