Smiley face
Smiley face
Smiley face

مه‌راسیمێک له‌بارەی گیانله‌ده‌ستدانى که‌مئه‌ندامان له‌سه‌ر شه‌قامه‌کان به‌ڕێوه‌چوو

2017-09-19 18:04:35



ڕۆژنیوز - ڕێزان محه‌مه‌د


بۆ کۆچی دوایی چالاکوان و که‌مئه‌ندامی شاری سلێمانی، عه‌بدۆڵا مه‌سۆیی، مه‌راسیمێک سازکرا و که‌مئه‌ندامان داوایان کرد که‌ شه‌قامه‌کان بۆ که‌مئه‌ندامانیش ببێت و بتوانن که‌ بێ ترس ھاتووچۆی تێدا بکه‌ن.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، مه‌راسیمێک بۆ کۆچی دوایی عه‌بدوڵا مه‌سۆیی، که‌ که‌مئه‌ندام و چالاکوانی شاری سلێمانی بوو له‌ زێڕینۆک، له‌ شوێنی ڕووداوه‌که‌ له‌ نزیک بینای یه‌کێتی که‌مئه‌ندامانی کوردستان لقی سلێمانی ڕێکخرا.


سامان حسێن، سکرتێری یه‌کێتی که‌مئه‌ندامانی کوردستان لقی سلێمانی، له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌نووسیدا وتی: له‌م شه‌قامه‌ پێمان خۆشبوو که‌ ده‌نگمان ھه‌ڵبڕین بڵێین ئه‌رێ بۆ شه‌قامێک تایبه‌ت بۆ که‌مئه‌ندامان نیه‌، سه‌یرانگاکان و قه‌یرانه‌کان و خێزانه‌کان بۆ ئێمه‌ بوه‌ته‌ مه‌رگ، پایته‌ختی ڕۆشنبیری بۆ وایه‌ که‌ شه‌قامێک نیه‌ بۆ که‌مئه‌ندامان، له‌ بازنه‌ی مه‌لیک مه‌حمود شه‌قامێک نیه‌ بۆ که‌مئه‌ندامان تا بپه‌ڕێنه‌وه‌ لێی.

 


 وتیشی: ئازاری که‌مئه‌ندامان ھه‌ر ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ خوا وای دروست کردوین، له‌ وڵاتان نه‌ک ته‌نھا شه‌قامه‌کان بۆ که‌مئه‌ندام به‌ڵکو ڕێگه‌یه‌ک یان ژێر به‌حرێک یان سه‌یرانگایه‌ک بۆ که‌مئه‌ندامان ھه‌یه‌، باشه‌ بۆ ژیانی ئێمه‌ وایه‌، نه‌ جاش بووین نه‌ به‌عس بووین خوا وای لێکردووین، ده‌سه‌ڵاتداران و حکومه‌ت ماوه‌ی ھه‌شت ساڵه‌ گوێیان لێنه‌گرتووین، ته‌مانه‌ ده‌که‌ین گوێمان لێبگرن.


ئه‌مڕۆ سێ ڕۆژ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر کۆچی دوایی عه‌بدوڵا مه‌سۆیی، که‌ که‌مئه‌ندامی شاری سلێمانی بوو، به‌ھۆی ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبێل لێدا گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌مه‌ دووه‌م که‌مئه‌ندامه‌ که‌ به‌ھۆی ئۆتۆمبێل لێدان له‌ شه‌قامه‌کان گیانی له‌ده‌ستدابێت.

 

عه‌بدوڵا مه‌سۆیی

 


ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin