Smiley face
Smiley face
Smiley face

کەنەکە: کۆمەڵکوژی شیلادزێ بەتوندی شەرمەزار دەکەین

2017-09-21 12:50:12



 

ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
 

لە بەیاننامەیەکدا کەنەکە هێرشەکانی سەر شیلادزێی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکەوە شەرمەزارکرد، کە لە ئەنجامیدا ١٠ هاوڵاتی سنوورەکە شەهیدبوون و ڕاشیگەیاند: تورکیا بە ئاشکرا ئەیەوێت هەموو کوردستان داگیربکات و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لەناوببات.

 

 
دوێنێ له‌ ناوچه‌ی نێروه‌ و ڕێکان له‌ بادینا، بهۆی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکەوە ١٠ هاوڵاتی شەهیدبوون، لەدژی ئەو کۆمەڵکوژییە، ئەمڕۆ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
 

لە بەیاننامەکەی کەنەکەدا هاتووە:"حکومەتی ئاکەپەو ئەردۆغان تاونێکی تریان خستە سەر خەرمانی تاوانەکانیان، کە فڕۆکە جەنگیەکانیان هێرشیان کردە سەر ناوچەی شیلادزێ و گوندەکانی دەوروبەری، لە ئاکامدا ژمارەیەکی زۆر خەڵکی سڤیل گیانیان لەدەستداوەو ژارەیەکی زیاتریش بریندارن، ئەمە سەرەڕای زەرەرو زیانێکی زۆری سامان ماڵی خەڵکی ناوچەکە،ئەمە چەندەمین جارە فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا هێرش ئەکەنە سەر گوندو خەڵکی سڤیلی کورستان و کوشتارو کاولکاریی ئەکەن".

 

ئەوەش هاتووە:"دەوڵەتی تورکیاو حکومەتی ئاکەپە رۆژ لە دوای رۆژ دوژمنایەتی خۆیان بۆ گەلی کوردو دەستکەوتەکانی دووبارە ئەکەنەوە، تورکیا بە ئاشکرا ئەیەوێ هەموو کوردستان داگیربکات و دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لەناوبەرێت و خەڵکەکەی قەلاچۆبکات، هەڵوێستی نەیارانەو پیلانە گڵاوەکانی ئەو حکومەتە هەر بە کاولکاریی و کوشتن و زیندانیکردنی کوردانی باکورەوە نەوەستاوە، سەرباری هێرش و بۆردومان، باشوری کوردستانیشی پڕ کردووە لە مۆڵگەی سەربازی و میت و گروپی تێرۆرو سیخوڕیی، لە لایەکی تریشەوە پیلان لە دژی رۆژاوای کوردستان ئەگێڕێ و بە هێزی سەربازیش ئابڵوقەی داوە و هەڕەشەی داگیرکردنی ئەکات".

 

کەنکە ڕایگەیاندووە:"لەم باورودۆخەدا تەنیاو تەنیا یەکێتی و یەکڕیزی هێزە کوردسیانییەکان و خەڵکی کوردستان ئەتوانن بەر بەم شاڵاوی هێرش و پیلانانە بگرن و پوچەڵیان بکەنەوە، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر هاوهەڵوێستی و هاودەنگی کوردستانیان پێویستییەکی ژیانییە بۆ پاراستی گەلی کوردستان و دەستکەوتەکانی لە هەموو پارچەکاندا".

 

لە کۆتاییدا بەیاننامەکەدا کەنەکە داوادەکات کە چیتر خەڵکی کوردستان و پارت و رێکخراوەکان، میدیاو ڕۆشنبیران لەم تاوانانەی حکومەت و دەوڵەتی تورکیا بێدەنگ نەبن و رایدەگەیەنن:"لە پێش هەمووانەوە داوا لە حکومەت و دەسەڵاتی باشووری کوردستان دەکەین، هەڵوێست و شوێنی خۆیان لە هەمبەر ئەم رەوشە روون و دیار بکەن، هەمانکات داوا لە ڕایگشتی و فەرمی جیهانی و دەزگاو رێکخراوە نێوەنەتەوەییەکان ئەکەین، بە هانای خەڵکی کوردستانەوە بچن و سنوورێک بۆ ئەم هێرشانەی تورکیا دابنێن، جارێکی تریش هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خەلكی سڤیلی ناوچەی شیلادزێ و هەموو کوردستان بە توندی شەرمەزارو ریسوا ئەکەین".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin