Smiley face
Smiley face
Smiley face

ژنانی كەركوك داوای ئاشتی و پێكەوەژیانی نەتەوەكانی شارەكە دەكەن

2017-09-23 11:15:35



ڕۆژنیوز- سۆران محەمەد

 

ژنانی شاری كەركوك، داوای ئاشتی و ڕۆحیەتی پێكەوە ژیانی نەتەوەكانی شارەكە دەكەن، هاوكات ڕایدەگەیەنن، چەندین ساڵا نەتەوەكانی شارەكە بە برایەتی دەژین.

 

شاری كەركوك، ئەو شارەی چەندین نەتەوە و مەزهەب و ئاینی جیاوازی لە باوەش گرتووە، ئێستاکە نەتەوەكان داوا دەكەن، كە ململانێی سیاسی كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیانی نەتەوەكانی شارەكە نەبێت.

 

ڕەغدە ناسیح، هاوڵاتیەكی كوردی شارەكەیە، بۆ ڕۆژنیوز، دەڵێت:"ئێمە وەكو نەتەوەی كورد لە شاری كەركوك، پێویستە دوای یەكڕزی نەتەوەكانی شارەكە بكەین، چونكە تایبەتمەندی دیاری ئەم شارە پێكەوە ژیانی نەتەوەكانە، ئەم شارە لە چەندین نەتەوە و ئاین و مەزهەب پێك هاتووە، ئەمە وای كردووە ئەم شارە زۆر جوان و ڕەنگین بێت، ئومێدەوارم ئەم شارە ببێتە سومبلی ئاشتی و پێكەوە ژیان لە سەرتاسەری جیهان".

 

 

ووتیشی:"ئێمە وەك هاوڵاتیان دەمانەوێت شارەكە هەموو بە ئاسوودەی بژیت، وە نامانەوێت ملمڵانێی سیاسی نێوان سەركردە جیاوازەكانی نەتەوەكان، كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیانمان هەبێت، هاوڵاتیانی ئەم شارە دەبێت ڕوبەڕووی دەستی دەركی ببنەوە و ئاشتی پێكەوە ژیان بكەنە چەكی دەستیان، ئێمە دەمانەوێت بە ئاشتی بژین و دەسبەردای هیچ نەتەوەیەكی شارەكە نابین، هەروەها ڕق و قینمان بەرامبەر هیچ نەتەوەیەك نیە".

 

هەدیل شەمەریی، كچێكی عەرەبی دانیشتووی کەرکوکە، لەسەر پرسی پێکەوەژیان دەڵێت:"كەركوك تایبەتمەندی خۆی هەیە و  ڕەنگی جیاوازی تێدا هەیە، ئەوش پێكەوەژیان و قبوڵكردنی هەموو ڕەنگێك و مەزهەب و ئاینێكە، ئێمە هەموو ڕەنگەكان لە شارەكە دەژین، هیچ جیاوازییەك نییە لە نێوان پێكهاتەكانی شارەكە، چونكە جگە لەوەی بیروڕای جیاوازمان هەیە، بەڵام ئەوەی هەموان كۆدەكاتەوە مرۆڤایەتییە و هەموومان مرۆڤین".

 

 

ئەو هاوڵاتییە عەرەبە، دەشڵێت:"كاتێک باسی دیموكراتی ڕاستەقینە دەكرێت، ڕاستەوخۆ شاری كەركوكم دێتە بەرچاو، چونكە لە یەك كۆڵانێك هاوسێ كورد و توركمان و مەسیحی هەن، بێ ئەوەی هیچ كێشەك لە نێوانیاندا هەبێت و بە ئاشتی و پێكەوە ژیان دەژین، بۆیە داوا لە دەزگا ڕاگەیاندنەكان دەكەم كە هەوڵی قووڵكردنەوەی مەزهەبی و تایفی نەدەن، دەبێت هەمووان هەوڵ بۆ ئاشتی و پێكەوەژیان بدەن".

 

ڕیتە وائیل، كچێكی مەسیحی شارەكەیە، لەو بارەیەوە دەڵێت:"من لە شاری كەركوك دەژیم، بێ ئەوەی ترسم هەبێت، لە كۆڵانەكەماندا براكانم دەچن بۆ مزگەوت منیش دەچم بۆ كەنیسە، هەمووان پێكەوە دەژین و ڕێز لە بیروڕای یەكتری دەگرین، بەڵام ئێستاکە دەستێك هەیە بۆ ئەوەی بابەتی تایفی و ئاینی و لە شارەكە قووڵ بكاتەوە، بۆیە داواكارم هەمووان وەك چۆن لە 100 ساڵی ڕابردوودا پێكەوە ژیاوین، بەهەمان شێوە پێكەوە بژین".

 

 

ئاماژەی بەوەش كرد:"كەركوك ڕەنگی و دەنگی هەموو پێكەهاتەكانی شارەكەیە، با هیچ لایەنێك خۆی بەسەر لایەنێكی تردا فەرز نەكات، ئێمە بە پێكەوە ژیانمان ئەم شارەمان جوان كردووە، سەدان ساڵە كورد و مەسیحی و عەرەب و توركمان و شیعە و سونە و سابیئە و بەهایی لەو شارە دەژین، ئیستاش پەیامی من بۆ هاوڵاتیانی کەرکوک ئەوەیە، با ڕەنگاوڕەنگ بین، با مرۆڤدۆست بین و برای یەكتر بین".

 

خەولە عەبدوڵا، هاوڵاتیەكی توركمانی شارەكەیە، لەسەر هەمان پرس دەڵێت:"كاتێك كە سەیری كەناڵی ڕاگەیاندنەكان دەكەین، هەمووان دەیانەوێت شەڕی مەزهەبی و تایفی قوڵ بكەنەوە، بەڵام  لە بنەڕەتدا كێشە لە نێوان سیاسییەكانە، نەتەوەكان بە بێ كێشە دەژین، من خوێندكارم كورد و عەرەب و مەسیحی هاوڕێمن، هەمیشە بە ئاشتی و پێكەوە دەژین".

 

 

ئەوەشی وت:"من لە شاری كەركوك لە دایك بوومە، كە چاوم كردۆتەوە، لە گەڵ نەتەوەكانی شارەكە ژیاوم، ئاخر بۆچی نابێت منی مرۆڤ نەتوانم لەگەڵ نەتەوەی تر بژیم، بۆیە پەیامی ئێمەی توركمان پێكەوە ژیان و برایەتی نێوان نەتەوەكانی شارەكەیە".

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin