Smiley face
Smiley face
Smiley face

چنور تاکه‌ ژنه لە عێراق-دا‌ پلەی موختاری هەیە

2017-09-21 10:24:22



ڕۆژنیوز - سلێمانی

 

چنور حمه‌ تۆفیق، تاکە ژنە لە عێراق-دا پلەی موختاری هەیە و لەبارەی گرفتەکانی بەردەم کارەکەشییەوە دەڵێت: هیچ کارێک بێ‌ به‌ربه‌ست نییه‌، به‌ڵام ژنان هێزى ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ تێکى بشکێنین و سه‌رکه‌وتوبین.

 

چنور حه‌مه‌تۆفیق، له‌ دایکبووى ساڵی ١٩٨١- ە و  دانیشتووى شاری سلێمانییه‌ و یه‌که‌م ژنه‌ له‌ عێراق و هەرێمی کوردستان-دا کارى موختاریى ده‌کات، ماوه‌ى چوار ساڵه‌  موختارى گه‌ڕه‌که‌کانى ( کوردستى یه‌ک و دوو لوبنان ستى و دییه‌ ستی)یە، له‌ سنوورى شاره‌وانى سلێمانی-دا.

 

سەبارەت بە لە ئەستۆگرتنی ئەرکی موختاری گەڕەک، چنور بە ڕۆژنیوزی وت:"ئه‌م کاره‌ بیرۆکه‌ى خۆم بووم هه‌ستم کرد له‌م  بواره‌دا هیچ  ژنێک نییه‌، بۆیە به‌ پێویستم زانى ئه‌و خه‌باته‌ بکه‌م و ڕێچکه‌ بشکێنم".

 

چنور حه‌مه‌تۆفیق

 

لەبارەی ڕێگریی یان پشتگیرییەکانییەوە، ئەو ژنە موختارە، وتی: سه‌ره‌تا خێزانەکەم و هاوسه‌ره‌که‌م پێیان باش نه‌بوو، دواتر بینیان هه‌ڵبژاردنى خۆمه‌ و ده‌توانم سه‌رکه‌وتووبم قبوڵیان کرد و هاوکارم بوون به‌ تایبه‌ت هاوسه‌ره‌که‌م زۆر پشتگیریم ده‌کات.

 

چنور، وتیشی:"هیچ کارێک بێ‌ به‌ربه‌ست نییه‌، به‌ڵام ژنان هێزى ئه‌وه‌مان هه‌یه‌ تێکى بشکێنین و سه‌رکه‌وتوبین، ئه‌گه‌رچى که‌سانێک هه‌ن ژنێکى سه‌رکه‌وتو ببینن گرفتى بۆ دروست ده‌که‌ن، به‌ڵام  من کاره‌که‌م خۆشده‌وێت بۆیه‌ ده‌توانم هه‌موو گرفته‌کان تێپه‌ڕێنم".

 

ناوبراو، ئاماژەی بە تیڕوانینی کۆمەڵگا کرد بۆ کارەکەی و وتی: خه‌ڵکى  زۆر لایان سه‌یره‌، که‌ ده‌بینن ژنێک موختاریى ده‌کات، به‌ڵام به‌گشتى ده‌ستخۆشیم لێده‌که‌ن.

 

 

چنور حەمە تۆفیق، پێى وایه‌ ژنان دەتوانن هەموو ئەو کارانە بکەن، کە کۆمەڵگا مۆرکی پیاوی لێداوە و وتیشی:"زۆر گرنگه‌ ژنان به‌ ویستى خۆیان کار هه‌ڵبژێرن چیتر نابێت کۆیلایه‌تى ژن قبوڵبکرێت، ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ ناڵێم دژایه‌تى پیاو بکه‌ین به‌ڵکو ده‌مانه‌وێت هاوکارى پیاوان بین له‌ به‌ڕێکردنى ژیان، چونکه‌ ژن و پیاو ته‌واوکه‌رى یەکترن".

 

په‌یامى چنور وه‌ک ژنێکى سه‌رکه‌وتوو ئه‌وه‌بوو، که‌ چیتر خێزانه‌کان ڕێگریى له‌ کارى ژنان نه‌که‌ن، هیچ پیشه‌یه‌ک بۆ ژنان به‌ عه‌یبه‌ و که‌م نه‌زانن، وتیشی:‌ ئه‌و خێزانه‌ى ژنێنکى خاوه‌ن کار و سه‌رکه‌وتووى تێدابێت ئاسوده‌ و ئارامه‌ و ژنان ده‌توانن باڵانسى کارو ژیانى خێزان به‌ باشى ڕابگرن.

 

موختاریى، پله‌یه‌کى ئیداریی حکومییه‌ و لە ساڵی ١٩٤٠ بەدواوە لە عێراق باشوری کوردستان بۆ گەڕەکی شار و شارۆچکەکان و گوندەکان دادەنرێت و موختار بەرپرسە لە ڕاپەڕاندنی کاروبارە ئیدارییەکانی گەڕەک یان گوند و بەداوداچوون بۆ گرفتەکان و هەڵدان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاریی بۆ ئەو شوێنە.

 

 

ش.ف 
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin