Smiley face
Smiley face
Smiley face

گەریلاکانی یەژاستار: تێدەکۆشین بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی

2017-09-22 13:57:35



ڕۆژنیوز - تۆلهلدان ئۆزان ئامەد

 

گەریلاکانی یەژاستار گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە بە بەردەوامیی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی دەزانن و دەڵێن بۆ تێکشکاندنی گۆشەگیریی تێکۆشانیان بەرفراوان دەکەن.

 

گەریلاکانی یەژاستار سەبارەت بە گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە قسەیان بۆ ئاژانسەکەمان کرد و ڕایانگەیاند، کە دوژمن بەنیازە بە گۆشەگیرکردن ئیرادەی گەل تێکبشکێنێت.

 

چیچەک گابار، یەکێک لە گەریلاکانی یەژاستار لەم بارەیەوە وتی:"ئێمە لە شەنگال ئەرکی بەرگری لە خەڵکی ئێزدیمان گرتووەتە ئەستۆ، لە بارەی گۆشەگیرکردنی سەرۆکەوە زۆر شت هەیە کە دەبێت باسیان لێ بکرێت، پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی دژی ڕێبەرایەتیی لە ساڵی ١٩٩٩دا ئەنجام درا، لە نیسانی ساڵی ٢٠١٥وە هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە ڕانەگەیەندراوە، ئێستا سەبارەت بە دۆخی سەرۆک نیگەرانی جیاواز لە گۆڕێدان، ئێمە لە بەرامبەر ئەو دۆخە سەپێندراوەدا وەک یەژاستار چالاکییەکانمان بەرفراوانتر دەکەینەوە، دوژمن باش لە کاریگەرییەکانی بیر و هزری سەرۆک تێدەگات و بۆ ئەوەشە گۆشەگیریی بەسەردا سەپاندووە".

 

 

گەریلایەکی دیکە بەناوی میترا دەڤریم وتی:"ئێمە وەک یەژا ستار گۆشەگیریی سەر سەرۆک قبوڵ ناکەین، ئەو دۆخەی بە سەر سەرۆکدا سەپێندراوە تووڕەمان دەکات، دۆخی ئاسایش و تەندروستی ڕێبەرایەتیی بۆ ئێمە زۆر گرنگە، ئێمە وەک گەریلاکانی یەژاستار و هەپەگە گڕی چالاکییەکانمان گەشتر دەکەینەوە، ئەوەندەی گۆشەگیری سەر سەرۆک درێژتر بێتەوە ئێمەش چالاکییەکانمان بەرفراوانتر دەکەین".

 

 

لە کۆتاییدا گەریلا نەڤال تۆلهلدان وتی:"دوژمن دەیەوێت بە گۆشەگیرکردنی سەرۆک ئیرادەمان تێکبشکێنێت، بەڵام ئێمە تا دوایین دڵۆپی خوێنمان بەرخۆدان دەکەین، دەوڵەتی تورک بۆ لەناوبردنی سەرۆک و گەلی کورد هەموو جۆرە هەوڵێک دەدات، لە بەرامبەردا تا دێت گەلی کورد زیاتر پێشدەکەوێت، ئێمە تێکۆشانمان بەرفراوانتر دەکەین و بەمشێوەیە پیلانی گۆشەگیرکردنی سەرۆک پوچەڵ دەکەینەوە".

 

 

د.خ



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin