Smiley face
Smiley face
Smiley face

کۆمەڵ: دەگەڕێینەوە پەرلەمان.. نوێکراوەتەوە

2017-09-25 14:22:29



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی  کۆمەڵی ئیسلامی، بەشداری پڕۆسەی دەنگدانی ڕیفراندۆمی کرد و ڕایگەیاند: لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەماندا پەرلەمانتارەکانمان دەگەڕێنەوە ناو پەرلەمان.

 

کەمێک لەمەوبەر، محەمەد حەکیم، کارگێڕی ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لە قوتابخانەی پشکۆی بنەڕەتی لە شاری سلێمانی دەنگی دا، پاشان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بەڕێوەبرد.

 

لە کۆنگرەکەدا محەمەد حەکیم وتی:"ئێمە وەک کۆمەڵی ئیسلامی تێبینی خۆمان ھەبووە لەسەر ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە، بەڵام ئێستاش و ھەرکاتێکی تر دەنگمان بەڵێ یە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، وێڕای تێبینیەکانمان".

 

 

وتیشی:"ھیوادارین ببینە خاوەنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و دیموکرات، کە مافی ھاوڵاتی تێیدا پارێزراو بێت و شەفافیەتی تێدابێت و ئەمجارە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی تێدابێت".

 

لەبارەی قسەکانی نیچیرڤان بارزانی، کە ڕایگەیاندبوو ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی نییە، ناوبراو وتی:"داوا لە دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان دەکەم کە مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ دەنگی خەڵکی کوردستاندا بکەن، چونکە ئەگەر ئەم جارە دەنگەکانمان مامەڵەیەکی نا تەندروستی لەگەڵدا بکرێت بۆ جاری داھاتوو خەڵک لەگەڵمان نابێت بۆ سەربەخۆیی".

 

محەمەد حەکیم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە بەھۆی ڕیفراندۆمەوە مەترسی ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان دەبێتەوەو وتی:"پێمان وایە کە ھەندێک مەترسی ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان دەبێتەوە، ئومێد دەکەین دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان بتوانن مامەڵە لەگەڵ مەترسیەکاندا بکەن و مەترسی خەڵکی کوردستان بڕەوێننەوە، سەنگی دەنگی بەڵێ ی کوردستان لەدەست نەدەن".

 

لەبارەی بەشداری کردنیان لە دانیشتنی داھاتووی پەرلەماندا ناوبراو، وتی:"ئێمە ئەندام پەرلەمانەکانمان بەشداری دانیشتنی داھاتووی پەرلەمان دەکەن، ھیوادارین یەکێتی و پارتی و ھەر لایەنێکی تر کە لەگەڵیاندایە بەو ڕێککەوتنە نھێنیەدا بچنەوە کە کردیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، وە ئەم دەرفەتە بکەنە دەرفەتێک بۆ تەبایی سیاسی".

 

وتیشی:"ئەندامانی پەرلەمانمان دەگەڕێنەوە دانیشتنەکان، دۆسیەی فەخرەدین قادر، لەناو خۆمان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا قسەی لەسەر دەکەین".

 

جێگای باسە، فەخرەدین قادر، سکرتێری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بوو، بەڵام لەکاتی کاراکردنەوەی پەرلەماندا لە ١٥ی ئەم مانگەدا، بە بێ ئامادەبوونی سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان، بێگەرد تاڵەبانی کرایە سکرتێری پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی بوو لە پەرلەماندا.

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin