Smiley face
Smiley face
Smiley face

جەبار یاوەر: پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجە ناکات

2017-09-21 10:20:42



ڕۆژنیوز - دانا عومەر

 

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، هێزەکانی پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە ناکات لەبەر ئەوەی ئەو ناوچانە کوردستانی نین و سەر بە ئیدارەی عێراقن.

 

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی حەویجە-ی سەربە پارێزگای کەرکوک دەستیپێکرد.

 

جەبار یاوەر، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ڕۆژنیوزی وت: لە ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە هێزەکانی پێشمەرگە بەشدارییەکی کرداری نابێت، بەڵکو لە هێڵەکانی بەرگری خۆی لە میحوەری سێی خورماتوو و داقوق، میحوەری چواری باشوری کەرکوک، میحوەری پێنجی باکوری ڕۆژئاوای کەرکوک، میحوەری شەشی مەخمور، ئەو هێڵانە توندکراون تا بەهیچ شێوازێک تیرۆیست دزە نەکات بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

 

جەبار یاوەر، وتیشی:"هەماهەنگی هەیە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هاوپەیمانی نێودەولەتی و سوپای عێراق-دا لە سنووری مەخمور".

 

باسی لەوەشکرد:"هێزەکانی هاوپەیمانی خۆیان پلانەکانیان داڕشتوە بە بێ لایەنی پێشمەرگە، چونکە زۆربەی ئەو ناوچانە کوردستانی نین، ناوچەیەکی سەر بە ئیدارەی عێراقە، هیچ کوردنشینێکی تێدا نییە، ڕۆژی پێنجشەمەی هەفتەی پێشوو، شاندێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ئامادەبوونی وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت و فەرماندەکانی پێشمەرگە کۆبوونەوە، ئەو شاندە هەموو پلانەکانی پێشکەش بە ئێمە کرد، بۆیە پلانەکانی ئەوان لای ئێمە ڕوونە".

 

ئاماژەی بەوەشدا:"ماوەیەکی زۆری ناوێت، بە بڕوای ئێمە شەڕێکی گەورە لەناو حەویجە نابێت، لەبەرئەوەی زۆربەی تیرۆریستان ئەو ناوچانەیان چۆڵکردووە، چوونەتە ناوچەکانی حەمرین و مەخمور، هەربۆیە تیرۆریستان ناتوانن زۆر بەرگری بکەن".

 

ڕاشیگەیاند: هەواڵگری پێشمەرگە لەگەڵ هەواڵگری هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزەکانی عێراقی لە مێژە ئەوەمان وتووە، کە ئەوان ناوچەکان لەدەستدەدەن دەگەڕێنەوە بۆ شێوازی قاعیدە بۆ شەڕ، هەوڵدەدەن بە گرووپی بچوک بچوک خەڵک بڕفێنن، یان ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو یان کەسی خۆکوژ بنێرن".

 

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، ئەوەشی خستەڕوو:"کۆنتڕۆڵکردنەوەی حەویجە بۆ کەرکوک زۆر زۆر گرنگە، لەبەر ئەوەی حەویجە زۆر فراوانە، وە زۆربەی ناوچەکانی حەویجە و ڕیاز و عەباسیە و ڕەشاد و ناوچەکانی زەرگە تا دەگاتە حەمرین، هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی کەرکوک، خورماتوو، دیالە و داقوق، وە پلانەکاش وایە کە هەموو ئەو ناوچانە ڕزگاردەکەن تا دەگاتە چیای حەمرین".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin