Smiley face
Smiley face
Smiley face

ڕۆژنیوز نوێترین زانیاری لەسەر لیستەکەی بەرهەم ساڵح بڵاودەکاتەوە

2017-09-21 08:11:37



ڕۆژنیوز - بەرهەم لەتیف

 

سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرهەم ساڵح ئاشکرایدەکات، کە لە ئاستی باڵادا لەناو یەکێتیدا هەوڵێک هەیە کە یەکێتیش ببێت بە بەشێک لە هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح، ئاماژە بەوەش دەکات، "بەشێكی زۆری مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و پەرلەمانتاریشی لەگەڵدان".

 

ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، بەرهەم ساڵح جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لە کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له‌هه‌رێمی کوردستان، لیستێکی نوێی بەناوی 'هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری' بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تۆمارکرد.

 

سەرچاوەیەکی نزیک لە بەرهەم ساڵح، سەرۆکی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپه‌روه‌ری، کە پێی باشنەبوو ناوی بهێنرێت، تایبەت بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:"هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵح، هاوپەیمانییەکی بەرفراوانە و چەند حزبێکیش دەچنە ناوی، کەناڵی ڕاگەیاندنی خۆشیان دەبێت، چەندین کەسایەتی لە پەڕلەمانتارانی خولەکانی پێشو و ئەم خولەش، مامۆستای زانکۆ، خەڵکانی ئەکادیمی لە هاوپەیمانییەکەدان".

 

ئەو سەرچاوەیە، ئەوەشی خستەڕوو:"لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، مەکتەبی سیاسی، کادر و مەڵبەندەکاندا، خەڵکێکی زۆر لەگەڵ هاوپەیمانییەکەی بەرهەم ساڵحە، لەسەر ئاستی حزبەکانیش خەڵکی تێدایە".

 

ئەوەشی ئاشکرایکرد:"لەناو یەکێتیدا لە ئاستی باڵا، وە لەناو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری-شدا، هەوڵێک هەیە  کە یەکێتی-ش ببێت بە بەشێک لەو هاوپەیمانێتییەی کە بەرهەم ساڵح دروستی کردووە، وە خەڵکی تریشی تێ بێت".

 

سەبارەت بە هۆکاری جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح لە یەکێتی، ئەو سەرچاوەیە ئەوەی وت:"بەشێک لە یەکێتی و پارتی، گەلەکۆمەیەکیان لە بەرهەم ساڵح کرد و لە حکومەت لایاندا، چوونکە پرۆژەی هەبوو بۆ چاکسازی لەناو حکومڕانی هەرێمی کوردستاندا، وە هەموو ئەو نەخشەڕێگا و پرۆژانەی کە هەیبوو، بۆ چاکسازی لەناو یەکێتی بایەخی پێنەدەدرا".

 

لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە دەوترێت ئەو هاوپەیمانێتییەی کە بەرهەم ساڵح دروستی کردووە، مەیلی بەلای پارتی دیموکراتی کوردستان-دا هەیە، ئەو سەرچاوەی ڕەتیکردەوەو وتی:"ئەو بەرەیەی کە دروستی کردووە، هیچ هاوسۆزییەکی لەگەڵ پارتی نییە، دکتۆر بەرهەم دژی سیستەمی بنەماڵەییە، دژی دەسەڵاتی ناوچەگەرییە، ناکۆکە لەگەڵ ئەم جۆرە بەڕێوەبردنەدا، دکتۆر بەرهەم لەگەڵ بوونی سیاسەتێکی نیشتمانییە، لەسەر بنەمای دیموکراسی، کە بتوانێت دادپەروەری بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان بەدی بهێنێت".

 

سەرچاوەکەی نزیک لە بەرهەم ساڵح، لەسەر قبوڵکردنی نامەی دەستلەکارکشانەوەکەی بەرهەم ساڵح، کە پێشکەشی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی کردووە، ئاماژەی بەوەشکرد:"بێ ئاگام لەوەی قبوڵ کرابێت، مەکتەبی سیاسی یەکێتی ناتوانن بڕیار لەسەر دورخستنەوەی بەرهەم ساڵح بدەن، چونکە خەڵکێکی زۆری لەئاستی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی لەگەڵە".

 

س.ح



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : rojnewsso@gmail.com
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin