Smiley face
Smiley face
Smiley face

موقتەدا: جیابوونەوە لە عێراق خۆکوژییە

2017-09-21 20:26:42



ڕۆژنیوز - ناوەندی هەواڵەکان

 

موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر لە پەیامێکدا ڕایگەیاند:"جیابوونەوەی كوردەكان لەعێراق خۆكوژییە"، هاوکات داواشی لە سەركردایەتی سیاسی كورد کرد کە بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بێ ئەوەی هەڕەشەی جیابوونەوە بکەن.
 


نووسینگەی ڕاگەیاندنی موقتەدا سەدر، سەرۆكی رەوتی سەدر، ئەمشەو ڕاگەیاندراوێکی  بڵاو کردەوە و کە تێیدا پەیامێکی ناردووە بۆ سەرکردەکانی کورد و داوایان لێ دەکات بچنەوە سەر مێزی گفتوگۆ.


لە پەیامەکەیدا موقتەدا ئاماژەی بەوە كردووە: كورد هێزی ئێمەیە لەعێراقدا، پێدەچێت ئەوان ئاستی مەترسییەكان نەزانن كاتێك باسی ڕیفراندۆم دەكەن، داوایان لێدەكەین ئەو ریفراندۆمە ئەنجام نەدەن، چونكە خۆیان زەرەرمەندی یەكەم دەبن.

هەروەها وتیشی: داوا لەحكومەتی عێراق دەكەم کە ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ كۆتایی هێنان بەو گاڵتەجارییە، ئێمە دەستی حكومەت دەگوشین بۆ پاراستنی یەكگرتوویی عێراق، هەرچی پێویست بكات ئێمە ئامادەین.


سەدر ئەوەشی خستەڕوو:ئەمە نامەی منە بۆ ئەو سەركردانەی كورد كە داوای جیابوونەوە دەكەن، جیابوونەوەیان خۆكوژییە، وەرن بۆ سەر مێزی دیالۆگ بەبێ هەڕەشەكردن بە جیابوونەوە، دیالۆگ چەند بۆ ئێوە پێویستە بۆئێمەش پێویستە، بشزانن ئەوان بەتەنیا نین لەعێراق و نابێت هەموو دەسكەوتە گەورەكان بۆ ئێوەبێت لەكاتێكدا ئێمە هاوبەشین.

 

هەروەها سەدر لە پەیامەکەیدا باسی وڵاتانی دراوسێشی کرد و وتی:ئارام بگرن و پشوو درێژ بن، عێراقییەكان خۆیان توانایان هەیە كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئەوانەی توانیان تیرۆر بشكێنن لەتارمایی  دابەشبوون  ناترسن.

 

بڕیارە 25ی ئەم مانگە، ڕیفراندۆم لەهەرێمی كوردستان و ناوچە جێ ناكۆكەكان بەڕێوە بچێت، عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان دژایەتی خۆیان بۆ ئەو پرسە ڕاگەیاندووە.

د.خ

 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin