Smiley face
Smiley face
Smiley face

ده‌ربه‌ندیخان، یادى شه‌هیدی گەریلا ڕێباز تیلەکۆ بە بەرزی ڕاگیرا

2017-09-19 17:44:37



ڕۆژنیوز ـ دەربەندیخان
 

له‌ ساڵیادی شه‌هیدبوونیدا، له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌که‌یه‌وه‌ له‌ شارۆچکه‌ی ده‌ربه‌ندیخان، مه‌راسیمێک بۆ شه‌هید عیرفان سه‌عید شه‌هابی، ناسراو به‌ ڕێباز تیله‌کۆ به‌ڕێوه‌برا.


ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ کاتژمێر ٠٤:٠٠، مه‌راسیمێکی تایبه‌ت به‌ دووه‌مین ساڵیادی شه‌هید ڕێباز له‌ ماڵی شه‌هید له‌ شارۆچکه‌ی ده‌ربه‌ندیخان سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی  به‌ڕێوه‌چوو.
 

سه‌ره‌تا سامان شه‌هابی برای شه‌هید، به‌ناوی بنه‌ماڵه‌که‌یانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی هه‌موو لایه‌کی کرد و باسی کەسایەتی شەهید عیرفان شەهابی کرد.

 

 

پاشان تارا حسێن جێگری هاوسه‌رۆکی ته‌ڤگه‌ری ئازادی باسی له‌ خه‌بات شه‌هید کرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ کرد که‌ شه‌هید هه‌رچه‌نده‌ چووه‌ته‌ ئه‌وروپا نه‌یتوانیوه‌ دوور بێت له‌ کوردستان و وتی: ئێستاش گه‌نجانی کورد هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه‌ بگه‌نه‌ ئه‌وروپا، به‌ڵام شه‌هید ڕێباز ئه‌وه‌ی ڕه‌تکرده‌وه‌ و نه‌یتوانی دوور له‌ خه‌باتی گه‌له‌که‌ی بژی.

 


وتیشی: ئێمه‌ ئێستا له‌ خێزانێکداین، جگه‌ له‌ شه‌هید ڕێباز، هه‌موویان له‌ تێکۆشاندان، ئه‌و خێزانه‌ن ڕێبه‌ر ئاپۆ باسی ده‌کات، که‌ هه‌موویان بێ پشوو له‌ خه‌باتدا بوون و ئێستاش له‌ خه‌باتدان بێ ماندوو بوون، ئێمه‌ ده‌ڵێین ته‌نها شه‌هید توانیویه‌تی ڕۆحی خۆی فیدا بکات، بۆیه‌ هه‌موومان قه‌رزاری شه‌هیدانین.
 

تارا سه‌رنجی ڕاکێشایه‌ سه‌ر پێویستییه‌کانی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و وتی: ئێستاش به‌ پێشه‌نگایه‌تی که‌نه‌که‌ هه‌موو هه‌وڵێک هه‌یه‌ بۆ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان پێکنایه‌ن، به‌ڵام شه‌هید ڕێباز و هه‌ڤاڵانی به‌ خوێنی خۆیان ئه‌و یه‌کێتییه‌یان پێکهێناوه‌.
 

دواتر ئارام به‌رخۆدان، وتاری کۆمیته‌ی شه‌هیدانی کۆداری خوێنده‌وه‌ و باسی دۆخی ئێستای له‌ کوردستاندا کرد و وتی: ئه‌و ڕووداوانه‌ى ڕووده‌دات بۆ له‌ناوبردنی ده‌ستکه‌وته‌کانی گه‌له‌که‌مانه‌، که‌ هه‌ندێک لایه‌نی کوردیش ڕۆڵی تێدا ده‌گێڕن.
 

 

ئارام وتیشی: شه‌هید ڕێباز له‌ ئه‌وروپاوه‌ نه‌یتوانی ئازاره‌کانی گه‌له‌که‌ی له‌بیر بکات و هاته‌وه‌ کوردستان و شه‌هید بوو، شه‌هیدبوونه‌که‌ی یه‌کێکه‌ له‌ ده‌ستکه‌وته‌ گه‌وره‌کانی شۆڕش.
 

هه‌روه‌ها دکتۆر کامیران به‌روارى ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی که‌نه‌که‌ قسه‌ی کرد و وتی: هه‌ر ماڵێکی کورد ئاماده‌یه‌ کچ و کوڕی خۆی بنێرێته‌ خه‌بات تا شه‌هیدبوون، ئه‌وه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ گه‌لی کورد قه‌ت له‌ناوناچێت و هه‌میشه‌ بۆ ئازادی تێده‌کۆشێت.
 

 

 

وتیشی: به‌ خوێنی گه‌ریلا سنووره‌کان سڕانه‌وه‌، هه‌وڵه‌کانمان بۆ یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌، که‌ بریتییه‌ له‌وه‌ی ئێمه‌ هه‌موومان کوردستان هه‌موو به‌ ماڵی خۆمان بزانین، ئه‌مڕۆ به‌ تێکۆشانی به‌ڕێز ئۆجالان و خه‌باتی که‌جه‌که‌ و په‌که‌که‌ یه‌کێتی کوردان دروستبووه‌، له‌هه‌مان کاتدا به‌داخه‌وه‌ ئێستاش لایه‌نی سیاسی هه‌یه‌ ئاماده‌ نییه‌ بێته‌ ناو کۆنفرانسه‌کانی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، که‌ خۆشیان هیچ به‌دیلێکی باشتیان به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌.
 

هه‌ر له‌و مه‌راسیمه‌دا، وێڕای خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند پارچه‌ هۆنراوه‌یه‌ک، سینه‌فزیۆنێک له‌سه‌ر ژیانی شه‌هید نمایشکرا.
 

گه‌ریلای شه‌هید عیرفان سه‌عید شه‌هابى ناسراو به‌ ڕێباز تیله‌کۆ، له‌ ١٩-٩-٢٠١٥ له‌ چالاکییه‌کی فیداییدا دژی باره‌گای سه‌ربازی ده‌پێی سه‌ر به‌ جوله‌مێرگ شه‌هید بوو، له‌ چالاکییه‌که‌یدا ده‌یان سه‌ربازی ده‌وڵه‌تی تورک کوژران و برینداربوون.
 

 

ک.ک
 



-
RojNews
په‌یوه‌ندی


Korek       : +964 7508749379

Asia          : +964 7718835920

Normal     :   +964 533361295

Email  : [email protected]
© Copyright 2015 . Hemû mafên portala ROJNEWS Ajansa Nûçeyan a Roj hatine parastin