Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕۆژنامەنووسێک و چالاکوانێک هۆكاری بایكۆتكردنی ڕیفراندۆم ئاشكرا دەكەن

2017-09-26 14:25:26



ڕۆژنیوز  - ئاشتی ئەحمەد

 

ڕۆژنامەنووسێک و چالاكوانێکی مەدەنی شارۆچكەی چەمچەماڵ، كە بایكۆتی پرۆسەی ڕیفراندۆمیان كردبوو، پێیانوایە پرۆسەكە بۆ دەوڵەت نییە، بەڵكو تەنها موزایدەی سیاسی و كارتی فشارە، هەربۆیە بایکۆتیان کردبوو و هۆکارەکەشی بۆ رۆژنیوز دەخەنەڕوو.

 

دوێنێ پرۆسەی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کێشە لەسەرەکان بەڕێوەچوو، پێش دەسپێکردنی پرۆسەکە، دەنگۆی زۆر بڵاو بووەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم ڕێفراندۆمە بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە یان مەبەستێکی دیاریکراوی حزبی لە پشتەوە هەیە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەشێک لە چین و توێژەکانی خەڵک کاردانەوەی جیاوازیان هەبێت، هەندێک بە نەخێر و هەندێک بە بایکۆت کردنی پرۆسەکە کاردانەوەی نواند.

 

هاوژین جەلیل، وەك چالاكوانێكی شارۆچكەی چەمچەماڵ كە بەشداری لەپرۆسەی ڕیفراندۆمدا نەكردووە بۆ ڕۆژنیوز وتی:"ئەم پرۆسەیە بۆ دروستكردنی دەوڵەت و ئامانجەكانی كورد نەبووە، بەڵكو بۆ درێژكردنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی بووە، كە كورسی سەرۆكایەتی هەرێم تا ئێستا لەلایەن بنەماڵەیەكەوە قۆرغ كراوە".

 

 

ئەو چالاكوانە باسی لەوەش كرد، لەلێدوانەكانی دەسەڵاتداری پارتیدا ئەوە بەدی دەكرێت و ویستویانە میللەت تاقی بكەنەوە، لەكاتێكدا میللەت خۆی تامەزرۆی ئازادییە و لەو ڕێگەیەشدا قوربانی داوە، هەروەها ئەوەی کە بەشداری پرۆسەكەشی كردووە، تا ئێستا دڵنیا نییە بە چ ئامانجێك دەگات.

 

ئاری لوقمان ڕۆژنامەنووس لە شارۆچكەی چەمچەماڵ بۆ ڕۆژنیوز وتی:"من خاوەنی سێ شەهیدم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بەڵام هەرچەندە پرۆسەكە بەناو بۆ سەربەخۆیی كوردستان بوو من بەشداریم نەكردووە، لەبەر ئەوە ڕێگە بەخۆم نادەم بە ڕۆح بەشداریم كردبێت تا بگەین بە سەربەخۆیی كوردستان، بچم و بەبەڵی دەنگ نەدەم، هەروەها ئەگەر بەبەڵی دەنگم بدایە لام ڕوون و ئاشكرایە پرۆسەكە بۆ سەربەخۆیی كوردستان نییە، ئەو كەسانەی بڕیاریان لەسەر پرۆسەكە داوە، لەئاستی ئەوەدا نین دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان دروست بكەن، لەبەرئەوە ڕابردووی دروو نزیكیان لەژێر پرسیاردایە و دەبێت دادگای گەل دادگاییان بكات، هاوكات بۆیە نەشڕۆشتم دەنگم بەنەخێر نەدا، چونكە ئەو كەسانەی خۆیان كردبوو بە خاوەنی، لە ئاستی پێویستدا نەبوون و ئەجێندایەكی ڕوونیان نەبوو، بۆیە بایكۆتكردنی پرۆسەكەم هەڵبژارد".

 

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە باسی لەوەش كرد، پرۆسەكە پرسیاری جدی لەسەرە و كۆمەڵێك ڕێگە و شوێن هەیە لەو پرۆسەیەدا نەگیراوەتەبەر و پەلەپەلی پێوەدیاربوو.

 

ڕایشی وایە، ئەو پرۆسەیە تەنها وەك كارتێكی فشار بەكار دەهێنرێت دژی حكومەتی بەغداو بۆ بەدەستهێنانی پۆست و پایەی زیاتر، هەر لەڕۆژی بەڕێوەچوونی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، پرۆسەكە بۆ دیاریكردنی سنووری باشوری كوردستان و دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، ئەمەش قسەیەكی هەروا سادە نییە، چونكە ئەو كەسێكی دیارە لەنێو حكومەت و پارتی دیموكراتدا، كە هەر لەسەرەتاوە پارتی ئەو پرۆسەیەی بەحزبی كردبوو.

 

بەگوێرەی زانیارییەكان لە سنوری شارۆچكەی چەمچەماڵ زیاتر لە 80 هەزار كەس مافی دەنگدانی هەبوو، بۆ ئەو مەبەستەش 35 بنكە لەو سنورە كرابوونەوە، بە گوێرەی زانیارییەكان 63% ی ئەو ژمارەیە بەشداریی پرۆسەكەی کردوە دەنگیان داوە.

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin